رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کەجەکە دەڵێت، دەبێت حکومەتی تورکیا رێگەبدات ئۆجەلان بەشێوەیەکی ڤیدیۆیی پەیامەکەی بڵاوبکاتەوە.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رۆژی دووشەممە، 24ی شوباتی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشێوەیەکی ڤیدیۆیی پەیامەکەی بڵاوبکاتەوە، گوتیشی، ''بەم شێوەیە کاریگەریی دەبێت''.
هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە جەختیکردەوە، ''دەبێت هەلومەرجەکانی سەرۆک ئاپۆ گۆڕانکارییان تێدا بکرێت. دەبێت ئازاد بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت و پرۆسەی وەچەرخانی دیموکراسی بنیاد بنێت و بەڕێوەی ببات''.
هۆزات هەر لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش کرد، ''دەسەڵات دەڵێت با بانگەواز بکات، بەڵام بە نووسراو بێت، خۆشی نا، بەڵکو کەسانێکی دیکە پەیامەکە وەربگرن و بە ناوی ئەو (ئۆجەلان) بیخوێننەوە. ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین، ئەمە قەناعەتپێکەر نییە و هیچ کاریگەرییەکیشی نابێت''.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025 لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین، بەڕێزیان کۆتایی مانگ یان سەرەتای مانگی داهاتوو بڵاویبکاتەوە. پێشبینی دەکەین لە پەیامەکەدا نەخشەڕێگەی نوێی پرۆسەی ئاشتی رابگەیێنێت. نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەی کورد بەڕێگەی دیموکراسی و ئاشتی بگیرێتەبەر."
یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، لەبارەی شێوازی بڵاوکردنەوەی پەیامەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە باسی لەوە کرد، ''بە گوێرەی یاسای ئێمە زیندانیکراوان ناتوانن پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوبکەنەوە. وڵاتەکەمان شتێک ناکات ببێتە هۆی ئازاردانی هەستی کەسوکاری شەهیدانمان''.
گفتوگۆکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری چۆن دەستیانپێکرد؟
لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازبکات.
شاندی دەم پارتی تاوەکو ئێستا دوو جار سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند. رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە پەیامەکانیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە شاندەکە، هەفتەی رابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و نێوەڕۆکی پەیامەکانی ئۆجەلانیان تاوتوێکرد.
دواتر سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوایین وێستگەش لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ