فێستیڤاڵی شانۆی قەزاکان لە چەمچەماڵ بەڕێوەچوو

22-09-2023
پێشەوا بەختیار
پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆیی قەزاکان لە چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆیی قەزاکان لە چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەمچەماڵ بە نوێنەرایەتیی قەزاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی قەزاکانی دەستپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. لەو فێستیڤاڵەدا نۆ قەزا لە هەرێمی کوردستان و دوو گرووپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان کردووە.

بەختیار شەریف، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی چەمچەماڵ لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە بە رووداوی گوت، "بۆ دیاریکردنی باشترینەکانی فێستیڤاڵەکە لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکهێندراوە لە هونەرمەندە بەئەزموون و ئەکادیمیەکانی هەرێمی کوردستان، لە دوایین رۆژدا خەڵاتی باشترینەکان دابەش دەکەن."

ئەرسەلان دەروێش، دەرهێنەرێکی دیاری هەرێمی کوردستانە و لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، "چەمچەماڵ سیمبوولی قوربانیدان و پایتەختی ئەنفالە، هەستێکی پڕ لە جۆشم هەیە، پیرۆزبایی لە شانۆکارانی ئەم شارە دەکەم."

گرووپی شانۆیی چەمچەماڵ بە نمایشێک دەرگای فێستیڤاڵەکەیان بەڕووی بینەر و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەدا کردەوە. بەرهەمەکەیان بە ناونیشانی (زمانی سێیەم) نمایش کرد، کە ماوەی دوو مانگ کاریان تێدا کردووە.

ئاوات جەلال ، دەرهێنەری شانۆیی زمانی سێیەمە، باسی نمایشەکەیانی بۆ رووداو کرد و گوتی، "شانۆکەمان لە رۆمانێکی بەنێوبانگی ئیتاڵی وەرگرتووە کە باس لە زمانی سێیەم دەکات. دوو کارەکتەر رۆڵەکە بەرجەستە دەکەن، کە زمانی یەکدی نازانن، بەڵام بە جووڵە لە یەکدی تێدەگەن."

بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە، زیاتر لە 500 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونە چەمچەماڵ. لە دوایین رۆژدا، لەڕێگەی لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندن بۆ باشترین نووسین و رۆڵبینین و چالاکییەکانی دیکە دەکرێت.

دوای هەر نمایشێک، دانیشتنێکی رەخنەیی بۆ نمایشە شانۆییەکە دەکرێت، دوایین رۆژی فێستیڤاڵەکە خەڵات دەدرێتە باشترین ئەکتەری کچ وکوڕ.

ماریا غازی، خانمە بەشداربوویەکی فێستیڤاڵی قەزاکانە لە چەمچەماڵ و دەڵێت، "دڵخۆشم کە ئەمڕۆ ئەم فێستیڤاڵە لە شارەکەمان ئەنجام دەدرێت، دەستخۆشییان لێدەکەم و هەستێکی خۆشە." ئاسیا غازی، بەشداربوویەکی دیکەیە لە فێستیڤاڵەکە و گوتی، "هەستێکی خۆشە کە شارەکەمان ئەم کارەی لێ ئەنجام دەدرێت. کارێکی گرنگە بۆ هونەر لە هەرێمی کوردستان."

گرووپە شانۆییەکان لە شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە و گەرمیان، بۆکان و سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە دەقی جیاواز بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە