نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان: نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلمان دەستی بەسەردا گیراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی دەڵێت، لەلایەن لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگاکەوە دەست بەسەر نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا گیراوە.
 
سوارە عومەر، نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سلێمانی، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 19-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بڕیاری لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە هیچ کڕین و فرۆشتنێک بە ئۆتۆمبێلەکانمانەوە ناکرێت و خەڵک ناوێرێت لە ماڵ بیهێنێتە دەرەوە".
 
بە گوتەی سوارە عومەر، نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لەکاتێکدا دەستیان بەسەردا گیراوە، کە کەوتوونەتە مەفرەزەی لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە.
 
ئەو نوێنەرەی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان داوا دەکات، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە. دەشڵێت: "خەڵکێک هەن نەخۆشن و ئەو ئۆتۆمبێلەشیان بە قەرز کڕیوە و ئێستا خەریکە تووشی خەمۆکی دەبن".
 
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستیان بەسەردا بگرن".
 
دوای بڕیارەکەی لیژنەی ئەمنی، هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە رووداوی گوت: "لەم سنوورە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا زۆر کەمە و تاوەکو ئەمڕۆش دەستیان بەسەردا نەگیراوە و هیچ بڕیارێکی فەرمیشمان نییە بۆ دەستبەسەردا گرتنیان".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دوو مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ نووسراوێکی فەرمی و تایبەتی نەبووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و داوا بکات، دەستبگرن بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە "مەلیکە و شاهینە" ناسراون.
 
30ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین".
 
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.
 
ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیاندەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمار ناکرێن ئەوانەن، کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە و زۆرینەیان بە "مەلیکە و شاهینە" ناسراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنە گۆران حوسێن، ئەو پەنابەرە کوردە نیڤشکانەی دیپۆرتکراوەتەوە.

ئەڵمانیا ژمارەیەک پەنابەری کوردی دیپۆرتکردەوە

حکومەتی ئەڵمانیا چەند کەسێکی دیپۆرتی عێراق کردەوە، کە ژمارەیەکیان کوردن. لەنێویاندا کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە.