رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعیی کوردستان لە خانەقین داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە لە دەرەوەی شارەکەن، بۆ سەرژمێریی بگەڕێنەوە. دەشڵێت، هەرکەس بگەڕێتەوە، جێگەی مانەوەی بۆ دابین دەکەن.
عەباس رەحمان، بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی حیزبی شیوعیی کوردستان لە خانەقین ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر کوردێک دەگەڕێتەوە بۆ سەرژمێری، ماڵ و بارەگاکانمان دەکەینە شوێنی مانەوەیان و خزمەتیان دەکەین."
جگە لە حیزبی شیوعی، چالاکڤانانی خانەقینیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن هاونیشتمانییانی رەسەنی سنوورەکە بگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری و ئەوان جێگەی مانەوەیان بۆ دابین دەکەن.
چوارشەممە و پێنجشەممە سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. حیزبە کوردستانییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ زێدی خۆیان لە سەرژمێریدا و دەڵین، "کورد نەگەڕێتەوە زیان بە کوردستانی بوونی ناوچەکانی سنووری مادەی 140 دەگەیێنێت".
عەباس رەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو ماڵەکانی خانەقین دەرگایان کراوەیە بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییان، چونکە ئەمە خزمەتە بە کورد و ئەرکی هەمووانە."
بە گوتەی بەرپرسی کۆمیتەی شیوعی لە خانەقین، "ئێستا عەرەبێکی زۆر لە خانەقین موڵک دەکڕن و لەوێ دەمێننەوە، بۆیە گەڕانەوەی کورد بۆ سنوورەکە زۆر گرنگە لە سەرژمێریدا."
بەشێکی کوردی رەسەنی خانەقین لە بەغدا دەژین، هەروەها دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەشێکی دیکەی هاونیشتمانییان لە خانەقینەوە چوونە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
قەزای خانەقین و ناحیەکانی دەورووبەری بەتایبەت ناحیەی گوڵاڵە، لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستانن و لە رووی کارگێڕییەوە خراونەتە سەر پارێزگای دیالە، بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا کورد زۆرینەی سنوورەکە بەدەست دەهێنێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ناوچەکانی باشووری کوردستان زیاتر لە 400 هەزار هاونیشتمانی لە دەرەوەی شارەکانیان و لە هەرێمی کوردستان دەژین. بە جۆرێک تەنیا لە شنگال 200 هەزار و لە کەرکووک نزیکەی 155 هەزار هاونیشتمانی لە دەرەوەی شارەکانیان دەژین، هەروەها لە قەزای خوورماتووش نزیکەی 21 هەزار کورد لە دەرەوەی شارەکەیان دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ