رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پشووی ئەو فەرمانبەرانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان تاوەکو 10ـی کانوونی یەکەم درێژ کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری بۆ ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانە درێژکردەوە کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (سنووری مادەی 140ن) و بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".
هێمن میرانی، بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێری، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندان، ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی سنووری مادەی 140ن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو 10ـی کانوونی یەکەم درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەخەی هاتووچۆ پڕبکەنەوە".
وەزاتی ناوخۆ دەڵێت، "لەدوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە رۆژانی 20و 21ی مانگ پشتڕاست دەکرێنەوە، قۆناخێکی دیکە دەست پێدەکات کە پرسیار و زانیاری زیاتری تێدایە و پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕبکەنەوە، بۆیە رێگە بەو کەسانەش دەدرێت لە ناوچەکانیان بمێننەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتیان دەدرێتێ تاوەکو ئەو کاتەی بژمێرەکان دووبارە سەردانیان دەکەنەوە تاوەکو هەموو پرۆسەی سەرژمێری تەواودەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 14-11-2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکدا، هەفتەیەک پشووی بۆ فەرمانبەرانی شارستانی، سەربازی و ئەو خوێندکارانەی ناوچەکانی مادەی 140ـی دەستوور راگەیاند، کە دەوامیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.
وا بڕیار بوو پشووەکە لە 15ی مانگ تاوەکو 23ی مانگ بێت بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێرییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ