رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی دیبەگە لە سنووری قەزای مەخموور، ژمارەیەک هاونیشتمانی بەهۆی نەبوونی شوێنەوە تاوەکو ئێستا سەرژمێر نەکراون. بەرپرسێکی بژمێرانی سنوورەکە دەڵێت، تاوەکو 12ـی شەو کاتیان هەیە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
هاوژین جەوهەر، سەرپەرشتیاری تیمێکی سەرژمێران لە قەزای مەخموور رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی لە رووداوەوە ژمارەیەک بڵاوکرایەوە کە هەرکەس کێشەی هەبوو پەیوەندی بکات، چەند هاونیشتمانییەک لە دیبەگەوە دەڵێن تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی جێگەوە سەرژمێر نەکراون".
ئەو خێزانانەی لە دیبەگە تۆمارنەکراون هۆکارەکەی ئەوەیە، لە 16ـی مانگەوە کە پرۆسەکە دەستیپێکردووە نەچوون لە ماڵێکدا خۆیان تۆمار بکەن و ژمارەیان هەبێت. هاوژین جەوهەر دەڵێت: "ئەمڕۆش تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو کات ماوە، دەتوانن هەر سێ ماڵ لە یەک خانوودا خۆیان جێگیر بکەن".
هەرخێزانێکی دیبەگە ئەگەر خانوویەکی چۆڵی دەستکەوێت و تێیدا نیشتەجێ ببێت، ئەوە دەبێت بژمێرەکان ئاگاداربکاتەوە بەر لە کاژێر 12:00ـی ئەمشەو، چونکە لە دوای ئەو کاتەوە سیستمی تۆمار دادەخرێت.
لە چەند گوندێکی سنووری ناحیەی گوڵاڵە لە قەزای خانەقین کێشە بۆ ژمارەیەک خێزانی کورد دروستبووە. شێرکۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ بە گوێرەی رێکارەکان کێشەی ئەو هاونیشتمانییانە چارەسەر بکرێت".
تۆمارکردنی زانیاریی خێزان لە عێراق 16ـی مانگ و لە هەرێمی کوردستان 17ـی مانگ دەستیان پێکردووە و ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆمارکردنەکەیە.
رێکارەکانی سەرژمێری تاوەکو 10-12-2024 بەردەوام دەبێت، پێویستە خێزانەکان وەڵامی پرسیارەکانی فۆڕمێکی تایبەت بە سەرژمێرییەکە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ