رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 110 هەزار زیارەتکاری خەڵکی ئێران لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لێرەوە چوونەتە کەربەلا.
چوونی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران بۆ کەربەلا بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 11ـی ئابەوە تاوەکو دوێنێ، 36 هەزار و 920 زیارەتکار لە دەروازەی باشماخەوە چوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە. مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو دوێنێ زیاتر لە 75 هەزار زیارەتکار هاتووچۆیان بە دەروازەکەدا کردووە کە زۆرینەیان هاتوون و بەشێکی کەمیش گەڕاونەتەوە.
لە هەردوو دەروازەکەوە خزمەتگوزاری وەک خواردن، ئاو، تەندروستی، شوێنی مانەوە، ئینتەرنێت، فێنککەرەوە و پاسی گواستنەوە بۆ زیارەتکاران بێبەرامبەر دابین دەکرێت.
لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی لەئەستۆ گرتووە؛ لە باشماخیش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خزمەتگوزارییەکانی دابینکردووە.
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب.
سەیید کەمال هادیانفەڕ، سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لە وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەڵێت، "ئەم ساڵ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن چوار ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیمان روو لە عێراق دەکەن کە 62%یان بە رێگەی وشکانی و 38%یش لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتەکە دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ