رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، (18-10-2023)، پاش دوو ساڵ کارکردن تێیدا، مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرایەوە. مۆنیۆمێنتەکە لە شوێنێک دروست کراوە پێی دەڵێن، "گۆڕی دایکان" لە کاتی داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە ژمارەیەکی زۆر ژنی بەتەمەن لەو شوێنەدا کوژراون.
مۆنیومێنتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، لەلایەن دامەزراوەی دەستپێشخەریی نادیە و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق و بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAID دروستکراوە.
ئامانج لە دروستکردنی مۆنیۆمێنتەکە، بەبیرهێنانەوەی بەردەوامی جینۆسایدی کوردانی ئێزدییە بەدەستی داعش لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، تاوەکو جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.
هەر بەشێکی مۆنیۆمێنتەکە کە دروست کراوە ئاماژەیە بۆ قۆناخێک لە قوربانییانی کوردانی ئێزدی، رووبەری 10 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بۆ ئەوەی ببێتە هێمایەک بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی ژیان و کولتووری کوردانی ئێزدی.
دیزاینەکەشی لە 73 پەیکەری خۆر پێکهاتووە کە ئاماژەیە بەو 73 رووداوەی لە مێژووی کوردانی ئێزدیدا باس کراون کە تێیاندا دووچاری کوژران و کارەسات بوونەتەوە.
لەنێو مۆنیۆمێنتەکەدا 3000 کێلەبەرد هەن، بەو مانایەی لە هێرشەکانی داعشدا لە ساڵی 2014، زیاتر لە 3000 کوردی ئێزیدی کوژراون.
دوای نزیکەی نۆ ساڵ لە هێرشی سەر شنگال و شەش ساڵیش لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگالەوە لەلایەن پێشمەرگە، هێشتا دۆخی ئەو شارە ئارام نییە و خزمەتگوزاریش بەپێی پێویست نییە.
ئەو دۆخەی لە شنگال هەیە، وای کردووە بەشی زۆری ئاوارەکان نەتوانن یان نەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئەوانەشی گەڕاونەتەوە، نە قەرەبووکراونەتەوە نە هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابینکراوە.