نەتەوە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بە زمانی خۆیان لە قوتابخانەکان دەخوێنن

21-02-2024
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
وێنەکە: قوتابییەک لە قوتابخانەیەکی سریانی لە هەولێر
وێنەکە: قوتابییەک لە قوتابخانەیەکی سریانی لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فۆستین، خوێندکاری پۆلی یەکەمە و لە عەنکاوەی هەولێرە. ئەو فێری خوێندنەوە و نووسین دەبێت بە زمانی دایکی خۆی کە زمانی سریانییە. 
 
ئەو منداڵە پێش ئەوەی بچێتە قوتابخانە، هەموو پیتەکانی زمانەکە فێربووە و دەڵێت، "من قوتابخانەم خۆشدەوێت، هیچ کێشەیەک نییە، زمانی دایکم خۆشدەوێت. من حەزم لە هەموو بابەتەکانی قوتابخانەیە، بەڵام زیاتر لە بابەتەکانی دیکە زمانی سریانیم خۆشدەوێت."
 
فۆستین لوئەی دەیەوێت ببێتە پارێزەرێکی بەنێوبانگ، دەشزانيت زمان گرنگترین ئامرازی پەیوەندییە بۆیە دەبێت بە باشترین شێوە فێری ببێت.
 
ئەو قوتابییە لەگەڵ دەیانی دیکە لە قوتابخانەی ئەربائیلۆی سریانیی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە قەزای عەنکاوە دەخوێنێت. قوتابخانەکە لە ساڵی 1994ـەوە دامەزراوە.
 
سەعد بویە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە و دەڵێت، خوێندن لە قوتابخانەکەیان هیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ قوتابخانەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. "قوتابی لە پۆلی یەکەوە تاوەکو شەشی بنەڕەتی، هەموو ئەو بابەتانە دەخوێنن کە قوتابییەکانی دیکە لە قوتابخانە حکومییەکان دەیخوێنن، بەڵام بە زمانی سریانی."
 
ئامارەکان پێمان دەڵێن، لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ گرنگیی زیاتر بە زمانی نەتەوەکان دەدرێت. ئەوەش بەهۆی رەخساندنی کەشێکی ئارامە بۆ سەرجەم نەتەوەکان بەبێ جیاوازی. 
 
چوومە قوتابخانەی قەرەقۆیلۆی بنەڕەتیی تێکەڵاو کە قوتابخانەیەکە بە زمانی تورکمانی قوتابییان فێر دەکەن. لە دایەنگەوە تاوەکو پۆلی 9ـی بنەڕەتی دەخوێنن. هەریەک لە خوێندکارەکان شانازی بۆ زمانی خۆی دەکات.
 
قوتابییەک دەڵێت، زمانی تورکمانی بۆ من وەکو زمانی دایکە، چونکە لە باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. قوتابییەکی دیکەش هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێت، دەبێت زمانی باوباپیرانیان بپارێزن. 
 
لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی داتای وەزارەتی پەروەردە، 48 قوتابخانەی حکومی هەن کە بە زمانی سریانی دەخوێنن و 18 قوتابخانەی حکومی کە بە زمانی تورکمانی دەخوێنن. 
 
سەبارەت بە خوێندنی باڵا لە ساڵی 2008 له‌ زانکۆى سه‌لاحه‌دین به‌شى خوێندنى زمانى تورکمانی کرایه‌وه‌ و لە ساڵی 2016ەوە بەشی زمانی سریانی. 
 
لە هەرێمی کوردستان زمانی سریانی، تورکمانی و ئەرمەنی زمانی فەرمین لەو شوێنانەی کە تێیدا نیشتەجێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە