لە کەرکووک پرسە بۆ بێسەروشوێنبوویێکی بەلەمە نقوومبووەکەی ئیتاڵیا دانرا

22-06-2024
هیدایەت جان
محەممەد، هاوژینی ژنە کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکە، قسە بۆ رووداو دەکات
محەممەد، هاوژینی ژنە کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکە، قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک پرسە بۆ یەک لە بێسەروشوێنەکانی بەلەمە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا دانراوە و هاوژینەکەی دەڵێت؛ "هەموو رزگاربووەکانم دواندووە و دەڵێن لەبەر چاوی ئێمە خنکاوە." 
 
ئیام نەجم، خەڵکی شاری کەرکووکە و لەو بەلەمەدا بوو کە لە تورکیاوە بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت، هاوسەرەکەی لە ئیتاڵیا چاوەڕێی بووە، بەڵام بەلەمەکە نقووم بوو و ئیام نەیتوانی بە هاوسەرەکەی بگات.
 
رۆژی شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، محەممەدی هاوسەری ئیام بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووکی گوت؛ "هاوسەرەکەم لەگەڵ چوار کەسی خزمی خۆم لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، دوای پێنج رۆژ لە بەڕێکەوتنی، هەواڵی نقوومبوونی بەلەمەکەم پێ گەیشت." 
 
ئیام نەجم لەگەڵ چوار کەسی دیکەی خزمی هاوژینەکەی لە بەلەمەکەدا بووە و بە گوتەی محەممەدی هاوژینی؛ "لەو پێنج کەسە، تەنیا یەکێکیان رزگاری بووە، ئەویش تەندروستیی باش نییە و لە ئیتاڵیا لەژێر چارەسەردایە." 
 
بەلەمەکە رۆژی 15ـی ئەم مانگە بە 76 سەرنشینەوە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و لە دەریای نێوەڕاست 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا، تێکشکا.
 
تاوەکو ئێستا ئیام نەجم بێسەروشوێنە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لە کەرکووک پرسەی بۆ دانراوە، محەممەد عەدنانـی هاوژینی دەڵێت "لەگەڵ رزگاربووانی بەلەمەکە قسەم کرد، هەموویان هاوژینەکەمیان ناسییەوە و پێیانگوتم 'لەبەر چاوی خۆمان خنکاوە.' ئێستا تاکە داواکاریم ئەوەیە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە و بیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بەخاکی بسپێرم." 
 
لە ئەنجامی تێکشکانی بەلەمەکە؛ 64 کۆچبەر خنکان، تەرمی 34ـیان تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە، کە ئیام نەجم یەکێکیانە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی تەقینەوەکە و لۆگۆی ئاسایشی هەرێم.

دەزگای ئاسایش لەبارەی رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی: تەقینەوە بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی دەڵێت، "تەقیوەتەوە" و تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە. دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.