باوکی ژینا: بە ئیبراهیم رەئیسیم گوت، ئەو ڤیدیۆیانەی لە تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوکرانەوە "درۆ" بوون

19-09-2022
هیدایەت جان
 گفتوگۆی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا لەگەڵ رووداو
گفتوگۆی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاندووە، ئەو ڤیدیۆیانەی لە تەلەڤزیۆنەکانی ئێران لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکراونەتەوە "درۆ" بوون.
 
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی لە تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بە نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی دا.
 
ئەمجەد ئەمینی رایگەیاند، سەرۆککۆماری ئێران بەڵێنی ئەوەی پێداوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکات، "جا بزانین ئاخۆ بەڕاستی بەدوایدا دەچێت یان نا".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی:
 
رووداو: با لە زاری خۆتانەوە بیبیستین، ژینا بۆچی چووبوو بۆ تاران؟
 
ئەمجەد ئەمینی: ئێمە لە باکووری ئێران لە شاری هەشتگرد بووین. ماڵی خوشکی هاوژینەکەم لەوێیە و بۆ سەردان چووبوون بۆ ئەوێ؛ دواتر ژینا و کوڕەکەم و چەند کەسێک لە خزمانی دیکە چوون بۆ تاران و بەداخەوە لەگەڵ گەیشتبوونە تاران و لە میترۆ دابەزیبوون لەلایەن "پۆلیسی رەوشت" دەستگیر کرابوو؛ کچەکەم بەزۆر دەخەنە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان و دەیبەن بۆ بنکە. بە قسەی زۆرێک لەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی پۆلیسدا بوون و پەیوەندییان بە منەوە کردووە، ژینا پاڕاوەتەوە و گوتوویەتی من خەڵکی تاران نیم و یەکەمجارە هاتووم بۆ ئێرە، تکاتان لێدەکەم مەمبەن، من هیچ شوێنێک پێنازانم، بەڵام بەزۆر خستوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکە و لێیانداوە و لە سەریان داوە. کوڕەکەشم کە لەگەڵی بووە، تکای لە پۆلیسەکان کردووە و گوتوویەتی ئێمە شارەزا نین، مەیبەن، بەڵام لە کوڕەکەشمیان دابوو و جلوبەرگیان لەبەردا دڕاندبوو. دواتر کە بە ئۆتۆمبێلەکە گواستوویانەتەوە بۆ بنکەی پۆلیس، لەناو بنکەکەش دیسان ئازاریان داوە و لێیانداوە. دواتر پۆلیس گرتە ڤیدیۆیەکی درۆینەی پێشاندا کە سەرلەبەری ناڕاست بوو، هەندێک گرتەی دیکەشیان پێشانی مندا کە ئەوانیش هەمووی ناڕاست بوون. فیلمەکە سەرلەبەر سانسۆر کرابوو و هیچی بەسەر هیچەوە نەبوو. دواتر کە ژینا لەناو بنکەی پۆلیس دەکەوێتە سەر زەوی، ئەوەندە درەنگ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان هێنا کە بووە هۆی ئەوەی تووشی وەستانی مێشک و دڵ دەبێت. پۆلیس فیلمێکی 40 بۆ 45 خولەکی پێشانی ئێمەدا کە هەمووی بڕدرابوو و سانسۆر کرابوو، واتا هیچ بەشێکی ئەو ڤیدیۆیە روون نەبوو. کە رەوانەی نەخۆشخانە کرا بوو، تەنانەت پۆلیسێکی لەگەڵ نەچووبوو بۆ ئەوەی بە نەخۆشخانە بڵێت ئەو کەسە کێیە. ئەگەر کوڕەکەم لەوێ نەبووایە، هەر نەمدەزانی تەرمی ئەو کچەکەم چۆن بدۆزینەوە. کارمەندی نەخۆشخانەکە پرسیبوویان ئەو نەخۆشە کێیە؟ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەبەر دەرگەی نەخۆشخانەکە داینابوو و جێیهێشتبوو. دواتر کە لەگەڵ دکتۆرەکان قسەمکرد، دەیانگوت ئەگەر زووتر گەیێنرابا نەخۆشخانە، ئەگەر هەبوو نەمردبا.  
 
رووداو: چەندە دواتر بردبوویان بۆ نەخۆشخانە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: بەوشێوەیەی کوڕەکەم باسی دەکات، نزیکەی کاژێرێک و نیو دواتر گەیێندرابووە نەخۆشخانە. ڤیدیۆی کاتی گەیشتنی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکە بۆ بنکەی پۆلیسیان پێشانی من دا، پەرستارەکان سەریان لێ شێوابوو و هەر بەدەوری خۆیاندا دەسووڕانەوە و نەیاندەزانی چی لێبکەن، هەر کاتیان بەفیڕۆ دەدا و دوای ماوەیەکی زۆر سواری ئەمبۆلانسەکەیان کرد و بردیان بۆ نەخۆشخانە. ئەگەر خێرا گواستبایانەوە بەو شێوەیەی بەسەر نەدەهات، بەڵام بەداخەوە زۆر درەنگ بردیان. هەر ئەوکات کە من گەیشتمە نەخۆشخانە، پزیشکەکان بە منیان گوت کچەکەت مردووە.
 
رووداو: تۆ چۆن زانیت ژینا گیراوە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: کوڕەکەم پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی، خێرا خۆت بگەیەنە تاران. منیش بەخێرایی خۆم گەیاند؛ کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە، بینیم کچەکەم بووەتە جەنازەیەک [وەکو مردووی لێهاتووە]. بە هیچ شێوەیەک رێگەیان نەدەدا بیبینم، دواتر کە خۆم گەیاندە لای، بینیم هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە. هەر ئەوکات پزیشکەکان هیوایان بە مانی نەمابوو و پێیان گوتم ئەو کچە نەماوە، بەڵام من نەمدەتوانی بە هاوژینەکەم بڵێم ژینا مردووە، ئەوەبوو چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە ماینەوە.
 
رووداو: چەند رۆژ لە نەخۆشخانە بوون؟
 
ئەمجەد ئەمینی: نزیکەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە ماینەوە.
 
رووداو: ئەو چەند رۆژەی لە نەخۆشخانە لەگەڵی بووی، هیچ هەناسەی دەدا؟
 
ئەمجەد ئەمینی: بەگشتی خەریکبوو یەک بە یەکی ئەندامەکانی لەشی لەدەستدەدا، ئەو کاتەی گەیەنرابوویە نەخۆشخانە مێشک و دڵی وەستابوو؛ لە دوایین رۆژیدا گورچیلەکان و کۆ ئەندامی هەرس و یەک بەیەکی ئەندامەکانی جەستەی وردە وردە لەکارکەوتن، وابوو کاژێر نزیکەی چواری دواینیوەڕۆ پێیان راگەیاندین کە ژینا گیانی لەدەستداوە. دواتر یەکسەر گواستیانەوە بۆ پزیشکی دادیی تاران و خۆشم لەگەڵی چووم، بەڵام رێگەیان نەدا بچمە ژوورەوە و نەمزانی چی لێهات و چییان لێکرد و دواتر لەناو سندووقێکدا رادەستیان کردمەوە کە سندووقەکەش سەری داخرابوو و هیچ شتێکی دیارنەبوو؛ ئیتر نەمتوانی بزانم چییان لێکردووە کە داوای ئەنجامیشم لێکردن، گوتیان جارێ ئەنجامەکە دیار نییە. دواتر بە فڕۆکە ناردیانینەوە بۆ تەورێز و لەوێشەوە گواستیانینەوە بۆ سەقز.
 
رووداو: لە نەخۆشخانە کاتێک ژینا گیانی لەدەستدا، تۆ لە نزیکی بووی؟
 
ئەمجەد ئەمینی: لە نەخۆشخانەکە بووم، بەڵام بەسەریەوە نەبووم، ئەوکاتە چووبووم نان بخۆم کە یەک لە پۆلیسەکان هات و گوتی گیانی لەدەستداوە. 
 
رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، کاتێک پۆلیسەکان ژینایان بردبوو چییان پێگوتبووە؟ بەرەنگاری ئەو هەوڵەی پۆلیس نەببووەوە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: نەوەڵڵا، خۆ جلوبەرگەکەی لە تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێرانیش پێشاندرا، جلوبەرگەکەی بەڕاستی داپۆشراو بوو؛ ئەو مانتۆیەی لەبەریبوو، ژنێکی 60 ساڵەش مانتۆی لەو شێوەیە لەبەرناکات، بەڵام ژینا پێداگری کردبوو و گوتبووی من خەڵکی ئێرە نیم و شارەزای تاران نیم و مەمبەن، هەر لەبەر ئەو پێداگرییە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا ئازاریاندا بوو، لێیاندابوو و لەناو ئۆتۆمبێلەکە بەزۆر دایان نیشاندبوو، ئەگینا جلوبەرگەکەی بەڕاستی پۆشتەبوو و خۆشیان دانیان بەوە دا ناوە و پەسندی دەکەن کە جلەکانی کێشەی نەبووە.
 
رووداو: بەچی لێیانداوە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: دیار نییە بەچی و چۆن لێیانداوە، بەڵام من هەردوو قاچیم لە نەخۆشخانە بینی. ئاوسابوون و شین هەڵگەڕابوون، بەڵام ئەو کچانەی لەگەڵی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا ببوون و لە بنکەی پۆلیسیش لەگەڵی بوون، پێیان گوتم کە نازانم بە دار بووە یان چی لە سەریان داوە.
 
رووداو: کوێی جەستەی شین ببوویەوە یان شوێنەواری لێدانی پێوە دیاربوو؟
 
ئەمجەد ئەمینی: من تەنیا قاچەکانیم بینی کە شین ببوونەوە، جەستەشی لە نەخۆشخانە داپۆشرابوو. ئەو چەند رۆژەش کە لە نەخۆشخانەبووین چەندین جار داوام کرد پزیشکی داد بێن و بیبینن، بەڵام نەهاتن. ئێمەش شوێنەکانی دیکەی جەستەیمان نەبینی و تەنیا دوو قاچەکانیم بینی کە هەردووکیان رەش و شین ببوونەوە و بەداخەوە کەس نەهات بیپشکنێت و وەڵامێکم بداتەوە کە ئەو شینبوونەوەیە هی چییە.
 
رووداو: تیشکی سەریان گرتبوو؟ هیچ کێشەی هەبوو؟
 
ئەمجەد ئەمینی: سەریان بە جۆرێک پێچابوویەوە کە هیچ دیار نەبوو. هەموو سەریان پێچابوو و بۆ ئێمە دەرنەدەکەوت لێیدراوە یان نا، تەنانەت رێگەیان نەدەدا دەست لە هیچ شوێنێکی جەستەی بدەین، نەیاندەهێشت ڤیدیۆی لێ بگرین یان وێنەی بگرین. دوای ئەوەش لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایانگەیاند، ژینا نەخۆش بووە، بەڵام ئەو کچەی من هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبوو، سوێند بە خودا لە ماوەی ئەو 22 ساڵەی تەمەنی مەگەر هەڵامەتی گرتبێ، ئەگینا هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبوو.
 
رووداو: دەگوترێ لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بە ئاسن یان تەختە کێشاویانە بەسەری ژینادا و دواتریش لەناو حەوشەی بنکەی پۆلیس ئەفسەرێک بە مشتەکۆڵە لە سەری داوە و ئەویش بووراوەتەوە و خوێن بەگوێیدا هاتووەتە خوارەوە. چیرۆکی ئەوە چییە، لەو مەودایە کە بردوویانەتە ناو ئۆتۆمبێلەکە تا ئەو کاتەی بووراوەتەوە چۆن بووە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: من داوای ڤیدیۆی ناو ئۆتۆمبێلەکەم کرد، بەڵام پێیان نەدام؛ داوای ڤیدیۆی ناو حەوشەی بنکەکەشم کرد هەر پێیان نەدام. ئەو کچانە بۆیان باسکردم کە لەناو ئۆتۆمبێلەکە و لەناو حەوشەی بنکەکە لێیدرابوو، کەچی گرتەیەکی سانسۆرکراو و کورتیان لە تەلەڤزیۆن پێشاندا کە من بە هیچ شێوەیەک قبووڵم نییە، لەبەرئەوەی ژینا کاژێر و نیوێک لەناو بنکەی پۆلیسدابوو، ئەی بۆچی ڤیدیۆی ئەو ماوەیە پێشان نادەن؟ بۆچی ڤیدیۆی ناو ئۆتۆمبێلەکە پێشان نادەن؟ هیچ یەک لەمانەیان پێشانی ئێمە نەدایەوە.
 
رووداو: دوای سێ رۆژ کە ژینا گیانی لەدەستدا و تەرمەکەیان پێدانەوە و گەیشتەوە تەورێز، چییان پێگوتن؟ گوتیان زوو بینێژن؟
 
ئەمجەد ئەمینی: لە تەورێز گوتیان هەر ئەمشەو بیبەینەوە و خێرا بینێژین، بەڵام من پێداگریم کرد و نەمهێشت، لەبەرئەوەی پێشتر بە خەڵکم راگەیاندبوو کاژێر 10:00ی سبەی بەیانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ ئەنجامدەدەین. ئەوان پێداگرییان دەکرد هەر شەو بیبەینەوە سەقز و خێرا بینێژین، بەڵام من قبووڵم نەکرد و تەنانەت پێم گوتن ئەگەر وایە من هیچ کارەم، ئێوە تەرمەکە بەرن و من کارم بەسەریەوە نییە؛ ئێوە بیبەن بینێژن و من خۆم دواتر رێگەی خۆم دەگرمەبەر. دواتر تەرمەکەیان بە ئەمبۆلانس هێنا بۆ گۆڕستانی ئایچی سەقز و من رێگەم نەدا تا بەیانی دایبگرن، هەڕەشەی ئەوەم کرد ئەگەر تەرمەکە دابگرن، جێیدەهێڵم و دواتر دەڵێم تەرمی کچەکەیان لێ دزیوم. تا کاژێر هەشتی بەیانی ئەمبۆڵانسەکە مایەوە.
 
رووداو: لەسەر گیانلەدەستدانی ژینا سکاڵا تۆمار دەکەن؟
 
ئەمجەد ئەمینی: بێگومان سکاڵا تۆمار دەکەین. ئەی من چۆن دەهێڵم خوێنی ئەو کچەم هەروا بەفیڕۆ بڕوات؟ بێگومان سکاڵا تۆمار دەکەم و بە دنیاش رادەگەیێنم کە دەبێ ئەو کەسانەی بوونە هۆکاری ئەو رووداوە، لەبەرچاوی خەڵکی ئێران دادگایی بکرێن و بە سزا بگەیێنرێن. دەبێ بۆم روون بکەنەوە.
 
رووداو: ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران تەلەفۆنی بۆ کردی، تۆ چیت پێگوت؟
 
ئەمجەد ئەمینی: ئەو بۆ سەرەخۆشیکردن پەیوەندی کرد، بەڵێنی بەدواداچوونی پێدام و منیش گوتم با بەدواداچوون بکرێت و بزانین ئەنجامێکی لێ دەبێتەوە یان نا، ئەو بەڵێنیداوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکات.
 
رووداو: ماوەی تەلەفۆنەکەتان چەند بوو؟
 
ئەمجەد ئەمینی: نزیکەی 10 بۆ 15 خولەک قسەمان کرد. ئەو بۆ سەرەخۆشی پەیوەندی کردبوو.
 
رووداو: بەڵێنی پێدای کە داواکارییەکەت جێبەجێبکات و لێکۆڵینەوەی جیدی بکات؟
 
ئەمجەد ئەمینی: بەڵێنی 100٪ی داوە کە لە یەکەم دەرفەتدا بەدواداچوونی بۆ بکات و وەڵامەکەم پێبداتەوە.
 
رووداو: تەنیا خۆت قسەت لەگەڵ کرد یان هاوژینەکەشت؟
 
ئەمجەد ئەمینی: لەگەڵ من و برایەکم قسەیکرد، براکەشم هەر داوای ئەوەی کرد بەدوای ئەو دۆسیەیەدا بچن و بزانن ئەو کەسانەی ئەمەیان بەسەر ژینا هێناوە، هۆکاریان چی بووە؛ هۆکارەکە چییە ئەو کچە کە جلوبەرگەکەی بەو شێوەیە پۆشتە بووە بۆ ئاوایان لەگەڵ کردووە؟ با ئەوە ئاشکرا بکرێت و رابگەیێنرێت و ئەو کەسانەش بە جیدی و لەبەرچاوی خەڵک سزا بدرێن، نەک ئەوەی کە سەرپۆشی بکەن.
 
رووداو: جگە لە ئیبراهیم رەئیسی هیچ کەسێکی دیکە لە بەرپرسانی ئێران تەلەفۆنی بۆ کردوون؟
 
ئەمجەد ئەمینی: نا کەسێکی ئەوتۆ تەلەفۆنی نەکردووە؛ هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکان کردوویانە و سەرەخۆشییان لێکردووم، چ ئەوکات کە لە تاران بووم و چ ئەو کاتەی گەڕاینەوە سەقز، کۆمەڵێک بەڵێنیان پێداین کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن، بەڵام ئاخۆ دەیکەن یان نا، جارێ هیچ ئەنجامێکیان بە من رانەگەیاندووە.
 
رووداو: دۆخی تەندروستیی خۆت چۆنە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: جارێ هاوژینەکەم لەو رۆژەوە رووداوەکە روویداوە دۆخی تاندروستیی زۆر خراپە و چەندین جار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، منداڵەکەشم هەروا، خۆشم دوو جار لە نەخۆشخانە خەوێندرام. من جگەرگۆشەکەم لەدەستداوە، چۆن ناڕەحەت نەبم، ئایا لەوە ناخۆشتر دەبێت؟ خۆشم هەتا بڵێی ناڕەحەت و گرفتارم.
 
رووداو: ژینا ئاواتی چی بوو، حەزی لە چی بوو، پلانی بۆ داهاتووی چی بوو؟
 
ئەمجەد ئەمینی: ژینا قوتابیی زانکۆ بوو؛ تازە لە زانکۆ ناونووسمان کردبوو و بڕیار بوو لە یەکەم رۆژی پاییز دەست بە دەوامی زانکۆی بکات لە ورمێ؛ هەفتەیەک بەر لە رووداوەکە چووین ناویمان تۆمارکرد. هەزار ئاوات و ئارەزووی هەبوو؛ کچێکی 22 ساڵان دەبێ چاوەڕوانی چی بێت؟ هەزاران چاوەڕوانی هەیە، تەنانەت هەفتەیەک بەر لەوە کە لە باکووری ئێران بووین، چەندین وێنەی خۆی گرت، هەزاران ئارەزووی هەبوو، هەرگیز بیری ئەو رووداوەی نەکردووەتەوە کە بەسەریهات. بە هەزار هیواوە ناوی لە زانکۆ تۆمارکرد بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی بدات، نەک بەو شێوەیەی لێ بەسەربێت.
 
رووداو: پەیوەندی چۆن بوو لەگەڵ خۆت، لێتەوە نزیک بوو؟
 
ئەمجەد ئەمینی: ئەرێ بەخودا، خۆشەویستم بوو، کچی گەورەم بوو، بەخودا لە قووڵایی دڵەوە خۆشم دەویست؛ ئەو هەمیشە لەگەڵ خێزانەکەی بوو و هەموومانی خۆشدەویست، هیچ کێشەیەک لەناو خێزانەکەدا نەبوو. سوێند بەخودا ئەوەی کە دەڵێن نەخۆش بووە، ژینا هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، کچێکی تەندروست و بە کەیف بوو. مرۆڤێکی زۆر راست و دڵپاک بوو، هەموو ئەوانەی دەیناسن شایەتی بۆ ئەو قسەیە دەدەن.
 
رووداو: لە تەلەفۆنەکەدا بە ئیبراهیم رەئیسیت گوت کە کچەکەم هیچ نەخۆشییەکی نەبووە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: بەڵێ پێم گوت، گوتم تەلەڤزیۆنی ئێران کە ئەو ڤیدیۆیەی پێشاندا کارەکەیان هەڵەبوو و هەمووی درۆبوو؛ ئەی ئەگەر راستە بۆ بەشەکانی دیکەیان پێشان نەدا؟ بۆ ڤیدیۆی ناو ئۆتۆمبێل و حەوشەی بنکەکەیان پێشان نەدا؟ ئەوە ڤیدیۆیەک بوو کە خۆیان بە سانسۆرەوە دروستیان کردبوو. ئەو بەڵێنی 100٪ی داوە کە بەدواداچوون بکات، جا بزانین ئاخۆ بەڕاستی بەدوایدا دەچێت یان نا کە ئەوەش دیار نییە.
 
رووداو: ئەوەندەی هەستت پێکردبێت، رەئیسی بە قسەکانت رازی بوو کە ئەو دیمەنەی بڵاوکرایەوە هەڵە بووە و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران هەڵەی کردووە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش چەندین جار پەیوەندییان لەگەڵ گرتووم. لەو سێ رۆژە کە لە تاران بووم هیچ کەس پەیوەندیی پێوە نەکردم، بەڵام تازە ئەمڕۆ پەیوەندییان کردووە و دەڵێن دێین و چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەین، من رازی نەبووم و گوتم هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران ناکەم، لەبەرئەوەی دێن سیناریۆیەک دروستدەکەن و بە درۆ بڵاویدەکەنەو. گوتم، تکاتان لێدەکەم مەیەن. واتا رێگەم نەدا بێن.
 
رووداو: هیچ گوشارێکتان لەسەرە بۆ ئەوەی قسە نەکەن؟
 
ئەمجەد ئەمینی: وەڵڵا کەسانێک بە دەوروبەرمانەوە هەن و رەنگە تەلەفۆنەکەشم چاودێریی لەسەربێت، بەڵام تائێستا هیچ رێگرییەکیان نەکردووە، تەنیا ئەوەندە دەزانم لە دەوروبەرمانن و چاودێریمان دەکەن.
 
رووداو: لە دانانی پرسە کێشەیان بۆ دروستنەکردوون؟
 
ئەمجەد ئەمینی: نا بۆ ئەمەیان کێشەیان دروست نەکردووە.
 
رووداو: چۆن سەیری ئەو هاوسۆزییە دەکەی کە لە سەرجەم ئێران و هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەیە بۆ ژینا؟
 
ئەمجەد ئەمینی: من سوپاسی هەموو خەڵکی ئێران و دنیا دەکەم کە هاوسۆزییان دەربڕیوە و بەردەوام پەیوەندیم پێوە دەکرێت، بڕوا بکە ئەو تەلەفۆنەم بەردەوام پەیوەندی پێوە دەکرێت، من سوپاسیان دەکەم لە هەموو خەڵکی دنیا، لە ئێران و وڵاتانی دیکە، بەردەوام پەیوەندیم پێوە دەکەن. لە هەموو شارەکانی دەوروبەر خەڵک هاتوون بۆ سەقز، هیوادارم بتوانم بە شادی قەرەبووی گەورەیی ئەو خەڵکە بکەمەوە.
 
رووداو: کەی دەچن سکاڵا تۆمار دەکەن؟
 
ئەمجەد ئەمینی: ئێستا ئەوەندە قەرەباڵخین و خەڵکێکی ئەوەندە زۆر هاتوون بۆ لامان، دەرفەتی ئەوەمان نەبووە، مەگەر ئەو پرسەیە تەواوبێت و بتوانین بچین سکاڵا تۆمار بکەین. ئێستا کە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم، میوان لە ئەهوازەوە هاتوون، بەردەوام خەڵک لە شارەکانەوە دێن بۆ هاوسۆزی دەربڕین. دەبێ دوای ئەو پرسەیە بچم بۆ تاران و سکاڵا تۆمار بکەم.
 
رووداو: بە ئیبراهیم رەئیسیت راگەیاند کە سکاڵا تۆماردەکەی، ئەو چی گوت؟
 
ئەمجەد ئەمینی: ئەو بەڵێنی ئەوەی دا کە ئەگەر منیش سکاڵا تۆمار نەکەم، خۆی بەدواداچوون بکات و ئەنجامەکەم پی رابگەیێنێت.
 
رووداو: قسەی کۆتاییت چییە؟
 
ئەمجەد ئەمینی: تەنیا دەڵێم، پێزانینم بۆ هەموو هاوسۆزی و پشتیوانییەکانی خەڵک هەیە، هەمووان لە پشتم بوون و هەموویان هاوبەشی خەمم بوون، تەنیا دەسەڵاتی ئەوەم هەیە سوپاسیان بکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.