رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لەناو شاری سلێمانی رادەگەیێنێت و دەستیش بەسەر زیاتر لە 13 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاک دەگرن.
عەمید پشتیوان بەهائەدین، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد سەبارەت بە باندێکی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی بازگەکان و ئاسایشی سلێمانی توانیمان دەستبەسەر بڕی زیاتر لە 13 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاک بگرین، کە لەنێو ئامێری بەرزکەرەوە (رافعة)دا شاردرابووەوە".
بە گوتەی پشتیوان بەهائەدین بەپێی ئەو بەدواداچوون و زانیارییانەی دەستیان کەوتووە: "ئەو باندە بەنیازبوون ئەو ماددە هۆشبەرە ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەدا: "باندەکە لە چەند کەسێک پێکهاتوون خەڵکی هەموو شوێنێکی تێدایە، بەهۆی ئەوەی چەند کەسێکیان ماوە دەستگیر بکرێن بۆیە جارێ ئاشکرایان ناکەین".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی لە 2020/01/01ـەوە تاوەکو 2020/12/01، 257 پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە بەکارهێنەر و بارزگانییان بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە، لەو 257 پەڕاوە، 262 کەس زیندانی کراون، بەشێکیان لەوانە رەوانەی دادگا کراون، بەشێکیان بە بڕیاری دادوەر دوای ماوەیەک لە پشکنین و بەدواداچوون کە دەرکەوتووە هیچیان لەسەر نەبووە ئازادکراون. 138 کەسیش لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدان و هەندێکیان رەوانەی دادگا کراون.


