رووداو دیجیتاڵ
سێیەم قۆناخی سەرژمێریی لە هەولێر دەکرێت. قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و بژمێرەکان ماڵ بە ماڵ بۆ تۆمارکردنی خێزانەکان دەگەڕێن. بەگوێرەی دوایین ئامار، تا کاژێر 06:00ـی ئەمڕۆ، لە سەرانسەری عێراق نزیکەی 90٪ـی خێزانەکان تۆمار کراون.
سەرژمێرییەکە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە، قۆناخی سێیەم کە 20 و 21 ئەم مانگە دەگرێتەوە لە کاژێر 12ـی ئەمشەو کۆتایی دێت.
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو لە دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراقەوە دەستى کەوتووە، تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی عێراق تۆمارکراون.
ئەمڕۆ دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو هەموو هاونیشتمانیان تۆمار دەکرێن، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
لەدوای ئەم قۆناخە، قۆناخی چوارەم دەستپێدەکات، کە تێیدا بژمێرەکان جارێکی دیکە سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە. ئەمجارە فۆڕمێکی گشتگیرتر بە خێزانەکان پڕ دەکەنەوە و زیاتر لە 70 پرسیار لەبارەی گوزەران و پێداویستیی هاووڵاتییانی تێدایە.
ئەم سەرژمێرییە دوای 37 ساڵ لە ئەنجامدانی دوایین سەرژمێری گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دێت.