لە کەلار زیاتر لە 291 دۆنم زەویی دەکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون و خاوەن زەوییەکان ناڕازین

24-06-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن کەلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کەلار بڕیارە 291 دۆنم زەوی بکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون. خاوەنی یەکێک لە پارچە زەوییەکان دەڵێت "بژێوی ژیانی زیاتر لە 70 خێزان لەسەر ئەو زەوییانەیە." گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت: "ئەو زەوییانە موڵکی شارەوانین، بەڵام هەڵەیەکی تەکنیکی و هونەری هەبووە و کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکرێت." 
 
رۆژی شەممە 24-06-2023 نەوزاد محەممەد، کە بنەماڵەکەیان خاوەنی 84 دۆنم زەوییە لەو ناوچەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 28-04-1973ـەوە زەویمان وەرگرتووە کە گرێبەستە و هەموو ساڵێک نوێ دەکرایەوە، تاوەکو 2009 مۆڵەتی باخ، سیاج، بیری ئیرتیوازی و چەندین بابەتی دیکەمان وەرگرتووە و بووەتە زەویی کشتوکاڵی، بەڵام ئێستا دەڵێن دەکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون".
 
بەگوتەی نەوزاد محەممەد، ئەو زەوییانە 751 دۆنمن و زەویی کشتوکاڵین، ئەو  دەڵێت: "ئەو 751 دۆنم زەوییە موڵکی 12 جووتیارن، بەڵام بژێویی ژیانی زیاتر لە 70 خێزانیان لەسەرە، هەر بنەماڵەی ئێمە نۆ خێزان بژێوی ژیانی لەسەر ئەو زەوییانەیە، لە کاتێکدا بەبێ پرسی ئێمە کۆمپانیا سەردانی زەوییەکانی کردووە و دەستی بە کارکردن کردووە، قسەمان لەگەڵ کردوون دەڵێن شارەوانی کەلار ئەوانی ناردووەتە سەر زەوییەکان و مۆڵەتی پێداون، کە سەردانی شارەوانیشمان کرد دەبینین تاپۆیەکی ساڵی 1987ـیان هەیە کە کاتی خۆی بەعس بە نهێنی کردوویەتی بە ناوی شارەوانی رزگاری و هەر 751 دۆنم زەوییەکەیان گواستووەتەوە سەر شارەوانی".
 
نەوزاد محەممەد دەڵێت، شارەوانی کەلار بە خاوەن زەوییەکانی گوتووە دوای دروستکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکان کۆمپانیای پەیوەندیدار قەرەبووتان دەکاتەوە، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە و دەشڵێت "دەڵێن دوای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون هەر یەکێک خانوویەکی پێ دەدرێت لە یەکەکان، بەڵام ئەوە بە دوو دەفتەریش لەسەر کۆمپانیا ناکەوێت لە کاتێکدا بە تەنیشتی ئێمەوە یەک دۆنم زەوی بە حەوت دەفتەر دۆلار فرۆشراوە".
 
بە گوتەی نەوزاد محەممەد، هەموو 751 دۆنم زەوییەکە ناکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون و تەنیا 290 دۆنمی دەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی زەوییەکان بەش بەشن، بۆ دروستکردنی یەکەکان لە هەر زەوییەک بەشێک دەبردرێت و بەوەش زەوییەکانیان "بەکەڵکی هیچ نامێنێت". 
 
گوتەیێژی ئیدارەی گەرمیان: بۆ میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی جووتیارەکان، لیژنە پێکهێنراوە
 
چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو زەوییانەی ئەو پڕۆژەیەیان لەسەر دروست دەکرێت، لە دوای دروستبوونی ناحیەی رزگاری کوژاونەتەوە و خراونەتە سەر شارەوانی، بەڵام دواتر گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ جووتیارەکان کراوە و پڕۆژەیان تێدا دروستکردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوە، کە کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو جووتیارانە بە قەرەبووکردنەوە بێت یان بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان بە گوێرەیی یاسا و رێنماییەکان گرفتەکانیان چارەسەربکرێت".
 
بەگوتەی گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە بە چ شێوەیەک جووتیارەکان قەرەبوودەکرێنەوە و دەڵێت: "زەوییەکە موڵکی شارەوانییە و تەنیا چەند گرفتێکی تەکنیکی و هونەری هەبووە و لیژنەکە کار بۆ چارەسەرکردنی دەکات".
 
وەبەرهێنانی گەرمیان: مۆڵەتمان هەیە 290 دۆنم زەوی بکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون 
 
هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر پڕۆژەیەک پێشکێشی ئێمە بکرێت، ئێمە وەکو وەبەرهێنان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکەین کە شارەوانییە یان کشتوکاڵە، ئەوان پێشنیازی زەوییەک دەکەن و تەرخانی دەکەن، بەپێی مادەی 4ـی ژمارە6ـی یاسای وەبەرهێنانی ساڵی 2006، ئێمە هەر نووسراوێکمان کرد بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی دابینکردنی زەوی و، ئەوانیش رەزامەندیان دا بە پێشنیاز یان تەرخانکردن، ئێمە وای دادەنێین ئەو زەوییە هیچ کیشەی نییە".
 
بەگوتەی هونەر مەحموود، ئەوان دەستبەرکاربوون، چونکە بەشێوەیەک ئەو زەوییە ئاراستەیان کراوە کە بێکێشەیە و تەرخانکراوە بۆ کۆمپانیای دەشتی بەرلووت. بەگوێرەی رێنمایی ژمارە 3ـی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانیش هەر کاتێک هەر وەبەرهێنەرێک زەویی خۆی بوو لە پێشینە دەدرێتە ئەو لایەنانە، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکیان پێبدرێت لەسەر پارچە زەوییەکە کۆمپانیاش ئامادەیی دەربڕیوە، هەر جۆرە قەرەبووکردنەوەیەک بەگوێرەی یاسا بێت، بیکات. 
 
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان دەشڵێت، هەموو 751 دۆنم زەوییەکە ناکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون، جگە لە 290 دۆنم زەویی کە تەنیا باخێکی لەسەرە و، هەزار و 258 خانووی لەسەر دروست دەکریت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە