کوردستان
وێنەیەکی گشتیی هەولێر لەنێو پارکێکەوە گیراوە و چەند باڵەخانەیەک دەرکەوتوون؛ وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، ئەم ساڵ چوار پارکی گەورە لە هەولێر دەکرێنەوە، پارکەکان لەسەر رووبەری 349 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێن و 35 هەزار داریان تێدا دەچێندرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، سەروەر وەیسی، بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەردەوام پلانی زیادکردنی رێژەی سەوزایییان هەیە، لە هەرچوار دەروازەی 120ـی یەکتربڕەکان دەکرێنە سەوزایی، دەروازەی کەسنەزان، پیرمام و موسڵ تەواو بوون، تەنیا کەرکووک ماوە کارکردن لەوێش دەستیپێکردووە.
لەبارەی ئەو چوار پارکەی کە ئەم ساڵ تەواو دەبن. بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی، لەسەر رووبەری 205 هەزار مەتر دووجا کە یەکسانە بە 80 دۆنم، پارکی سەوزایی یەکتربڕی شەقامی 120 بە گوژمەی چوار ملیار دینار دروستکراوە، کە هەشت هەزار داری جۆراوجۆری لێدەچێندرێت، 70%ـی کارەکانی تەواو بووە و دوو مانگی دیکە تەواو دەبێت.
وەک سەروەر وەیسی دەڵێت، دووەمیان پارکی رەشکینە لە شەقامی 120ـی هەولێر بە گوژمەی 15 ملیار دینار لەسەر رووبەری 116 هەزار مەتر دووجا دروستدەکرێت و 40%ـی کارەکانی تەواو بووە، 16 هەزار داری لێدەچێندرێت، گەورەترین نافوورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پارکەکە دروستدەکرێت.
بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی، دوو پارکی دیکەش لە گەڕەکی نازناز و گەڕەکی ژیان لەسەر رووبەری 28 هەزار مەتر دووجا دروستدەکرێن، کە 11 هەزار داریان لێدەچێندرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەکرێن.
بە گوتەی سەروەر وەیسی، ئەو پارکەی لە گەڕەکی نازناز دروست دەکرێت لەسەر شێوازی چینییەکانە، واتە بە کولتووری خۆیان دروستی دەکەن، دروستکردنی ئەو پارکە لەسەر داوای چینییەکان بووە و خۆشیان تێچووەکەیان بۆ دابین کردووە، 70% کارەکانی تەواو بووە و سێ مانگی دیکە دەکرێتەوە.
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2023، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، پێشوازیان لە کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی پارکێکی گەورە کرا، کە بە دیزاینێکی سەردەمیانە، لەسەر شێوازی چینی و بە رووبەری 11 هەزار مەتر چوارگۆشە، لەلایەن کۆنسووڵخانەی چینەوە لە شاری هەولێر دروست دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ