گالەری

 
 
عەبدولحەمید زوبەیدی، پەیکەرساز و وێنەکێشێکی عێراقییە، ئەزموونی 50 ساڵەی لە پێشانگەیەکدا لە هەولێر خستەڕوو کە زیاتر لە 100 پەیکەر و تابلۆن. 
 
پێشانگەکە بەناونیشانی 'وەبیرهێنانەوە'یە و بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2023 لە گەلەری میدیا کرایەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 
 
بۆ دروستکردنی پەیکەرەکان، ئەو هونەرمەندە دار، قوڕ و بڕۆنزی بەکارهێناون، بەشێکیان پۆرترێتی چەند کەسایەتییەکی عێراقییە، لەوانە شا فەیسەڵی یەکەم، عەلی وەردی، کۆمەڵناسی عێراقی و جەواهیری شاعیری عێراقی.
 
تابلۆکان بەشێکیان هێڵکارین و بەشێکی دیکەیان بە رەنگی ئاوی و زەیتین و قەبارەی جیاواز لەخۆدەگرن و لە بەغداوە هێنراوەتە هەولێر.
 
عەبدولحەمید زوبەیدی لەبارەی بیرۆکەی پێشانگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شێوەکار قەرەنی جەمیل پێشنیازی بۆ کردووە کە ئەزموونی هونەریی خۆی لە پێشانگەیەکدا لە هەولێر بخاتەڕوو. گوتیشی: "هەڵبژاردەیەک لە کارە هونەرییەکانمم دەستنیشانکرد کە لەم پێشانگەیەدا دەبینرێن".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە هەزاران تابلۆ و بە سەتان پەیکەری هەیە، بەڵام نەیتوانیوە هەمووی بهێنێت و لەو پێشانگەیەدا بیانخاتەڕوو. 
 
ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، کردنەوەی ئەو جۆرە پێشانگەیانە بۆ هونەرمەندانی شارەکانی عێراق لە هەولێر، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندی نێوان هونەرمەندانی کورد و عەرەب و ئاڵوگۆڕی بیروڕای هونەری. 
 
بەگوتەی ئازاد لەشکری، ئەم ساڵ زیاتر لە 60 پێشانگەی هونەرییان لە گەلەری میدیا لە هەولێر کردووەتەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەیان دەبێتە 70 پێشانگە.
 
عەبدولحەمید زوبەیدی، لە ساڵی 1957 لە بەغدا لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە لە 1977. سەرۆکی لقی پەیکەرسازانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە، چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لە عێراق و دەرەوەی عێراق هەبووە، لە 1998 خەڵاتی یەکەمی لە بەشی پەیکەرسازیدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بابل وەرگرتووە، لە 1999 خەڵاتی داهێنانی هونەری پەیکەرسازی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری عێراق پێبەخشراوە.