رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی شنگال لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 140 هەزار کوردی ئێزدی، کە لە دەرەوەی وڵاتن، لەم سەرژمێرییەدا ناویان تۆمار ناکرێت. هەروەها بۆ ئەم سەرژمێرییە، ژمارەیەکی کەم لە کۆچبەرانی کوردانی ئێزدی لە کەمپەکانەوە دەگەڕێنەوە شنگال.
سوفیان یوسف، بەرپرسی نووسینگەی شنگال لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە نوورۆژ، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایدەگەیەنێت، دۆخی کوردانی ئێزدی لەم سەرژمێرییەدا لە مەترسیدایە، چونکە نزیکەی 140-150 هەزار کوردی ئێزدی لە دەرەوەی وڵاتن و لەگەڵ خێزانەکانیان چوون و هیچ میکانیزمێک نییە بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان.
سوفیان یوسف حەمێ هۆشداری دەدات لەوەی 60 هەزار خێزانی کۆچبەرانی کوردی ئێزدی لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، داواشیان لێدەکات لەکاتی سەردانی تیمەکانی سەرژمێری زانیاری دروستی خۆیان بدەن و ناوی ئەو گوند و ناحیانەی لێوەی هاتوون بدەن، چونکە ئەوان لەسەر شنگال تۆماردەکرێن، بەڵام باشترە ئەگەر خەڵک لە رۆژی سەرژمێریدا لە شنگال بن. دەشڵێت ئەگەر سەرۆکی خێزان لە قەزای رەسەنی خۆی بێت مافی لەدەست ناچێت.
سەبارەت بە بارودۆخی دیمۆگرافیای شنگال، بەرپرسی نووسیگەی شنگال لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان رایدەگەیەنێت، زۆربەی عەرەبەکان گەڕاونەتەوە گوندەکانیان، بەڵام رێژەی کوردانی ئێزدی کە گەڕاونەتەوە کەمن، بەتایبەتی لە قەزاکانی قەیرەوان و گرعوزێر، بۆ نموونە رێژەی کوردانی ئێزدی کە گەڕاونەتەوە نێو کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر کە لەسەر گرعوزێر کەمترە لە 20٪ و دواتر رێژەی پێکهاتەکانی دیکە لە رێژەی ئێزدی زیاتر دەبێت.
بەرپرسی نووسینگەی شنگال لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند، 10 هەزار و 700 کەس هەن کە ناویان لە سەرژمێریەکەدا تۆمار ناکرێت. ژمارەیەکیان لە کاتی شەڕی داعش رفێنراون و بێسەروشوێن کراون، ژمارەیەکی دیکەشیان کە رزگاریان بووە لە داعش لە وەرگرتنی چاودێری تەندروستی دەروونی لە دەرەوەی وڵاتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ