رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی پەی راپۆرتێکی لەبارەی چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت لە بنکەکانی دەنگدان، زیاتر هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵیان کردووە لەجیاتی کۆمیسیۆن.
رۆژی شەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2024، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێکی لەبارەی چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ ژمارەیەک لایەن لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی بانگەشە، هەر لەسەر بانگەشەکردن بەردەوام بوون.
دامەزراوەی پەی راشیدەگەیێنێت لە هەندێ بنکە، دەنگدەران فشاریان خراوەتە سەر دەنگ بە بەربژێری کۆتاکان بدەن.
لەبارەی لایەنی ئەرێنیی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەر چوار بانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە لە 18ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، ئەو دامەزراوەیە دەڵێ "بنکەکانی دەنگدانی لە کاتی خۆیاندا کاژێر 07:00ـی بەیانی بوو، کرانەوە. پرۆسەکە بەگشتی بە ئارامی بەڕێوەچوو. کاژێر 06:00ـی ئێوارە لەکاتی خۆیدا بنکەی دەنگدان داخران. لەنێو وێستگەکاندا بەشێوەیەکی گشتی ساختەکاری بەدینەکرا."
"پێشیلکاریی لایەنەکان"
لە راپۆرتەکەی دامەزراوەی پەیدا هاتووە، هەندێ لیست و لایەن تاوەکو شەوی 18ـی مانگ، لە بانگەشە بەردەوام بوون، لەوانەش جووڵانەوەی نەوەی نوێ. کە راشکاوانە داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە دەنگ بە لیستەکەیان بدەن. لە هەمان کاتدا بەرەی گەل بەردەوام بووە لە بانگەشە، لەگەڵ کەناڵەکانی سەر بە یەکێتی پەیامی سەرۆکی حیزبەکەیان بڵاوکردووەتەوە، بەمەبەستی دەنگپێدانی هێزە ئەمنییەکان بە یەکێتی.
هەروەها دامەزراوەی پەی لە درێژەی راپۆرتەکەدا رایگەیاند"لە نزیک هەندێ بنکە، ریکلام بۆ قەوارەکان هەبووە. لە هەندێکیشیان کارتی بەربژێران دابەشکراون، بەربژێرێکیش لە سلێمانی خۆی و تیمەکەی بنکەی بانگەشەیان لە نزیک سەرجەم بنکەکان دانابوو. تەنانەت بەناوی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە قسەیان کردووە."
لەگەڵ ئەوەشدا، دامەزراوەی پەی رایگەیاندووە "هەندێک لە دەنگدەرە تایبەتەکان، فشاریان خراوەتە سەر، کە دوور لە خواستی خۆیان دەنگ بە بەربژێرانی کۆتاکان بدەن. لە هەندێک بنکەدا یەکێتی و پارتی بە ئاشکرا داوایان لە دەنگدەران دەکرد دەنگ بۆ کورسیی کۆتای مەسیحی و تورکمان بدەن. هەندێک لە بەربژێران بەتایبەتی لایەنەکانی دەسەڵات، رێگەیان پێدراوە بچنە نێو بنکەکانی دەنگدانەوە تاوەکو بانگەشە بکەن."
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن لیست و قەوەرەکانەوە، دامەزراوەی پەی دەڵێ "رێژەی ئەو دەنگانەی لەلایەن لیست و قەوارەکانەوە بەدەستهاتوون و رادەگەیێندرێن هیچیان فەرمی نین، دروست نین، یاسایی نین و دانیان پێدانانرێت، کاریگەریی نەرێنیشیان دەبێت لەسەر پرۆسەی دەنگدانی گشتی."
"پێشێلکاریی هێزە ئەمنییەکان"
لەبارەی پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت، دامەزراوەی پەی لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە "هەندێ بەرپرسی پێشمەرگە و پلەدار لە بنکەکان بوون، کە بە ناڕاستەخۆ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەبووە. لە هەندێ بنکەدا نوێنەری ئاسایش هەبوو، دەستوەردانی لە کاروباری کۆمیسیۆن دەکرد. لە زۆر بنکە رێگری لە رووماڵکردنی دەزگای راگەیاندنەکان کراوە. لە هەندێ بنکەدا کەشێکی عەسکەرتاریەت بەسەر بنکەکەدا زاڵ بووە و بەزۆر لە هۆڵەکان هێزەکان دەکرانە دەرەوە بۆ نموونە لە هەڵەبجە."
"ئەدای کۆمیسیۆن لاواز بوو"
دامەزراوەی پەی ئاستی کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی دەنگدانی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە "ئەدایەکی لاواز" ناودەبات و دەڵێ "بنکەکان لە دەرگەی دەرەوە تاوەکو ژوورەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون، کارمەندانی کۆمیسیۆن تەنیا لەنێو وێستگەکان کاریان کردووە. لە زۆربەی بنکەکان، رێگری لەو دەنگدەرانە نەدەکرا کە مۆبایلیان دەبردە ژوورەوە تاوەکو لەکاتی دەنگدان دا وێنە بگرن. لە هەندێ بنکە پەنجەمۆر کێشەی هەبوو. لە هەندێ بنکەش ئاڵۆزی دروست بوو، بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەیەک پرۆسەی دەنگدان لەو بنکانە راگیران، وەکو بنکەی گوڵان لە ئاکرێ، بنکەی نێرگز لە شەقڵاوە و بنکەی دانگدانی هەڵەبجە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ