رووداو - هه‌ولێر
كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆما جڤاكێن كوردستان- كه‌جه‌كه رایدەگەیێنێ، گه‌ریلاکانی په‌که‌که لە شنگال ئه‌رکی خۆیان به‌ته‌واوی بەجێهێناوە، بۆیە ده‌کشێنه‌وه.
کەجەکە رۆژی هەینی 23-3-2018 راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بارودۆخی 3ی ئابی 2014 له شنگال کۆتاییهاتووه، ئێزدی ئیدی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی رێکخراون و شنگال و ده‌وروبه‌ری ئارامه، له‌به‌رئه‌وه گه‌ریلاکانمان ده‌کشێنینه‌وه. گه‌ریلا بۆئه‌وه‌ی ئێزدییه‌کان بپارێزن ده‌ستوه‌ردانیان له شنگال کرد، هه‌ربۆیه گه‌ریلا به دڵێکی خۆش و ئارام ئامانجی خۆیان سه‌رخست و له شنگال ده‌کشێنه‌وه".
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "گه‌ریلاكان رووبه‌ڕووی هێرشه سه‌خته‌كانی داعش بوونه‌وه و رێگرییان له سه‌رهه‌ڵدانی پاكتاوی نه‌ژادی له شنگال و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری کرد، گه‌ریلا بۆ رزگاركردنی ئێزدییه‌كان به‌هانایانه‌وه چوون و ته‌حه‌دای هه‌موو جۆره گوشار و ئاستهنگهكانیان كرد".
کەجەکە هێرشی داعشی بۆ شنگال وەبیرهێناوەتەوە و رایگەیاندووە: "داعش که دووژمنی مرۆڤایه‌تییه، به‌هاوکاری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاکه‌په سه‌ره‌تا موسڵی داگیرکرد، دوای ئه‌وه هێرشیکرده سه‌ر شنگال، کۆمه‌ڵکوژییه‌کی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئێزدییان پێکهێنا و ئێزدییه‌کان ئه‌وه به کۆمه‌ڵکوژی 74هه‌مین ناوده‌به‌ن. سه‌ره‌تا 12 گه‌ریلای فیدایی ده‌ستێوه‌ردانیان کرد و دواتر گه‌ریلاکانی هه‌په‌گه و یه‌ژاستار رێ‌یان له‌و کۆمه‌ڵکوژییه گرت، به‌وشێوه‌یه گه‌ریلاکان مرۆڤایه‌تییان له تاوانێکی گران و زاڵمانه و بێڕه‌حمانه رزگارکرد، به‌رخۆدانی گه‌ریلا له شنگال بووه به‌رخۆدانی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی".
کەجەکە جەختیکردووەتەوە کە "هه‌ر كاتێك هێرش له باكوور، رۆژئاوا، باشوور و عێراق یان لە هەر شوێنێکی دیکە بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه پشتیوانی برایانی ئێزدی ده‌بین و هیچ گومانێكیان نه‌بێت كه پشت و پهنایانین".
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دوای ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی داعش تێکشکێنرا، شنگالییه‌کان هه‌وڵیاندا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق دانوستاندن بکه‌ن و کێشه‌کانی خۆیان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ربکه‌ن، حکومه‌تی عێراقیش بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئێزدییه‌کان بداته‌وه، که‌وته هه‌وڵدان. له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ریلاکان ئه‌رکی خۆیان له پاراستنی ئێزدییه‌کان به ته‌واوی جێبه‌جێکرد، هه‌روها حکومه‌تی عێراقیش به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی نزیکی داخوازییه‌کانی ئێزدییه‌کان ده‌بێته‌وه، بڕیارماندا هێزه‌کانی خۆمان له شه‌نگال بکشێنینه‌وه".
کەجەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: "ته‌ڤگه‌ری ئێمه به‌هه‌ستیاری نزیکی پرسی ئێزدییه‌کان بووه‌ته‌وه و رێبه‌ر ئاپۆش به‌رده‌وام بۆ پاراستنی ئێزدییه‌کان هه‌موو کاتێک هۆشداری داوه‌ته ته‌ڤگه‌ری ئێمه، قسه‌کانی رێبه‌ر ئاپۆ هه‌میشه بۆ ئێمه بوونه‌ته رێنمایی، هه‌ربۆیه بێ شک و گومان له هه‌ر کوێیه‌ک پێویست بکات ئێمه ئاماده‌ین بۆ پاراستنی ئێزدییه‌کان".
دەشڵێت: "ئێمه به‌ڕێزه‌وه هه‌موو ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی له تێکۆشانی رزگارکردنی ئێزدییه‌کاندا شه‌هیدبوون، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ی له‌کاتی به‌رگری و خۆپاراستن و رزگارکردنی شنگالدا شه‌هیدبوون، به‌بیردێنینه‌وه".
یەکەمجارە کەجەکە بڕیاربدات لە شنگال بکشێتەوە. دەرکردنی ئەو بڕیارەش لەکاتێکدایە لەدوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رۆژانە هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشی زەمینی دەکەنە سەر شنگال و قەندیلیش.
هەروەها رۆژی 7-3-2018 ئەنجووومەنی پارێزگای نەینەوا هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی نێو شنگالی ئاگادارکردەوە لە ماوەی 10 رۆژدا سەرجەم بارەگا حکومییەکانی قەزاکە چۆڵبکەن و لە قەزاکە بکشێنەوە.
ئەوکات بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "داوامان لە هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی نێو شنگال کردووە لە ماوەی 10 رۆژدا سەرجەم بارەگا حکومییەکانی قەزاکە چۆڵبکەن و لە قەزاکەش دەربچن. هێزی جۆراوجۆر لە قەزاکە هەن و سەر بە حەشدی شەعبی و پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکەن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردوو 7-3-2018ی ئەنجوومەنەکە بە ئامادەبوونی قائیمقامی شنگال و سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال دەرکراوە، ئەوان داوایان کردووە هێزە جۆراجۆرەکان لە قەزاکە بچنەدەرەوە بۆئەوەی خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە و ئاسایشیان سەقامگیربێت.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە مانگی ئابی 2014 دا، هێزێکی پەکەکە چووە شنگال، هەر ئەو هێزانە رێڕەوێکیان بۆ ئاودیوبوونی خەڵکی ئێزدی بۆ نێو خاکی سووریا کردەوە، بۆئەوەی لەوێوە ئاودیوی سنووری هەرێمی کوردستان ببنەوە. دوای ماوەیەک سێ هێزی جیاجیا لەلایەن پەکەکەوە دروستکران و ئێستاشی لەگەڵ بێت بڕیار و راسپاردە لە قەندیلەوە وەردەگرن.
پێش گشت‌پرسیی 25ی ئەیلوولی2017ی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، زۆربەی خاکی شنگال بەدەست هێزی پێشمەرگەوە بوو، بەڵام کاتێک سوپا و پۆلیسی عێراق شانبەشانی هێزەکانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژی 17ی ئۆکتۆبەردا شنگالیان چۆڵکرد، هێزەکانی حەشد و سوپای عێراقیش لەوکاتەدا هیچ کێشەیەکیان بۆ هێزەکانی یەپەگە و یەبەشە دروستنەکرد، بۆیە ئەو هێزانە هەر لە خانەسۆر مانەوە و رووبەری 15 کیلۆمەتر سنووری نێوان عێراق و سووریایان لەژێر دەستدا مایەوە.
شنگال 50 کیلۆمەتر لە سنووری سووریاوە دوورە، رێک لە باشووری پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە و 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە. شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بەشێکن لە پارێزگای نەینەوا، بەپێی دەستووری 2005ی عێراق، شنگال یەکێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی عێراقە. لە ساڵی 2003 شەوە تاوەکو 2014 بەشێوەیەکی دیفاکتۆ لەژێر دەسەڵات و چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو.
بەپێی ئامارەکان لە هێرشەکەی داعش لە 3ـی ئابی 2014 دا بۆ سەر شنگال، زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی رفێندران و نیوەی ئەو ژمارەیەش ئازادکراون، سەتانیشیان شەهید و برینداربوون.



