رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەفتەى داهاتوو ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکات و لە ماوەى 10 رۆژ دواى ئەوە لەسەر بانگهێشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت.
رۆژی هەینی، 22-11-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هەفتەى داهاتوو ئەنجوومەنى کۆمیسیاران ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکات و دەینێرێت بۆ سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان."
رۆژی 18-11-2024 وەڵامى ئەو 41 تانەیە لە لایەن دەستەى دادوەریى هەڵبژاردنەوە گەرێنرایەوە بۆ کۆمیسیۆن کە لە بارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوو و سەرجەمیان رەتکرابوونەوە.
وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە ماوەى 10 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بانگهێشتى پەرلەمان دەکات بۆ کردنی یەکەم کۆبوونەوە و سوێندخواردن ئەگەرنا لە رۆژى 11ەمینی دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان پەرلەمان دەتوانێت خۆى یەکەم کۆبوونەوە بکات"
ئەو رێکارە بۆ کۆبوونەوەى یەکەمى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانە.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم بەڕێوەچوو، پارتى 39 کورسی، یەکێتى بە 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو حەوت کورسی، رەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵ سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانیی کوردستان یەک کورسی بەدەستهێنا.
وەعدى مزوورى رایگەیاند: دواى ئەوەى پەرلەمانتاران سوێند دەخۆن لەو رۆژەوە بە فەرمى مووچە و ئیمتیازی پەرلەمانتاریان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ