ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ

24-04-2016
فەرمان چۆمانی
...
...
نیشانەکردن قەڵادزێ
A+ A-
رووداو - قەڵادزێ

24-4 ی ساڵی 1974 کاتێک هاونیشتمانیانی قەڵادزێ سەرقاڵی ژیانی تایبەتی خۆیان بوون، چوار فڕۆکەی سیخۆی حکومەتی بەعسی رووخاو بۆمبارانی کردن، بەم هۆیەوە 130 هاونیشتمانی شەهیدبوون و 240 کەسی دیکەش بریندار بوون.


ئازاد ئەحمەد، کەسوکاری یەکێک لە شەهیدانی 24-4 ساڵی 1974 بۆ رووداو گوتی " ئەو رۆژە رۆژی ماتەمینی گەلی کوردە و بۆ قەڵادزێیەکانیش رۆژێکی رەشی پڕ شکۆدارە، لەم رۆژەدا باوکم لەنێوەڕاستی قەڵادزێ بووە و ویستوویەتی لە شەقام بپەڕێتەوە بە پارچەیەک لە تۆپی ناپاڵم سەری پەڕیووە و چەند هەنگاوێک بەبێ سەری رۆیشتووە".

لە گۆڕستانێک دایکێک و هەشت منداڵ هەن، کە لە 24-4-1974 شەهید بوونە، ئەوان هاوسەر و منداڵی ئەحمەدی حاجی سابیرن، ئەو پیاوەی کە ماوەی 33 ساڵ بەهۆی کاریگەری ئەم رووداوە جلی رەشی پۆشی و ناسناوی پیاوە رەش پۆشەکەی قەڵادزێی پێدرا.

رزگار ئەحمەد حاجی سابیر، سەبارەت بەوڕۆژە و بۆ رووداو گوتی "بۆمبێک بەماڵی ئێمە کەوت، دایکم و پێنج برا و سێ خوشکم شەهید بوون، دوای پێنج ساڵ باوکم ژنی هێنایەوە، بەڵام ئەو تا ئەو کاتەی گیانی سپارد جلی رەشیدانەنا و جەژن و سەیرانی نەکرد، هەروەها ناوی ئێمەشی بەناوی منداڵەشەهیدەکانی کردۆتەوە".

لە24-4-1982 هاونیشتمانیانی قەڵادزێ بڕیاریاندا یادی بۆمبارانی شارۆچکەکەیان بکەنەوە، بەڵام ئەم یادکردنەوە بۆ  راپەڕین گۆڕدراو حکومەتی بەعسی رووخاویش بە هێزی چەکداری کۆتایی بەڕاپەڕینەکە هێنا.

عومەر نورەدینی، بەشداربووی راپەڕینی ساڵی 1982 سەبارەت بەو رۆژە بۆ رووداو دەڵێت " لەبەرەبەیانی ئەو رۆژەدا هاتین بۆ یادکردنەوەی رووداوەکە و لەسەر گۆڕستان بووین، بەڵام هێرشمان کرایەسەر و دوو شێرە ژنیان لێ شەهید کردین و ئێمەش کە 60 خوێندکار بووین دەستگیر کراین".

24-4-1974   بە رۆژی شەهیدی زانکۆش ئەژمار دەکرێت، چونکە لەم رۆژەدا لە قەڵادزێ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی شەهید کران، کە ئەو کات بەشێوەی کاتی زانکۆکە لە ترسی حکومەتی بەعسی رووخاو بۆ قەڵادزێ گوازرابوویەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە