رووداو دیجیتاڵ
"داهاتووی پەیوەندییەکانی کورد و شیعە لە عێراق بە کوێ دەگات؟'' ئەمە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆی دووەمین دیداری نەجەف - هەولێر بوو، کە ئەمڕۆ لە نەجەف بەڕێوەچوو.
دیدارەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە هاوبەشیی ناوەندەکانی ''النبا، نارامسین و ریواق بەغداد'' بە ناونیشانی "زنجیرە دیالۆگی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان: دووەمین دیداری نەجەف – هەولێر" سازکرا.
ئاکۆ محەممەد گوتی ''جێگەی دڵخۆشییە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەتوانێت ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2019ـوە ئەم دیالۆگە رێکبخات.''
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دیدارەکەی بە گرنگ ناوبرد و گوتی، نەجەف "شوێنی رادەربڕینی زۆرلێکراوانە. ئەم کۆبوونەوەیەش کۆنگرەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو کۆنگرە و کۆبوونەوەی دەستەبژێرێکی ئازادە کە هەموویان دەتوانن بەناوی خۆیانەوە نەوەک بە ناوی دەزگا و حیزبەکانیان بە ئازادی لەسەر پەیوەندی کورد و شیعە بئاخڤن.''
لە 2003ـوە شیعە بوونەتە دەسەڵاتداری یەکەمی عێراق و کوردیش تاوەکو ئێستا خۆی بە ستەملێکراو دەزانێت.
یوسف گەناوی، پارێزگاری نەجەف لە دیدارەکەدا
گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، "دیدارەکە لە کاتێکی گرنگی عێراق و ناوچەکەدایە. هەردوولا بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکەن، کە کاریگەری بۆ سەر ئێستا و ئاییندەی هاوبەشمان دەبێت."
یوسف گەناوی گوتی، "ئەمە هەر تەنیا دیدارێکی هزری نییە، بەڵکو دەرفەت و سەکۆیەکی گرنگی پەیوەندی و هاوکارییە بۆ داڕشتنی نەخشەی ئەو رێگەیەی وڵاتەکەمان لەسەری دەڕوات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە ئاڵۆزانەی رووبەڕووی هەموومان دەبنەوە."
دیدارەکە بەشێکە لە پڕۆژەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی پارێزگاری نەجەف، "سەقامگیریی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستی بە تێپەڕاندنی دابەشبوونە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی توانای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە."