زیاتر لە 3000 کەس لە پاککردنەوەی ماڵەکانی دهۆک لە پاشماوەی لافاوەکە بەشدارن

23-03-2024
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
چەند کۆڵانێکی دهۆک کە بەر لافاو کەوتوون. وێنە: رووداو
چەند کۆڵانێکی دهۆک کە بەر لافاو کەوتوون. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

لە دهۆک پاکژکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو دەستیپێکردووە و زیاتر لە سێ هەزار کەس لە تیمی فریاگوزاری و خۆبەخش تێیدا بەشدارن.
 
بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لە چەند گەڕەکێکی دهۆک، پاشماوەیەکی زۆر و قوڕ و لیتە لەنێو بەشێکی زۆر لە ماڵەکان کۆبووەتەوە؛ زیاتر لە سێ هەزار کەس و 80 ئامێری گەورە لە هەڵمەتی پاکژکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکە بەشدارن.
 
نورمان عەلی، دەروونناس لە هەڵمەتەکە وەکو خۆبەخش بەشدارە و دەڵێت، ئەمە ئەرکێکی مرۆڤانەیە و ئەمڕۆ لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەیەتی.
 
بەشداربووانی هەڵمەتی پاکژکردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە تەنیا خەڵکی سەنتەری شاری دهۆک نین، بەڵکو لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەشەوە خەڵک بە خۆبەخشی چوون بۆ هاوکاریی خەڵکی لێقەوماو.
 
هیوا محەممەد ئەمین، مامۆستا دەڵێت، "وەکو گەنجێکی خۆبەخش لە قەزای بەردەڕەشەوە بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ ھاتین بەشداری بکەین لە خاوێنکردنی ماڵەکانی دھۆک؛ خەڵکی ئێرە خەڵکی خۆمانە، شاری خۆمانە، بە خۆشحاڵییەوە کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش لە بەیانییەوە لە کاژێر 08:00ـەوە، ماڵەکان خاوێن دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆتایی بە بەرنامەکە دێت ئێمە لێرە دەمێنینەوە."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی پاکژکردنەوەکە، لە رۆژێکدا زیاتر لە 80%ی پاشماوەی لافاوەکەی دهۆکیان پاککردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە