گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خولی 14ـەمینی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سۆران بە بەشداریی هەزار و 366 خوێندکار بەڕێوەچوو. 
 
زانکۆی سۆران نزیکەی شەش هەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنن، لە خوێندنی ئەم ساڵدا هەزار و 366 کەس لەو زانکۆیە خوێندنیان تەواو کرد، لەو ژمارەیە هەزار و 278 دەرچوویان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان بەدەستهێنا و 88 کەسیان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بەدەستهێنا.
 
لە گوتارێکدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە خوێندکارە دەرچووەکان کرد و داوای کرد چیتر دەرگای قوتابخانە و پەیمانگە و کۆلێژەکان داخراو نەبن و پەیامێکیشی ئاراستەی مامۆستایان کرد و گوتی، "لە نزیکەوە ئاگاداری دۆختانین و دڵنیابن حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی دۆخەکە دەدات." 
 
رێوڕەسمی ئەم ساڵی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی سۆران لەژێر دروشمی "زانست لەپێناو کوردستانێکی بەهێزدا" بەڕێوەچوو. 
 
ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا 20 هەزار بۆ 25 هەزار خوێندکاری زانکۆ خوێندن تەواو دەکەن، جگە لەو ژمارە دەرچووە کە لە 18 زانکۆی حکومیدا دەخوێنن و خوێندن تەواو دەکەن.
 
زانکۆی سۆران لە پێنج فاکەڵتیی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە: فاکەڵتیی زانست، فاکەڵتیی پەروەردە، فاکەڵتیی ئەندازیاری، فاکەڵتیی  زانستی سیاسیی یاسا و بەڕێوەبردن و فاکەڵتیی ئاداب.