رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئاگرەی لە نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەوە لە سنووری گوندەکانی شارباژێڕ كەوتووەتەوە بەردەوامە و تاوەكو ئێستا نزیكەی 1000 دۆنم زەوی سووتاوە، چەند كەسێكیش بە تۆمەتی خستنەوەی ئاگرەكە دەستگیر كراون.
عەمید هێمن كەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رۆژی دووشەممە 19-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرباری ئەوەی چەندین تیم و خەڵكی ناوچەكە لە هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، بەڵام هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتیشی، "ئاگرەكە لەپشت قەزای چوارتا كەوتووەتەوە، بەڵام دواتر تەشەنەی کردووە بۆ دەوروبەری گوندەكانی بانان، كەناروێ، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك، نۆرەباب. تاوەكو ئێستا ئاگرەكە بەردەوامە و نزیكەی 1000 دۆنم زەوی سووتاوە و زیانێكی زۆری مادیی هەبووە."
سەبارەت بە هۆكاری کەوتنەوەی ئاگرەكە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی، "تاوەكو ئێستا هۆكارەكەی نەزانراوە، بەڵام بە تۆمەتی كەوتنەوەی ئاگرەكە چەند كەسێك دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە."
هەر لەوبارەیەوە شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای شارباژێڕ رۆژی دووشەممە 19-06-2023 بە رادیۆی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە. ئەو ئاگرە لە پاشنیوەڕۆی دوێنێوە کەوتووەتەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان، بەڵام هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە."
بە گوتەی قایمقامی شارباژێڕ، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارباژێر، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگریی شارستانیی ناحیەی سیوەیل و دانیشتوانی ناوچەکە پێکەوە کار دەکەن و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ