رووداو- هەولێر
بەرپرسانی كانتۆنی كۆبانێ بۆ رووداو ئاشكرای دەكەن، كە بەشی زۆری ئەو چەكانەی كە رۆژی دووشەممە لە باشووری كوردستانەوە بۆ شەڕڤانان لە رێگەی فڕۆكە ئەمریكییەكان نێردرا گەیشتووەتە دەست شەڕڤانان.
ئیدریس ناسان، جێگری دەستەی دەرەوەی پەیوەندییەكانی كانتۆنی كۆبانێ تایبەت بۆ رووداو رایگەیاند، كە هەموو چەكەكان گەیشتووەتە دەستی شەڕڤانان. ئاشكراشیكرد بەشی زۆری كۆبانێ ئێستا لەدەستی شەڕڤانانی یەپەگەدایە و داعش لەنێو شارەكە نەماوە، تەنیا هەندێك ناوچەی بچووك لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی كۆبانێ لەدەستی داعشدایە.
بەرپرسەكەی كانتۆنی كۆبانێ هەروەها ئاشكرای دەكات لە بەری رۆژئاوای كۆبانێ، شەڕڤانان نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای كۆبانێ پێشڕەوییان كردووە و ناوچەیەكی زۆریان لەدەستی داعش دەرهێناوە.
ناسان لەبارەی پەیوەندی ئەوان لەگەڵ لایەنەكان بۆ ناردنی چەك، رایگەیاند "هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ هەموو وڵاتان و لایەنەكان لە پەیوەندیدابووین بۆ هاوكاری شەڕڤانان لە كۆبانێ."
ناسان هەروەها داوایكرد، كە لە هەنگاوی داهاتوودا چەكی قورستر بۆ شەڕڤانان بنێردرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت داعش چەكی قورسی لایە و شەڕڤانانی یەپەگەش دەبێت بە چەكی قورس وەڵامیان بدەنەوە.
جێگری دەستەی دەرەوەی كانتۆنی كۆبانێ سوپاسی بەرپرسانی پەیەدەشی بۆ هەموو لایەنەكان لە باشووری كوردستان ناردو رایگەیاند "باشووری كوردستان بە ئەركی مرۆڤانەو نیشتمانپەروەری خۆی هەستاوە".
لەبارەی ئەوەی كە دەگوترێت بەشێكی چەكەكان كەوتوونەتە دەستی داعش ، بەهۆی ئەوەی لەناوچەكانی ژێر دەستی داعش كەوتووەتە خوارەوە، ناسان ئەوەی رەتكردەوەو گوتی "هەموو چەك و پێداویستییە پزیشكییەكان گەیشتووەتە شەڕڤانانی یەپەگە و كاریگەریشی دەبێت بەسەر مۆڕاڵ و ورەی شەڕڤانەكان".
ئیدریس ناسان هەروەها گووتی "داوامان لە توركیا كردووە كە دەروازەیەك بۆ تێپەڕبوونی هاوكارییە مرۆییەكان بكاتەوە، هەندێك جار رێگە بە هەندێك كەس دەدەن بۆ چوون بۆ كۆبانێ، بەڵام زۆر جاریش رێگە لە چوونی گەنجان بۆ رۆژئاوای كوردستان دەگرن."



