رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆک شێڵتەرێک بۆ سەگی بەرەڵڵا ئامادەدەکرێت. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، "شێڵتەرەکە تەواو بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەگی بۆ نەبراوە، چونکە خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبای ماوە."
مردن و برینداربوونی هاووڵاتییان بەهۆی پەلاماردانی سەگی بەرەڵڵاوە رۆژ لە دوای رۆژ لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە، ژمارەیەکی زۆر سەگی بەرەڵڵا لە پارێزگای دهۆک هەن و دانیشتووانی پارێزگاکە داوای کۆکردنەوەیان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شێڵتەرەکە تەواو بووە، رووبەرەکەی 11 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و رووبەری باڵەخانەکە 700 مەترە، دوای تەواوبوونی خزمەتگوزارییەکانی، رادەستی ڤێتەرنەریی دهۆکی دەکەین."
ئیسماعیل مستەفا ئاماژەی بەوەدا شێڵتەرەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، سەگەکان پۆلێن دەکرێن، ئەوانەی ساخن، ئەوانەی بێچوویان لە سک دایە، ئەوانەشی نەخۆشن، بە جیا دادەنرێن.
ئیسماعیل مستەفا گوتی، "سەگەکان دەبرێتە شێڵتەر، نەزۆک دەکرێن، دواتر کۆدیان لێدەدرێت و دەبرێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان."
شێڵتەری سەگە بەرەڵڵاکانی دهۆک بە گوژمەی 323 ملیۆن لە بودجەی پارێزگاکە دروستکراوە. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک گوتی، "بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا بۆ شێڵتەرەکە، نووسراومان کردووە و کە پێوستمان بە بودجەی زیاترە."
زیاتر لە 20 هەزار سەگی بەرەڵڵا لە پارێزگای دهۆک هەن.
لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لقی دهۆکی یەکێتیی زانایان رەزامەندیی دا بۆ لەنێوبردنی سەگە بەرەڵڵاکانی پارێزگای دهۆک بە شێوازێکی زانستی و بێ ئازار، ئەمەش ناڕەزایی بەشێکی زۆری ئاژەڵدۆستان و خەڵکی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ