گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەولێر پێشبڕکێیەک لە وانەی بیرکاریدا بۆ منداڵانی تەمەن (5 بۆ 16) ساڵ بە بەشداریی 218 قوتابی بەڕێوەچوو، کە لە چوارچێوەی هەشت ئاستدا و بە پرۆگرامێکی نێودەوڵەتی رێکخرابوو. ژمارەیەک پسپۆڕی بیرکاری سەرپەرشتیی پێشبڕکێکەیان دەکرد و لە ماوەی کاژێرێکدا کۆتاییهات.
 
رۆژی هەینی 22ی ئەیلوولی2023 کاژێر 14:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، پێشبڕکێیەکی بیرکاری بۆ ژمارەیەک قوتابی لە هۆڵی (وایت)ـی گەڕەکی عەنکاوەی هەولێر ئەنجامدرا. قوتابییان بەپێی توانایان بەسەر ئەو هەشت ئاستەدا دابەشکران، لە هەر ئاستێکدا چوار قوتابی هەڵبژێردران، بەو شێوەیەش دوو کۆرس دیاریکرا و هەر کۆرسێک 32 قوتابی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکەدا کرد.
 
قوتابییە سەرکەوتووەکان لەسەر بنەمای خێرایی لە وەڵامدانەوە و دروستیی وەڵامەکان هەڵبژێردران، هەر قوتابییەک بە خێرایی و دروستی وەڵامی 25 پرسیاری پرۆگرامەکەی دابێتەوە بە سەرکەوتوو هەژمار کرا.
 
لە پێشبڕکێکەدا قوتابییان لە دوو کۆرسی دیکەدا تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا، بە ناوی کۆرسی (ئەتاکۆرس و کۆرسی خەیاڵ).
 
لەو دوو کۆرسەدا 25 پرسیار بۆ هەر دانەیەکیان دیاریکرابوو، کە هەر قوتابییەک تەنیا 430 چرکەی لەبەردەست بوو بۆ وەڵامدانەوە، واتە بۆ وەڵامی هەر پرسیارێک، قوتابییەکە تەنیا 18 چرکە کاتی هەبوو.
 
لەم پێشبڕکێیەدا پێشووتر هیچکام لە سەرپەرشتیاران و قوتابییان زانیارییان لەبارەی تاقیکردنەوەکە نەبوو، چونکە پرۆگرامێکی نێودەوڵەتیی نهێنی پاڵپشتیی پێشبڕکێکەی دەکرد.
 
ئەو 218 قوتابییەی لەم پێشبڕکێیەدا بەشداربوون، دەستەبژێری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بوون.