هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

23-06-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ ئەوەدایە گفتوگۆ کردارییەکان لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بخرێتە دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت. سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، "لە هەموو بارێکدا وادەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردسان لە دواى 18ـی کانوونى یەکەمەوە دەستپێدەکات."
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕیارەى کە گفتوگۆکان بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق دوابخات.
 
بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو بڕیارە بەهۆى ئەوەیە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بەهۆی سەرقاڵبوونی بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ناتوانێت هەنگاوى کرداری بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بنێت.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "رەنگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەوێتە چارەکى یەکەمى ساڵى 2024."
 
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022  پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەفتەى داهاتوو کۆمیسیۆن کۆوبونەوەى هەفتانەى خۆى دەکات و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکێک دەبێت لەو پرسانەى تاوتوێى دەکات کە ئایا گفتوگۆکان لەسەرى دوادەخات یان ئەو وادەیە یەکلادەکرێتەوە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکەى تێدا بکرێت.
 
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستمان بە شەش مانگ ئامادەکارى هەیە بۆ هەڵبژاردن، لە هەموو بارێکدا وادەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردسان لە دواى 18ـى کانوونى یەکەمەوە دەستپێدەکات."
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا کە جیاوازى لەنێوان یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و هەڵبژاردنەکانى عێراقدا هەیە، ئەوەى لە هەرێمى کوردستان هەیە تۆمارى دەنگدان کاخەزییە و ژماردن و جیاکردنەوەى دەنگدان بە دەستە، لەکاتێکدا کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئەو دوو پرۆسەیە سیستمى ئەلیکترۆنى پەیڕەو دەکات، بۆیە دەبێت لەوبارەیەوە رێککەوتن بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."