prev
next
رووداو دیجیتاڵ
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "عێراق" دەڵێ "لە سەردەمی ئیمام عەلی دا بەبۆنەی نەورۆزەوە شیرینی دابەشکراوە."
کامەران سوبحان، نووسەر و رەخنەگر، شەوی چوارشەممە (19-3-2025) لاپەڕەیێکی رۆژنامەی عێراقی بڵاوکردەوە کە تێیدا لەبارەی نەورۆز گفتوگۆ لەگەڵ مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کراوە. کامەران سوبحان نووسیویێتی چاوپێکەوتنەکە بۆ ئەوە کراوە "مامۆستا بڵێت: نەورۆز، جەژنی کورد نییە و جەژنی فارس و ئاگرپەرستییە." بەڵام ئەو زۆر زانایانە وەڵامی داوەتەوە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس وەک کامەران سوبحان ئاماژەی پێکردووە لە هەڤپەیڤینەکەدا "زۆر زانایانە دەڵێت: جەژنی نەورۆز، جەژنێکی ناسراوی سەردەمی ئیسلام و پێش ئیسلامە، هیچ دژایەتیێکی لەگەڵ ئایینی موسڵمانان دا نییە. جەژنی نەورۆز درووشمێک نییە بۆ فەساد، بەڵکو جەژنی بەهار و شادیی کوردە."
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لەدایکبووی ساڵی 1901 لە گوندی گوێزەکوێرەی مەریوان و لە ساڵی 2005 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە. ئەو نووسەر، زانای ئایینی، شاعیر و موفتیی کوردی سەدەی بیستەمە و زیاتر لە 60 کتێبی ئایینی، مێژوویی و ئەدەبیی بڵاوکردووەتەوە، ھەروەھا قورئانی پیرۆزی بە زمانی کوردی و عەرەبی تەفسیر کردووە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا مودەڕیس دەڵێت: لە سەردەمی ئیمامی عەلی، جەژنی نەورۆز هەبووە و شیرینی دابەشکراوە! جارێک ئیمامی عەلی لە شیرینییەکەی خواردووە و گوتوویەتی ئەمە چییە؟ گوتوویانە ئەمە جەژنێکی نەتەوەیی ئێمەیە و لە نەورۆزدا دروستیدەکەین و بەسەر ئەوانەی خۆشماندەوێن دابەشی دەکەین. ئیمامی عەلی، دەفەرموێت: زۆرباشە هەموو کاتێ جەژنی نەورۆز سازبکەن و گوزارشت لە خۆشی و شادی خۆتان بکەن!
دەقی کوردیی ئەوەی لە رۆژنامەکەدا نووسراوە:
زانا (عەلامە) شێخ عەبدولکەریم مودەڕیس: نەورۆز هەرگیز درووشمی هیچ فەساد و دژایەتیێک نەبووە لە ئایینی ئیسلام
زانا (شێخ عەبدولکەریمی مودەڕیس) یەکێکە لە پیاوانی ئایینی ناسراو و یەکێکە لە یەکەم مامۆستاکان لە عێراق، لەگەڵی دانیشتین بۆ ئەوەی بۆمان باسی نەورۆز بکات.. سەرەڕای نەساخیی تەندروستیی، بەڵام لەنێو قوتابییەکانی قسەی بۆ کردین و گوتی:
نەورۆز رۆژی کۆتاییەکانی زستان و سەرەتای بەهارە، کە زستان سارد بوو و خەڵک ماندوو بوون و پێویستیان بە بەتانی و لێفە و سووتەمەنی بوو، بەڵام کە بەهار دەهات، ئەو شتانەیان فڕێدەدا و بەبۆنەی هاتنی بەهار چالاک و دڵخۆش دەبوون، لەو رۆژە دیاریکراوەدا یارییان دەکرد، کە دەگوترێت یەکەم رۆژی بەهارە، ئەمە لە سەردەمی ئیسلام و موسڵمانانیشدا هەبووە، هەرگیز درووشمی هیچ فەساد و دژایەتیێک نەبووە لە ئایینی ئیسلامدا، حاشا موسڵمانان شتێک بکەن کە پێچەوانەی ئایینەکەیان بێت... ئەمە بڕیاری لێدراوە و دەیزانین، هەر لە منداڵییەوە تاوەکو ئێستا.
عەبدولکەریم مودەڕیسی زانا دەڵێ: بیستوومە خەڵک لە سەردەمی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب رەزای خوای لێبێت، شیرینی و شتی دیکەیان دروستکردووە و بەشێکیان کردووەتە دیاری بۆ پێشەوامان عەلی خوا لێی رازی بێت. ئەویش لێی پرسیون، ئەم شیرینییە چییە؟ گوتوویانە ئەمە درووشمی ئێمەیە؛ لە نەورۆزدا ئەم شتانە دەخۆین و بە دیاریش دەیبەخشینە ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن.. ئەویش (عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) گوتوویەتی مادام وایە هەموو مانگێکمان بۆ بکەنە نەورۆز.
ئەوەی زانا شێخ عەبدولکەریمی مودەڕیس لەبارەی ئیمام عەلی (خوای لێ رازیبێت) نووسیویێتی، گێڕانەوەکەی کە لە لاپەڕەکە لەبارەی ئیمام عەلی رەزای خوای لەسەربێت بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاست دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ