بایدن لە کەرکووک

24-02-2021
نەوزاد مەحموود
سەردانیجۆ بایدن بۆ کەرکووک لە ساڵی 2009
سەردانیجۆ بایدن بۆ کەرکووک لە ساڵی 2009
نیشانەکردن جۆ بایدن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کورد بە هیوایەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەو چوارساڵەی جۆ بایدن سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات.بەتایبەت بۆ ساخکردنەوەی ناسنامەی کەرکووک و کێشە دیمۆگرافی و سیاسییەکانی. 
 
چیرۆکی لە نزیکەوە ئاشنابوونی ئەم سەرۆکە ئەمریکییە بە گرێ ورد و ئاڵۆزەکانی کەرکووک، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 13 کانوونی دووەمی 2009، کاتێک سەردانی شارەکەی کرد و لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی ئەو شارە کۆبوویەوە.
 
بایدن هاتبوو بۆ ئەوەی پوختەی پرۆژەیەکی هاوبەش لە پێکهاتە نەتەوەییە ناکۆکەکانی کەرکووک وەربگرێت و بیکاتە بنەمایەک بۆ ئەوەی بەهاوکاریی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرلایەک پێداگریی لەسەر داخوازییەکانی خۆی دەکرد، بێئەنجام گەڕایەوە واشنتن.
 
جۆ بایدن، خاوەنی پرۆژە بەنێوبانگەکەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سێ هەرێمی فیدراڵی، لە 26ی ئەیلوولی 2007دا پرۆژەکەی بردە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و بە 75 دەنگی بەڵێ و 23 دەنگی نەخێر و دەنگنەدانی دوو ئەندام، پەسندکرا، بەڵام تەنیا وەکو بڕیارێکی (نامولزەم) کە مەرج نییە جێبەجێ بکرێ، مایەوە. 
 
ئێستا کە جۆ بایدن چل و شەشەمین سەرۆکی ئەمریکایە، لەو رۆژەوەی سەردانی کەرکووکی کردووە تاوەکو ئێستا گۆڕانکاری زۆر لەو شارەدا روویانداوە.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تایبەت بۆ رووداو باسی تێڕوانینی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکات بۆ کێشەی کەرکووک و دەڵێ :"ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەر پرسێکی نێوانیان، ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕوای وایە، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە نێو عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتوودا گرنگە بۆ سەقامگیریی عێراق لە درێژخایەندا و بەردەوامیدان بە تێکشکاندنی داعش".
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێ :"ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم، کاتێک کاردەکەن لەسەر ئەو پرسانەی سودیان بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت.''  
 
ئاڵای کورد لە پەیکەرە سیمبولییەکەی پێشمەرگە داماڵراوە و ئاڵایەکی عێراقی دراوەتە دەست. شەقامەکان بە ئاڵای گرووپ و حیزب و میلیشیاکان، ناسنامەی سیاسی و تائیفی نوێ نمایشدەکەن. دانیشتووانەکەی لەوە دەترسێن، پریشکی ناکۆکییەکان لە سیاسەتەوە بپەڕێتەوە نێو خەڵک.
 
بەشێک لە هاونیشتمانیانی شارەکە رەخنەی ئەوە لە پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک دەگرن، تەنیا بایەخ بە ناوچە عەرەبنشینەکان دەدات. لێرە کورد بە گلەیی و تورکمان بێدەنگ و عەرەبیش وادەردەکەون لە دۆخی ئێستای پارێزگاکە ناڕازی نەبن.
 
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک 279 هەزار کەس بووە، 178 هەزار کورد، 48 هەزار عەرەب، 43 هەزار تورکمان و 10 هەزار کریستیانی تێدا بووە. بەڵام بەدرێژایی سەدەی رابردوو، حکومەتەکانی عێراق کاریان لەسەر گۆڕینی باری دیمۆگرافی شارەکە کردووە بۆ ئەوەی یەکلاییکردنەوەی ناسنامە نەتەوەییەکەی سەخت و ئاڵۆز بکەن. بەجۆرێک کە لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا رێژەی کورد بە ئەستەم گەیشتە 50٪ی دانیشتووان. 
 
بەرپرسانی کورد باسی پرۆسەی بەردەوامی بەعەرەبکردن و تەنانەت بە شیعەکردنیش دەکەن. لە مانگەکانی کۆتایی 2019دا، ئامارێکی کۆمپانیای خۆراکی کەرکووک ئاشکرای کرد، لە نێوان مانگەکانی 1 تاوەکو 7ی 2019، 39 هەزار و 286 کەسی عەرەب لە شارۆچکە عەرەبنشینەکانەوە گواستراونەتەوە ناو شاری کەرکووک. 
 
بەرپرسانی کورد دەڵێن سەتان فایلی بەعەرەبکردنی دیکە لە ساڵی 2020 هەن کە بەشێوازی جۆراوجۆر ئاسانکاری بۆ هاتنیان کراوە. ئەوە جگە لەوەی تاوەکو ئێستا جووتیارانی کورد چاوەڕوانی گەڕانەوەی زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی دەکەن کە لێیان زەوتکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوە ئاگادارەکانی پارێزگاکەوە دەستیکەوتوون، تاوەکو ئێستا 8 هەزار عەرەبی هاوردە مامەڵەی گەڕانەوەیان لە نووسینگەی ماددەی 140 ماوەتەوە و کاری لەسەر نەکراوە. هەروەها 15 هەزار خێزانی ئاوارەی کوردیش قەرەبوو نەکراونەتەوە. لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا نزیکەی 13 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دانراوە لە کاتێکدا داوای 60 ملیار دینار کراوە. بەپێی ئامارەكانی ئۆفیسی كەركووكی جێبەجێكردنی ماددەی 140، تاوەکو ئێستا 42 هەزار خێزان چەكی قەرەبووكردنەوەیان وەرگرتووە و 20 هەزار چەكی تر ماوە دابەشبكرێت.
 
ئەو بەرپرسە کوردانەی تاوەکو پێش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەرپرسیارێتییان لە کەرکووک هەبووە دەڵێن، بایدن ئەوەندە شارەزایی لە بارەی کەرکووک و کێشەکانییەوە هەیە، بۆ هەر بڕیارێک لەو بارەیەوە پێویستی بە روونکردنەوەی راوێژکارەکانی نییە. چوونکە لە قووڵایی کێشەکان تێگەیشتووە. بەڵام لەوە دڵنیانین، ئاخۆ بایدن و کورسییەکەی لە بارەی کەرکووکەوە وەک یەک بیردەکەنەوە یان نا؟.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.