کۆچبەرێک: پۆلیسی بێلاڕووس لەنێو ئاودا پێی نا بە پشتی کۆچبەرێکدا و خنکاندی

18-11-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بێلاڕووسەوە گەیشتەوە هەولێر کە لەکۆی 431 کۆچبەر، نزیکەی %95 یان خەڵکی هەرێمی کوردستانن. کۆچبەرێک بە رووداوی گوت، ژیانیان زۆر ناخۆش بووە، گوتیشی گەنجەکان "لێرە نان و ئاو بخۆن، مەچن بۆ ئەوروپا." کۆچبەرێکی دیکەش باسی لەوە کرد، پۆلیسی بێلاڕووس پێی لەسەر پشتی خەڵک لەنێو ئاودا داناوە تاوەکو خنکاوە.
 
کۆچبەران لەکاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر باسی دۆخی سەختی ژیانیان لەسەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا کرد. کۆچبەرێک بە رووداوی گوت، چیرۆکی زۆر دڵتەزێنی بەچاوی خۆی بینیوە، "دایک و باوک هەبوون منداڵە هەشت ساڵانەکەیان جێهێشتووە، پۆلیسی پۆڵەندا پێی خستووەتە سەر پشتی نەفەر تاوەکو خنکاوە." 
 
سەرما، نەبوونی نان و ئاو و ئاسایش لەو سەرسنوورە کێشەکانی ئەو کۆچبەرانەبوون کە لەکاتی گەڕانەوەیان باسیان دەکرد. کۆچبەرێک گوتی، "کوڕێک کە خێزانی خۆی لەگەڵ بووە، دایکی نەیتوانیوە، دایکی بەجێهێشتووە، ئێمە بە چەند کەسێک دایکەکەمان بردووە." ئەو گوتیشی، کۆچبەرەکان "هەموو رۆژێکیان مردنە."
 
ئەو کۆچبەرە باسی لەوە کرد، بەهۆی نەبوونی خۆراک و خواردنەوە، لە چاڵە ئاوی پاشماوەی توالێتدا ئاویان خواردووە و گیایان خواردووە. لەبارەی ئەو پارەیەی کە خەرجیان کردووە، گوتی، تاوەکو بێلاڕووس لە سێ هەزار و 900 دۆلارەوە تاوەکو 4400 دۆلاربووە. لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا تاوەکو 8000 دۆلاری ویستووە. 
 
بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکەدا کرد، بەشێکیان خۆشحاڵ بوون کە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان. کۆچبەرێکی خەڵکی زاخۆ کە لەگەڵ هاوژینەکەی کۆچی کردبوو بە رووداوی گوت، "زۆرمان پێخۆشە هاتووینەتەوە، لەوێ زۆر ماندووبووین، حکومەتی بێلاڕووس هیچ مافێکی مرۆڤی لەلا نییە."
 
ئەو کۆچبەرە دەڵێت، "دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە.. بۆیە بەو گەنجانە دەڵێم، نان و ئاو بخۆن، باشترە لەوەی بچن لە ئەوروپا بژین." باسی لەوەشکرد، حکومەتەکان لەو سەرسنوورە وەکو تۆپ یارییان پێدەکردن. "ژنم بینی لە سەرما خەوی لێنەدەکەوت، منداڵ هەبوو لە سەرما رەقبووەوە."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران قسەیکرد و گوتی، حکومەت "بەگەرمی" پێشوازییان لێدەکات. گوتیشی، ناونووسین بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران. هاوکات 10 قاچاخچیشیان دەستگیرکردووە.
 
لەنێو کۆچبەراندا کۆچبەرێکیش بەبێ ئەوەی بووەستێت و روونکردنەوەی زیاتر بدات رایگەیاند، "بەزۆر هێنامانیانەوە، لەنێو هۆتێل دەرمانیان کرد." بەڵام بەپێی ئەو فۆڕمەی بەسەر کۆچبەراندا دابەشکراوە، گەڕانەوەی کۆچبەران ئارەزوومەندانەیە. 
 
دواتر کۆچبەرێکی خەڵکی سلێمانیش قسەیکرد، ئەویش خۆشحاڵیی خۆی بە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی، "هەموو ئەوروپا بستێک خاکی هەولێر و سلێمانی ناهێنێت." بەڵام گەنجێک لەدوای ئەو کە ئەویش هەر لە سلێمانی بوو رای جیاواز بوو، دەیگوت، ژیان لە ئەوروپا خۆشە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زەکەریا یاپجیئۆغڵوی، سەرۆکی هوداپار

سەرۆکی هوداپار داوا لە پەکەکە دەکات نیازپاکی پیشان بدات

سەرۆکی هوداپار لەکاتی بەسەرکردنەوەی 'دایکانی دیاربەکر' بانگەوازی لە پەکەکە کرد، رۆڵەی ئەو دایکانە لە شاخەوە بنێرنەوە زێدی خۆیان و نیازپاکی بەرامبەر پرۆسەیەکی چارەسەری پیشان بدات