رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، لە دوو هەفتەی رابردوودا لە دهۆک و زاخۆ 16 تۆمەتبار دەستگیر کراون، زیاتر لە 82 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیراوە.
رۆژی چوارشەممە 19ی ئاداری 2025 بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، "لە بەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، لە ژمارەیەک چالاکیدا لە دوو هەفتەی رابردوودا بەڕێوەبرایەتییەکەمان و بەشەکانی دیکەی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە لە دهۆک و زاخۆ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا ژمارەیەک بازرگان دەستگیر بکرێن، کە کاری گواستنەوە و مامەڵەکردنیان بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرد، ژمارەیەکیان هاووڵاتیی وڵاتانی دراوسێ بوون."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەم چالاکییانەدا بڕی 22.94 کیلۆگرام کریستاڵ و 1.44 کیلۆگرام هێرۆیین و 50 کیلۆگرام حەبی ترامادۆڵ دەستیان بەسەردا گیرا، هاوکات جگە لەم مادانە توانرا تۆڕێکی دیکەی بازرگانیی کریستاڵی شل هەڵبوەشێندرێتەوە، کە لە ناو دوو دەبەى رۆنی ئۆتۆمبێل 7.62 کیلۆگرامیان شاردبووەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوە دەکات، کۆی گشتیی ئەو مادانە دەکاتە 82 کیلۆگرام و تۆمەتبارەکانیش 16 تۆمەتبارن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لە چالاکییەکی دیکەدا، توانیویانە 45 کارتۆن دەرمان و حەبی ماوەبەسەرچوو و بێ ستیکەر، کە بە شێوەی قاچاخ و نایاسایی هێندرابوونە ناو هەرێمی کوردستان، دەستیان بەسەردا بگرن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە دوو چالاکیی دیکەدا کە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رۆڵی گرنگی تێیدا هەبووە، تواندرا هەزار و 100 کیلۆگرام، واتە تەنێک و سەد کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لە شاری بەغدا و 70 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لە شاری موسڵ دەستیان بەسەردا بگیریت، کە یەکێک لە چالاکییەکان بە هاوئاهەنگیی هەر چوار بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر، بەغدا، سلێمانی و موسڵ بوو.
لە دادگا دۆسیەی تاوان بۆ تەواوی ئەو تۆمەتبارانە کراوەتەوە کە دەستگیر کراون، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ