رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی تاشینی سمێڵی پێشمەرگە کاکەییەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوانەی بە تاشینی سمێڵی پێشمەرگەیەک دەیانەوێت سوکایەتی بە کورد و کوردستان بکەن، تێناگەن لەوەی ئەوە لە زەلیلی و داماوییانەوەیە بەرامبەر پێشمەرگە."
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "پیاوەتی و جوامێریی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و جەنگی دژی دیکتاتۆریەتدا تاقیکراوەتەوە، ئێوە بەم کارەتان جگە لە بێڕێزی بەرامبەر کۆی بەها مرۆڤایەتی و ئایینییەکانی پێکهاتەیەکی گرنگی کوردستان و عێراق و ماناکانی ژیانی پێکەوەیی و بێبایەخکردنی هەر هەوڵێک بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و بەرەنگاری مەترسییەکانی داعش و تیرۆر لەو ناوچانە و شکاندنی شکۆی خۆتان هیچی دیکەتان نەکردووە."
لە راگەیێندراوەکەی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ئامادەیی ئەوەش نیشاندراوە "بۆ تەواوی هاوکاری و پشتیوانی لەو برا پێشمەرگەیە لەڕووی یاساییەوە."
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داواش دەکات، لایەنی دەسەڵاتداری عێراق لە حکومەتی عێراق سزای تاوانباران بدەن و قەرەبووی دەروونی و ماددیی بکەنەوە، "تاوەکو کەسی دیکە و لە کاتی دیکە بوێریی ئەم جۆرە کارانەی نەبێت بەرامبەر پێشمەرگە وەکو هێزێکی دەستووری لە عێراقدا."
ئەیمەن عەبد کاکەیی تەمەن 30 ساڵ، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، ئەو جگە لەوەی پێشمەرگەیە، کرێکارە و لە کاتی کارکردن چەند چەکدارێک لەنزیک ئامرلی دەیبەن و سوکایەتیی پێدەکەن و سەر و سمێڵی دەتاشن.
ئەیمەن عەبد کاکەیی، پێشمەرگە لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت، "کە جامەکانی گرت، بۆکزێکی کێشا بە لووتمدا، سەرمی تاشی، هات دەست بۆ سمێڵم ببات، نەمهێشت و گوتی دەستت بێنە خوارەوە، میلی چەکی هێنایەوە و بە دوو کەسەوە دەستیان گرتم و سمێڵیان تاشیم. ئەوان سەر بە حەشدی شەعبی بوون و لە ئامرلییەوە هاتبوون و گەڕابوونەوە بۆ ئەوێش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ