پەروەردە گوشار دەکات و مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن ناچنەوە ناوەندەکانی خوێندن

21-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن بایکۆتی خوێندن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرەڕای گوشارەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە سنووری ئەو ناوچانەی خوێندن تێیاندا بایکۆت کراوە، بەڵام بایکۆت بەردەوامە و مامۆستایانی ناڕازی بەنیازن ئەمڕۆ خۆپێشاندانیش بکەن.
 
پەیامنێرانی رووداو لە سلێمانی، هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی راپەڕین لە نووڕۆژی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 21-1-2024) باسیان لەکاردانەوەی دوایین بڕیاری وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە سنوورەکانی بایکۆت، بەپێی قسەی پەیامنێرانمان، لە زۆربەی ناوچەکان بایکۆت بەردەوامە و لە هەندێک شوێنیش بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون.
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە راپەڕین گوتی "تائێستا دوو بەرە هەیە، بەشێکیان دەڵێن بەهیچ شێوەیەک بایکۆت ناشکێنن و ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەرەکەی دیکەشیان دەڵێن 'بایکۆت شکێنراوە' و ئامادەکاری کراوە بۆ چوونەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن، دوای ئەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕین وەرزێکی تەواوی خوێندنی لە بایکۆت تێپەڕاند، ئەمڕۆ دەوام دەستپێبکاتەوە."
 
 
رۆژی 8ـی ئەم مانگە پەروەردەی گشتیی سلێمانی ساڵنامەی نوێ خوێندنی راگەیاند، بەگوێرەی ساڵنامەکە، بڕیار بوو رۆژی 9ـی ئەم مانگە دەوام لە سنووری پارێزگاکە دەستپێبکات، تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بێت، هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 دەبێت تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بکرێت، بەڵام دەوام دەستیپێنەکردووەتەوە. 
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دەڵێ "لە سلێمانی نە دەتوانی بڵێی بایکۆتە، نە دەتوانی بڵێی بایکۆت نییە، چونکە تێکەڵ بووە."
 
هەروەها گوتی "هەر بۆ نموونە لەو قوتابخانەیەی لەپشتەوەی منە، قوتابیان و هەندێک مامۆستا هاتن بۆ دەوام، بەڵام چەند خولەکێک لەمەوبەر کەسێک هاتە بەردەممان و گوتی 'من مامۆستای ئەو قوتابخانەیەم و نەڵێن بایکۆت شکێنراوە، بایکۆت بەردەوامە و تەنیا پۆلی 12ـکانمان دەوام دەکەن."
 
 
بەگشتی ئەمڕۆش بایکۆتی خوێندن لە سلێمانی بەردەوامە و بەگوتەی پەیامنێرەکەی رووداو کە قسەی لەگەڵ ئەو مامۆستایانە کردووە کە دوێنێ لەلایەن ئاسایشەوە بانگکرابوون، ئەوان سەرەڕای بانگکردیان بەنیازن ئەمڕۆ خۆپێشاندان بکەن.
 
شەوی رابردوو مامۆستایانی ناڕازی بەنیازبوون کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە سلێمانی بکەن، پێشەوا بەختیار دەڵێ "بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان پێنەدابوون لە هیچ شوێنێک کۆببنەوە و گوتوویانە فەرمانمان هەیە کە رێگە نەدەین."
 
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە بەردەم قوتابخانەیەکی هەڵەبجەوە رایگەیاند دەرگای زۆرینەی قوتابخانەکان هێشتا نەکراونەتەوە،"لە هەڵەبجە هێشتا قسە لەسەر ئەوە نییە ئایا قوتابییان دەگەڕێنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن یان نا، بەڵکو قسەکە لەسەر ئەوەیە ئایا بەڕێوەبەر و مامۆستاکان دەست بە دەوامکردن دەکەنەوە یان نا."
 
دوای نووسراوەکەی پەروەردەش بەگوتەی پەیامنێرەکەی رووداو "لە سنووری هەڵەبجە، شارەزوور و سەیدسادق هیچ قوتابخانەیەک نەکراوەتەوە. مامۆستایانی ناڕازی جەخت لە بایکۆت دەکەنەوە و داوایانکردووە مامۆستایانی پۆلی 12ـش بێنە نێو گردبوونەوەی ئەمڕۆ بەنیازن بیکەن."

 

 
 ئەم بەردەوامیەی بایکۆتکردن لەکاتێکدایە بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە رێکاری نوێ بەرامبەر مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان دەگیرێتەبەر. 
 
بەپێی بڕیارێکی نوێ، هەر مامۆستایەکی وانەبێژ حەوت رۆژ دەوامنەکردن (غیاب)ـی هەبوو، واتا ئامادەی هۆڵەکانی خوێندن نەبوو، فەسڵ دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە لە 16ـی ئەم مانگەوە "غیابات" وەرگیراوە، واتا تاوەکو رۆژی سێشەممە 23ـی ئەم مانگە لە بەردەستیاندایە بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن. 
 
بۆ مامۆستایانی میلاک جیاوازترە، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوو نەگەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەوە لە رۆژی 9ـی ئەم مانگەوە کە "غیابوون"ـیان هەژمارکراوە تاوەکو 9ـی مانگی داهاتوو هەژمار دەکرێت و بەوەش دوای یەک مانگ "فەسڵ" دەکرێن. 
 
بڕیارە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت، پلەکەی لێ وەبگیرێتەوە." 
 
ئەم رێکارە تووندانەی پەروەردەی گشتیی سلێمانی لە کاتێکدان دوێنێش لەلایەن ئاسایشی سلێمانیشەوە نزیکەی 10 بۆ 12 مامۆستا بانگهێشتکرابوون و دوای گفتوگۆ گەڕانەوە ماڵەوە. 
 
سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی ‏كوردستان - سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 12 کەسە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئاسایش راگیران."
 
لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو مامۆستایانە، سەلام عەبدولخالق گوتی، "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندان بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە و داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سۆران عومەر و لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.

وەزارەتی تەندروستی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "بێ ئاگا قسەی لێ دەکات"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، "بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات".