گالەری


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هەژار موکریانی، یەکێک لە گەورەترین گەلناس، نووسەر و شاعیرانی کورد تێدەپەڕێت. لەم یادەدا رووداو بۆ یەکەم جار کۆمەڵێک وێنەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بڵاودەکاتەوە.
 
وێنەکان لەلایەن خالید مام قادر، فۆتۆگرافەری کوردی خەڵکی مەهاباد گیراون. وەک لە وێنەکان دا دەردەکەوێت، سەرۆک مەسعود بارزانی و کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوانە، نێچیرڤان بارزانی، زەعیم عەلی، فرەنسۆ هەریری، ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن. 
 
خالید مام قادر، بیرەوەریی ئەو رۆژە (21-2-1991) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "هەزاران کەس بە دڵێکی خەمگین و گریانەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەم شاعیرە پایەبەرزەی میللـەتی کورد کرد."
 
هەروەها دەڵێت، "ئەو رۆژەم لەبیرناچێت، جەنابی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانیم بینی، کە هێندە دڵگران و بێتاقەت بوون. ئەوکات هزرێکم بۆ دروست بوو، هەژار موکریانی لە خێزان و بنەماڵەی ئەوانە، بەتایبەتی کە لە یەکەم رۆژی پرسەکەیدا لە مزگەوتی سووری مەهاباد، بینیم سەرۆک بارزانی لە ژێر وێنەکەی هەژار موکریانی دانیشتبوو، چاوەکانی پڕ لە فرمێسک و دڵ پڕ لە خەم دیاربوو."  
 
ئەو فۆتۆگرافەرە کوردەی مەهاباد، باسی ئەوەشی کرد، رۆژی ناشتنی هەژار موکریانی، زۆر سارد و وشک بوو، لەگەڵ ئەوەش دا هەزاران کەس بەشدارییان لە پرسەکەی دا کرد.
 
11 شوباتی ئەم ساڵ، بە ئامادەبوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، دەزگای روانگە بە هاوبەشیی دەزگای خاڵ، رێوڕەسمی ناساندنی کۆبەرهەمەکانی هەژار موکریانی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. کۆبەرهەمەکە لەلایەن زمانزانی ناسراوی کورد، ماجید رووحانی سەرپەرشتی کرابوو.  
 
27ـی کانوونی یەکەمی 2024 تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێکی لەبارەی هەژار موکریانی بڵاوکردوە و هەڤپەیڤینێکی ئەو زمانزان و نووسەرە کوردەی لە چوارچێوەی بەڵگەفیلمەکەدا بڵاوکردەوە. هەڤپەیڤینەکە بە ماوەیەکی کەم بەر لە کۆچی دواییەکەی، لەلایەن میدیاکاری کورد، سوارە مامەخەلانی لە پاریس سازکرابوو.
 
بەڵگەفیلمی (هەژار) لە دەرهێنانی نەبەز ئەحمەد و بەرهەمهێنانی بەشی بەڵگەفیلمی رووداوە، بەنێوەڕۆکترین بەڵگەفیلمە لەبارەی هەژار موکریانییەوە بەرهەم هێنرابێت.
 
هەژار موکریانی کێیە؟
 
عەبدولڕەحمان محەممەد شەرەفکەندی، ناسراو بە هەژار موکریانی، لە 13ـی نیسانی 1921 لە شاری مەهاباد لە خێزانێکی رۆشنبیر و کوردپەروەر لەدایکبووە. باوکی، حاجی مەلا محەممەد شەرەفکەندی، کەسایەتییەکی دیاری کوردستان بوو و برا بچووکەکەی، سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە ساڵی 1992 لە ئەڵمانیا تیرۆرکرا.
 
لە ساڵی 1976، کە شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسا، هەژار موکریانی یەکێک بوو لەو خەباتکارانەی هانی کوردانی ئاوارەبووی باشووری کوردستانی دەدا پشتگیریی شۆڕش بکەن.
هەژار موکریانی لە 2-12-1989 لە کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن سەرۆک بارزانی میدالیای بارزانی پێبەخشرا. 
 
هەژار موکریانی لە 21-2-1991 لە شاری کەرەجی رۆژئاوای تاران کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی ناوداران لە شاری مەهاباد بە خاک سپێردرا.