گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە دەروێشان و موریدانی تەریقەتی قادریی ویلیانی، لەژێر سێبەری تەکیەی مێژوویی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی، دڵیان بە یادی خودا نوێ دەکەنەوە. بە ئەڵقە بەستن و زیکر و حاڵگرتن لەبەردەم شێخی ئێستای تەریقەت، شێخ وریا شێخ سەعید بەرزنجی، گەشتێکی رووحیی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.
 
دەروێشەکان بە گوتنی موناجات فەزایەکی پڕ لە خشوع و بیرکردنەوە لە خودا دروست دەکەن. هەندێک لە دەروێشان بە پێوە دەوەستن و بە لێدانی دەف، ریتمێکی تایبەت دەژەنن. لە پڕێکدا و بە هێزی دەنگێکی زاڵی موناجات، هەمووان هەڵدەستن و دەکەونە ناو حاڵەتێکەوە کە خۆیان ناوی دەنێن "جەزبە". ئەمە ئەو ساتەیە کە هەست دەکەن لە خوداوە نزیکترن، دەرگەی دڵیان دەکەنەوە و داوای لێخۆشبوون و بەزەیی دەکەن.
 
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم رێوڕەسمە، ئەو گەشتە دوورودرێژەیە کە دەروێشان "بە زیکر و حاڵەوە" دەست پێدەکەن. ئەوان بە زیاتر لە 40 گوند و شوێنی جیاوازی ئاکرێ و ناوچەی گۆراندا دەگەڕێن، ئەوان دەڵێن، پەیامی ئاشتی و رووحانیەت بڵاودەکەنەوە.
 
رەگ و ریشەی ئەم رێوڕەسمە دەگەڕێتەوە بۆ شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی، کوڕی سوڵتانی ئەولیا، شێخ عەبدولقادری گەیلانی. شێخ عەبدولعەزیز، کە لە ساڵی 532ی کۆچی لە بەغدا لەدایکبووە، بەشێکی گرنگی ژیانی لە ئاکرێ بەسەر بردووە و هەر لەوێش لە ساڵی 602ی کۆچی دوایی کردووە. گڵکۆی لە ئاکرێیە و تەکیەکەی بووەتە ناوەندێکی گرنگی رووحی بۆ شوێنکەوتووانی تەریقەتی قادریی ویلیانی.
 
ئەم ساڵ زیاتر لە 300 دەروێش و مورید بەشدارییان لەو گەشتە رووحییەدا کرد.
 
کۆڕی زیکری ساڵانەی تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز لە ئاکرێ، نمایشێکی زیندووی باوەڕ، خۆشەویستی بۆ خودا و رێزگرتنە لە میراتی سۆفیگەری، کە تێیدا زیکر، دەف، گەشتی رووحی و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی، هەموویان پێکەوە وێنەیەکی جوانی پەرستش و نزیکبوونەوە لە یەزدان دەنەخشێنن.