رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر ماتۆڕسوارێک سەرپێچیی یاسا بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێت. هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت: "پێویستە داوا لە خاوەن چێشتخانەکان بکرێت، ئەو ماتۆڕانەی تۆمارنەکراون، کاریان پێ نەدەن."
هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پێویستە ماتۆڕسواران، ماتۆڕسکیلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ تۆماربکەن.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، عەمید ئاسۆ محەممەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باشترین چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ خاوەن چێشتخانە و کۆمپانیاکان قسە بکرێت و پێیان بگوترێت کار نەدەنە ئەو ماتۆڕسوارانەی ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمارنەکراون."
بەڕێوبەری ھاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: "ئەو ماتۆڕسوارانەی لە کار وەردەگیرێن، پێویستە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلیان هەبێت و ماتۆڕسکلیەکەیشیان تۆمارکرابێت؛ هەروەها مەرجی سەلامەتی وەک دەستکێش و کڵاویان هەبێت و کۆدی شوێنەکە بە ماتۆڕەکەوە بێت تاوەکو هەموو ماتۆڕسکیلێک بناسرێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەندێ لە ماتۆڕسوارەکان لە ترافیک لایتی سوور ناوەستن، بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکان دەڕۆن و رێزی مافی شۆفێر و ئۆتۆمبێلە پیادەکان لە ترافیک لایت و شەقامەکان ناگرن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەندێ لە ماتۆڕسوارەکان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکەش، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکانیان دا دەگیرێت."
وەک هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت:"مۆڵەت دراوەتە کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن (دیلیڤەری) تاوەکو خۆیان لەگەڵ یاساکانی هاتووچۆ بگونجێنن، بە پێچەوانەوە، لە ئایندەیەکی نزیک هەر کۆمپانیا و ماتۆڕسوارێک تۆمارنەکرابێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت."
9-2-2025 تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونێکی وردی بۆ بابەتی ماتۆڕسکیلەکان کرد.
لە بەدواداچوونەکەدا دەرکەوت، 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان ماتۆڕسکیل تۆمارناکرێت، زۆربەی ئەوانەی دەهێنرێن بە قاچاخ هاوردە دەکرێن و لێرە پارچەکانیان دەبەسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ