رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاشکرایکرد، بەهۆی ئاگرەکەی شەوی رابردووی نێوان ئامەد و مێردین-ی باکووری کوردستان 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 کەس بریندار بوون.
نیوەشەوی رابردوو 20ـی حوزەیرانی 2024 ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لەماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو. سەرەتا وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی پێنج کەسی راگەیاندبوو. بەڵام دەم پارتی رەتیکردەوە و رایگەیاند، حەوت کەس کە دووانیان بران، گیانیان لەدەستداوە و 44 کەس بریندارن کە 10یان تەندروستییان ناجێگیرە.
کاژێر 15:30ی رۆژی هەینی 21ـی حوزەیرانی 2024 فەخرەدین کۆجا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لە ئاگرەکەی نێوان ئامەد و مێردین گیانیان لەدەستداوە بۆ 11 کەس بەرزبووەوە و 78 کەسیش بریندارن، کە 15یان تەندروستییان ناجێگیرە.
سەرەتای ئاگرەکە بە سووتانی پووش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئامەد بووە کە دواتر بەهۆی با تەشەنەی کردووە و زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەشت گوندی دیکە گەیاندووە تا گەیشتووەتە سنوورەکانی مێردین.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە ئێکس رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەستیپێکردووە سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوە لە شارۆچکەکانی چنار-ی ئامەد و شارۆچکەی شەمرەخی مێردین.
هەروەها بارۆی ئامەد "سەندیکای پارێزەران" سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و درەنگ گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، لە داواکاری گشتیی شارۆچکەی چنار سکاڵای تۆمارکردووە و داوای کردووە لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ