چوار حیزبی بەشدار لە هەڵبژاردن: بەڵگەی زۆرمان هەیە کە دەیسەلمێنن ساختەکاری کراوە

22-10-2024
مالیک محەممەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی چوار حیزبەکە لە سلێمانی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی چوار حیزبەکە لە سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەرەی گەل و رەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە سلێمانی ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، "بەڵگەی زۆر و بەهێزمان هەیە کە پێشێلکاری و ساختەکردن هەبووە و دەنگە راستەقینەکانمان وەرنەگرتووەتەوە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی ئۆفیسی ئامار و هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری لە دەستپێکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا رایگەیاند، "ئێمە وەکو هەر چوار حیزبی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل و رەوتی هەڵوێست لە بارەگای کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوەیەکمان لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامەکەی کرد و تێیدا تاوتوێی چەندین پرسی تایبەتمان بەو پرۆسەیە کرد". 
 
بێستوون حەمەساڵح گوتی، "ئێستا لە قۆناخی دەستخستن و کۆکردنەوەی بەڵگەکانداین و ئەو بەڵگانەشی هەن لێکۆڵینەوە و وردبینییان تێدا دەکەین؛ لە رۆژانی داهاتوویشدا سەرجەمیان بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو و ئاراستەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی عێراقیشیان دەکەین".
 
هاوکات فێنک محەممەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بەرەی گەل گوتی، "ئەو پێشێلکاری و ساختەکارییانەی کراون کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆی دەنگی لایەنەکان هەبووە. ئێمە وەکو بەرەی گەل لەوە دڵنیاین ئەو ئەنجامانەی راگەیێندراون بەهیچ شێوەیەک دەنگی ئێمە نین".
 
فێنک محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "بەڵگەی زۆر و بەهێزمان لەبەردەستە. بە دڵنیاییەوە هەموویان دەخەینەڕوو و پیشانی رای گشتی دەدەین و دواتر سکاڵا تۆمار دەکەین". 
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رێبوار کەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست گوتی، "ئێمە بەرگری لە تاکە دەنگێکی دەنگدەرانیشمان دەکەین. بەربژێرمان هەیە کە نە دەنگی خۆی و نە خێزانەکەشی دیار نییە. زیاتر لە 15 بەربژێر لە سلێمانی و 8 بەربژێریش لە هەولێر و دهۆک دەنگیان دیار نییە". 
 
سەبارەت بە بەڵگەکانیان، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، "لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکانین و کۆمەڵێک پسپۆڕی بواری ئەلیکترۆنی و ئایتی لەگەڵمان خەریکی لێکۆڵینەوەن و بەدڵنیاییەوە گەیشتووینەتە سەرەداوی بابەتەکە". 
 
هاوکات ئەم ئێوارەیە ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، سەریان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە سوڕماوە. 
 
ئەنجوومەنی کۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەتدەکەنەوە و "بەدواداچوونی ورد دەكەین لە شێوازی ساختەكارییەكانی ئەم هەڵبژاردنە و بەڵگەكان کۆدەکەینەوە و سكاڵا تۆمار دەكەین". 
 
دوێنی دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە راگەیێندرا.
 
لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، بەرەی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و بەرەی گەلیش 2 کورسییان بەدەستهێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".