رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ئەنەکەسە و نوێنەری فەرەنسا بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کۆببنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ (سێشەممە، 24-12-2024) شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەگەڵ نوێنەری فەرەنسا کۆدەبێتەوە."
ئەم کۆبوونەوەیە، دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی هەسەدە و ئەنەکەسە دێت، کە نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنسا تێیدا ئامادەبوون. سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت "کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بۆ تاوتوێکردنی یەکهەڵوێستی و یەکدەنگیی کوردە."
دوای کۆبوونەوەکەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەنەکەسە لە راگەیێندراوێکدا گوتی کۆبوونەوەکە بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کورد بووە لە چوارچێوەی سووریای نوێدا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدەش راگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پرسی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا."
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی ئەرێنی بوون و رێککەوتین دیالۆگ بەردەوام بێت. لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان هەردوولا دەکرێت."
تاوەکو ئەمڕۆ، کاتی دووەم کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ