ئایدن مەعرووف: لەکاتی پێکهێنانی کابینەی نوێ پێویستە وەک نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت

24-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان دەڵێت، "ئەو ستەمەی لە کەمکردنەوەی کورسی کۆتا لێمانکرا، لە دابەشکردنی پۆستەکان پێویستە قەرەبوو بکرێینەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، ئایدن مەعرووف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا سەردانی هیچ کام لە پێکهاتەکان نەکراوە، بەڵام ئێمە لە کابینەی داهاتوو بەشدار دەبین وەک کابینەکانی رابردوو پۆستمان دەبێت."
 
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان دەڵێت: "پێویستە وەک نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت و بەشداریکردنمان لە کابینەی داهاتوو لە ئاستێکی باشدا بێت."
 
نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیووە. بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی و یەكێتی لە کۆبوونەوە بەردەوامن و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
 
لەو بارەیەوە ئایدن مەعرووف گوتی "پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئێمە چاوەڕێی رێککەوتنی پارتی و یەکێتین."
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو. دواتر بڕیاریدا لە 100 کورسی پەرلەمانی پێنجی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێت.
 
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان دەڵێت: "لە بابەتی کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان ستەممان لێکرا و ئەمە نادادپەرەوەری بوو بەرامبەر پێکهاتەکان، بۆیە پێویستە لە دابەشکردنی پۆستەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بەشداربین لە وەزارەتە سیادییەکان و خزمەتگوزارییەکانی وەک کشتوکاڵی، کارەبا و بازرگانی."
 
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەدا، پێویستە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نوێنەریان هەبێت و جێگایان بکرێتەوە، "چونکە ئەمە بۆ ئێمە لە رووی مەعنەوەیەوە گرنگە."
 
دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقی پابەند کرد؛ پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکھاتەکان تەرخان بکرێت بە شێوەیەک، دوو کورسی بۆ هەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانى و کورسیەکى پێکھاتەکان بۆ دهۆک بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''