رووداو دیجیتاڵ
ساڵڕۆژی راپەڕینی کەرکووک هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز. بەشداربووانی راپەڕینەکە دەڵێن، ساڵی1991 بەعس هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا بۆئەوەی راپەڕین لەو شارە نەکرێت، بەڵام ئیرادەی بەهێز و بەیەکەوەیی کورد، وایکرد راپەڕینەکە سەرکەوتوو بێت.
یەکێک لە بەشداربووانی راپەڕینی کەرکووک دەڵێت، "ئەو کاتە بە سووتاندنی دەبابە و سەربازگەکانی بەعس جەژنی نەورۆزمان کرد." هەرچەندە راپەڕینی کەرکووک بەبێ قوربانیی نەبوو، بەڵام دەستکەوتی مێژووییشی بۆ کەرکووک و خەڵکی کوردستان هەبوو.
یاقوب سەمەد، بەشداربوویەکی راپەڕینی کەرکووک بە رووداوی گوت، "ئەگەر کۆدەنگیی کورد نەبووایە، بە دڵنیاییەوە راپەڕین نەدەکرا، یەکگرتوویی کەرکووک بۆ ئەوکات و ئێستا و داهاتووش زۆر گرنگە."
هاونیشتمانییان و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک بەیەکەوە لەسەر قەڵای شارەکە ئاگری نەورۆزیان کردەوە. بەرپرسانی پارتی و یەکێتی گوتیان، "کۆدەنگین لە بەدەستخستنی مافەکانمان بەتایبەت لە پرسی پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک."
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، بەپێی هەموو داتاکان زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک کوردن، بۆیە ئەوان لەگەڵ ئەوەی پارێزگاری شارەکە کورد بێت.
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی حەمرینی یەکێتی لە کەرکووک قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد، "تا ئەم کاتە هیچ کێشەیەکمان نییە، دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش گفتوگۆ بکەین، چونکە حکومەتی داهاتووی کەرکووک دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداریی تێدا بکەن."
بۆ ئەم ساڵ ئەگەرچی بەهۆی مانگی رەمەزانەوە ئاهەنگ رێکنەخرا، بەڵام خەڵک بە پەرۆش بوون بۆ بەشداریی لە کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا و داوا دەکەن حیزبەکان کێشەکانیان وەلابنێن و لە خەمی کەرکووک و دانیشتووانی شارەکە بن.
جگە لە قەڵای کەرکووک، رێوڕەسمی یادی راپەڕین و ئاگری جەژنی نەورۆز لە چەندین شوێن و ناوچەی جیاوازی شارەکە کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ