نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو گەنجانەی شێوەزاری سۆرانییان بۆ گووگڵ زیاد کرد: هەوڵەکانتان خزمەتە بە زمان و کولتووری کوردی

19-05-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێشوازی لە ژمارەیەک لەو گەنجانەی کە توانییان ‏شێوه‌زارى سۆرانى بۆ سه‌ر خزمه‌تگوزاريى وه‌رگێڕانى گووگڵ زياد بكه‌ن، داوای لێكردن ‏پێكه‌وه‌ وه‌ك تيم بمێننه‌وه‌ و هاوكار و يارمه‌تيده‌ر و پشتيوانى يه‌كتر بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كار و ‏داهێنان و خزمه‌تى باشتر لەو بواره‌دا بكه‌ن. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-05-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەو گەنجانە هه‌موو پشتيوانييه‌كى بۆ كار و پرۆژه‌كانی گرووپەکە و‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ده‌يانه‌وێت له‌ بواره‌كانى ئايتى و ‏ته‌كنه‌لۆژيادا بۆ بره‌ودان به‌ زمانى كوردى خزمه‌ت بكه‌ن؛ راشیگەیاند، كار و به‌رهه‌م و ‏ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كانیان مايه‌ى ستايش و رێز و پێزانين و خزمه‌تە به‌ زمان و ‏كولتوورى كوردى. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:"له‌ ديداره‌كه‌دا چۆنيه‌تيى ده‌ركه‌وتنى بيرۆكه‌ى زيادكردنى شێوەزاری سۆرانی بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارييه‌ى ‏گووگڵ و قۆناخ و هه‌نگاوه‌كانى كارتێداكردنى و كێشه‌ و سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌مى تا گه‌يشتنى به‌ ‏ئه‌نجام و فه‌راهه‌مبوونى بۆ به‌كارهێنان و سوودلێوه‌رگرتن، له‌لايه‌ن به‌شدارانه‌وه‌ خرايه‌وه‌ ڕوو."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "‏هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كيان لەبارەی پلان و به‌رنامه‌كانيان بۆ داهاتووى خزمه‌تگوزارييه‌كه‌ و ‏ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى به‌ ده‌نگ و گه‌ڕانى وێنه‌يى و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانيا ته‌كنه‌ڵۆژيانه‌ى ‏به‌رهه‌مه‌كانيان له‌ كوردستان ده‌فرۆشرێن، بۆ ئه‌وه‌ى سۆفتوێرى كوردى بۆ ئامێره‌كانيان زياد ‏بكه‌ن باسكرد."‏ 
 
نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌يه‌ى بۆ زمانى ‏كوردى به‌ده‌ستهاتووه‌، "به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى له‌و گه‌نجانەی ئاماده‌ى ديداره‌كه‌ بوون و ‏ ئه‌وانه‌ش كرد كه‌ له‌ كوردستان يان له‌ هه‌ر شوێنێكى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن، بۆ ئه‌م پرۆژه‌يه‌ ‏و پێشتريش بۆ زيادكردنى شێوه‌زارى كرمانجى و هه‌موو ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌م بواره‌دا وه‌ك ‏دروستكردنى كيبۆرد و فۆنته‌ كوردييه‌كان، ره‌نج و ماندووبوونيان كێشاوه‌ و كار و به‌رهه‌م و ‏ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كانى هه‌موويانى به‌ مايه‌ى ستايش و رێز و پێزانين و خزمه‌ت به‌ زمان و ‏كولتوورى كوردى له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏"
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هه‌موو پشتيوانييه‌كى بۆ كار و پرۆژه‌كانى ئه‌و گرووپه‌ ‏گه‌نجه‌ خۆبه‌خشانه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ده‌يانه‌وێت له‌ بواره‌كانى ئايتى و ‏ته‌كنه‌لۆژيادا بۆ بره‌ودان به‌ زمانى كوردى خزمه‌تبكه‌ن. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا داواى لە گرووپە گەنجەکە کرد ‏پێكه‌وه‌ وه‌ك تيم بمێننه‌وه‌ و هاوكار و يارمه‌تيده‌ر و پشتيوانى يه‌كتر بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كار و ‏داهێنان و خزمه‌تى باشتر له‌و بواره‌دا بكه‌ن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سۆران عومەر و لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.

وەزارەتی تەندروستی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "بێ ئاگا قسەی لێ دەکات"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، "بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات".