رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتایی هەفتەی رابردوو گۆڕانکارییەکانی لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبەی لە میدیای فەرمیی خۆی بڵاوکردەوە، لە گۆڕانکارییەکەدا جگە لە لەلابردنی وشەی هاوسەرۆک، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسیی زیادکراون لە بەرامبەردا دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەمکراونەتەوە، جگە لەوە دەسەڵاتی مەکتەبی رێکخستن لە ئاڵوگۆڕ و لابردنی بەرپرسانی مەڵبەندەکان زیادکراوە.
گۆڕانکارییەکان لە 29 مادەی پەیڕەوەکەدا کراون، بەبێ کۆنگرە و لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا لە 28-8-2022 پەسند کراون. گۆڕانکارییەکان جگە لە لابردنی وشەی هاوسەرۆکان، چەندین جومگەی ئەو حیزبەی گرتووەتەوە، لە مەکتەب و ئۆرگان و دەسەڵاتەکانەوە، بەشێوەیەک دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە چەندین بڕگەدا زیادکراوە لەوانە: "زیادکردنی ئەو دەزگایانەی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە بەستراونەتەوە، پێویستی بە رەزامەندی سەرۆک لە گۆڕانکاری و دیاریکردن و رێکارەکان، هەروەها ژمارەیەک گۆڕانکاریی دیکە هەن، کە رەهەندی داراییان هەیە لەوانە سەرۆک سەرپەرشتی مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی دەکات، دەزگای دەستپاکی و چاودێری دارایی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێتەوە. هاوکات پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق بەگشتی و هەر پەیوەندییەکی دیکەی یەکێتی کە کاریگەریی لەسەر یەکێتی هەبێت راستەوخۆ سەرۆک لێی بەرپرسە."
رۆژی هەینی، 18-8-2023، ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گۆڕانکارییەکان پەیڕەوی و یاسایین، ئەوەی کراوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییە و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسەڵاتی ئەو گۆڕانکارییانەی هەیە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەو گۆرانکارییانە لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنرابوو کراوە.
ئەو گۆڕانکارییانەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا کراون:
- مادەی یەکەم: سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی
بڕگەی 4ـی مادەی 31 هەمواردەکرێتەوە، بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
"بەشداری لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی دەکات و سەرجەم مافەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دەبێت، بە مافی دەنگدانیشەوە."
پێشتر بەمشێوەیە بوو: "بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی دەکات."
- پوختەی گۆڕانکاری: دەسەڵاتی دەنگدان بۆ سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی زیاد دەکرێت.
- مادەی دووەم: مەکتەبی سیاسیی
مادەی 39 هەموار دەکرێت، بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
مەکتەبی سیاسی پێکدێت لە 30-35 ئەندام.
یەکەم: سەرۆک
دووەم: 7-9 کارگێڕ
سێیەم: 20-26 ئەندامی سەرکردایەتی لێپرسراوی ئۆرگان یان بێ ئۆرگان.
پێشتر بەمشێوەیە بووە:
مەکتەبی سیاسیی پێکدێت لە:
یەکەم: هاوسەرۆک
دووەم: پێنج کارگێڕ
سێیەم: لێپرسراوی مەکتەب و دەزگاکان
چوارەم: گوتەبێژ
- پوختەی گۆڕانکاری: زیادکردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێکدێت لە ژمارەیەک سەرکردایەتی لێپرسراوی ئۆرگانەکان بن یان لێپرسراو نەبن، لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی کارگێڕانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی لە 5ەوە بۆ 7 تاوەکو 9 ئەندام، لابردنی گوتەبێژ. لابردنی دەستەواژەی هاوسەرۆک.
- مادەی سێیەم: تایبەتە بە کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی
بڕگەی یەکەم لە مادەی 41 هەموار دەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
دەستەی کارگێڕ پێکدێت لە 7-9 کارگێڕ و لەنێو خۆیاندا بڕیاردەری دەستەی کارگێڕ هەڵدەبژێرن و ئەرک و دەسەڵاتی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی دەبێت.
پێشتر لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردران، دەبووایە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بن. کاروباری رۆژانەی مەکتەبی سیاسیی رادەپەڕێنێت، هەمان مەرج و ئەرک و دەسەڵاتەکانی مەکتەبی سیاسیی دەیانگرێتەوە.
پوختەی گۆڕانکاری: ژمارەی کارگێڕان لە 5ەوە بۆ 7 تاوەکو 9 زیادکراوە، خۆیان دەستەی کارگێڕ هەڵدەبژێرن، مەرجی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هەڵگیراوە.
- مادەی چوارەم:
مادەیەک زیاد دەکرێت لە حوکمە کۆتاییەکان و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە: دەنگدان لەسەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە(50+1) دەبێت.
مادەی پێنجەم:
بڕگەیەک بۆ کۆتایی بڕگەی (ج-دووەم) لە مادەی 12 زیاددەکرێت، بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
هەر ئەندامێکی (ی. ن. ک) لە هەر پلە و پۆستێکی حیزبی یان بەهۆی (ی. ن. ک)ەوە پۆستی حکومی یان پەرلەمانی هەبێت، ئەگەر راستەوخۆ خۆی یان پێگەکەی بەکاربهێنێت بۆ تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دوای سەلماندن و خستنەڕووی بەڵگەکان، ئەم سزای هەڵپەساردنە دەیگرێتەوە.
- بڕگەی (ج - دووەم) لە مادەی 12 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
هەڵپەساردن: ئەم سزایە ئۆرگانی پەیوەندیدار دەریدەکات بەپێی ریزبەندی ئۆرگانی بۆ ماوەی:
1- سێ مانگ
2- شەش مانگ
3- ساڵێک
4- تاوەکو کۆنگرە
بڕگەی چوارەم لە مادەی 12 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
سەرجەم سزاکانی لەم ماددەیە ئاماژەیان پێدراوە، هەموو ئۆرگانەکان دەگرێتەوە و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان بۆ پێکدێت، بەپێی ریزبەندی ئۆرگانی.
پێشتر هەڵپەساردن: ئەم سزایە مەکتەبی رێکخستن یان ئۆرگانی پەیوەندیدار دەریدەکات بەمەرجێک هەڵپەساردنەکەی لە 3 مانگ کەمتر و لە 6 مانگ زیاتر نەبێت.
پوختەی گۆڕانکاری: زیادکردنی سزا بۆ ئەو کەسەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکات، بە هەڵپەساردنی لەنێوان 3 بۆ 6 مانگ، جگە لەوە هەڵپەساردن ئۆرگانی پەیوەندیدار دەریدەکات و مەکتەبی رێکخستن لابراوە و هەڵپەساردنەکانیش دیاریکراوە.
- مادەی شەشەم:
وشەی "سەرۆک" جێگەی وشەی" هاوسەرۆک" دەگرێتەوە، لە هەر بڕگە و مادەیەکی دیکەی ئەم پەیڕەوەدا هاتبێت.
پوختەی گۆرانکاری: لابردنی وشەی هاوسەرۆک
- مادەی حەوتەم: تایبەتە بە گۆڕینی هاوسەرۆک بە سەرۆک
مادەی 33 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرۆکی دەبێت کە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێت و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێت.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: یەکەم: هاوسەرۆک لە دوو هەڤاڵ پێکدێت بۆ کارکردن و هاوبەشیکردن لە بەڕێوەبردنی (ی. ن. ک)دا، دووەم: هاوسەرۆک، راگری هاوسەنگی دەبن و کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی (ی. ن. ک) دەکەن لەناوەوە و دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا، سێیەم: ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبن و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرن، چوارەم: هەموو رێککەوتن و هاوپەیمانییەکان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دەبن.
پوختەی گۆڕانکاری: لابردنی دەستەواژەی هاوسەرۆک و دیاریکردنی سەرۆک.
- مادەی هەشتەم: تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
مادەی 34 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت
دووەم: ناو و ناوبانگی باشبێت و شارەزابێت لەبواری سیاسەتدا
سێیەم: لانیکەم 10 ساڵ خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی لە ریزەرەکانی (ی. ن. ک)دا بەبێ دابڕان هەبێت.
چوارەم: بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت.
پێشتر ئەو مادەیە تایبەت بوو بە هاوسەرۆکانی یەکێتی و مەرجەکانیان بەمشێوەیە بوو:
یەکەم: تەمەنیان لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
دووەم: ناو و ناوبانگیان باشبێت و شارەزابن لە بواری سیاسەتدا.
سێیەم: لانیکەم 10 ساڵ خەباتی سیاسیی و رێکخراوەییان لە ریزەکانی (ی. ن. ک)دا بەبێ دابڕان هەبێت.
چوارەم: بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابن.
پوختەی گۆڕانکاری: تەنیا لابردنی هاوسەرۆکە و دیاریکردنی سەرۆکە بۆ یەکێتی، بێ گۆڕینی مەرجەکانی بوونە سەرۆک.
- مادەی نۆیەم: هەڵبژاردنی سەرۆک
مادەی 35 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
لەدوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بە دەنگدانی ئازاد راستەوخۆ سەرۆک هەڵدەبژێرێت.
پێشتر بەمشێوەیە بوو:
یەکەم: لەدوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە دەنگدانی ئازاد و نهێنی و راستەوخۆ و بەدەنگی 2/3ـی ئەندامانی ئەنجوومەن، 2 لە کاندیدەکان بە هاوسەرۆک هەڵدەبژێردرێن.
دووەم: لەکاتی بوونی زیاتر لە دوو کاندید و بەدەستنەهێنانی دەنگی 2/3ـی ئەندامانی ئەنجوومەن لە خولی دووەمدا بەزۆرینەی سادە ئەنجامەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
پوختەی گۆڕانکاری: لابردنی هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و دیاریکردنی سیستەمی هەڵبژاردنی سەرۆک، لابردنی دەستەواژەی دەنگدانی نهێنی.
مادەی دەیەم: دەسەڵاتەکانی سەرۆک
مادەی 36 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: لەکاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکدا، ئەوا دەسەڵاتەکانی خۆی دەداتە ئەندامێکی دەستەی کارگێڕ، کە خۆی دیاریدەکات.
پێشتر: لەکاتی ئامادەنەبوونی هەریەکێک لە هاوسەرۆکان، راستەوخۆ هاوسەرۆکەکەی دیکە دەسەڵاتەکانی دەگرێتە ئەستۆ.
پوختەی گۆڕانکاری: لابردنی هاوسەرۆک، ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو دەسەڵاتەکانی دەداتە کارگێڕێک، کە خۆی دەستنیشانی دەکات.
مادەی یازدەیەم: ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک
مادەی 37 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی (ی. ن. ک).
دووەم: فەرمانی دانانی لێپرسراوی ئەو ئۆرگانانەی کە راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە سەرۆکەوە، دەردەکات.
سێیەم: سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی دەکات، لەکاتی وەک یەکی دەنگەکاندا دەنگی سەرۆک یەکلاییکەرەوە دەبێت.
چوارەم: بەرپرسە لە رێکخستنەکانی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە، کە بچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانییەوە.
پێنجەم: نوێنەرایەتی (ی. ن. ک) دەکات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی (ی. ن. ک) لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا.
شەشەم: هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی (ی. ن. ک) دەکات.
حەوتەم: رێککەوتنە سیاسییەکان لەدوای پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە واژۆ دەکات.
هەشتەم: لادەبرێت
نۆیەم: راپۆرتی سیاسیی و رێکخراوەیی بۆ کۆنگرە و کۆبوونەوەی ساڵانە ئامادە دەکات.
دەیەم: سکرتاریەتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پێکدێنێت.
یازدەیەم: مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، دەزگای دەستپاکی و چاودێری دارایی، پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق بەگشتی و هەر پەیوەندییەکی دیکە کە کاریگەریی لەسەر (ی. ن. ک) هەبێت راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێتەوە.
دوازدەیەم: سەرپەرشتیاری مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی دەکات و پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی (ی.ن.ک) دەبێت، نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی یان کەسوکاری بەکاریان بهێنێت.
سێزدەیەم: یاریدەدەرێکی دەبێت بۆ رێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕی و دارایی، ئۆفیس و پەیڕەوی کاری خۆی دەبێت و سەرۆک پەسەندی دەکات.
چواردەیەم: سەرۆک پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێت و بەپرسیارە لە جێبەجێکردنیان:
پێشتر:
یەکەم: بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی (ی. ن. ک).
دووەم: فەرمانی دانانی لێپرسراوی ئۆرگانەکان دەردەکەن پاش هەڵبژاردنیان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
سێیەم: سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی بە دەوری دەبێت، لەکاتی وەک یەکی دەنگەکاندا دەنگی ئەو هاوسەرۆکەی کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەبات یەکلاییکەرەوە دەبێت.
چوارەم: بەرپرسە لە رێکخستنەکانی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە کە بچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانییان.
پێنجەم: لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی (ی. ن. ک) لە ناوەوە و لە دەرەوە بەشێوەی دەوری بەشداری دەکەن.
شەشەم: هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی (ی. ن. ک) دەکەن.
حەوتەم: رێککەوتنە سیاسییەکان لەدوای پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە واژۆ دەکەن.
هەشتەم: گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
نۆیەم: راپۆرتی سیاسیی و رێکخراوەیی بۆ کۆنگرە و کۆبوونەوەی ساڵانە ئامادەدەکەن.
دەیەم: سکرتاریەتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەیان پێکدێنن.
یازدەیەم: مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، راستەوخۆ بەسەرۆکەوە دەبەسترێتەوە.
دوازدەیەم: پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی (ی. ن. ک) دەبن و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی یان کەسوکاریان بەکاریان بهێنێن.
سێزدەیەم: هاوسەرۆکان پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبن و بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنیان.
پوختەی گۆڕانکاری: لێپرسراوی ئەو ئۆرگانانە دادەنێت کە راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە سەرۆکەوە، لەکاتێکدا پێشتر دوای هەڵبژاردنیان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو کارەی دەکرد، لە دەنگدان لە مەکتەبی سیاسیی، دەنگی سەرۆک یەکلاییکەرەوە دەبێت، جگە لەوانە دەزگای دەستپاکی و چاودێری دارایی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە بەستراوەتەوە، جگە لە پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق بەگشتی و هەر پەیوەندییەکی دیکەی یەکێتی کە کاریگەریی لەسەر یەکێتی هەبێت، جگە لەوەش سەرپەرشتیکردنی مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی لەلای سەرۆکی یەکێتی دەبێت. هاوکات زیادیکردنی پۆستی یاریدەدەرێک بۆ رێکخستنەوەی کارگێڕێ و دارایی، ئۆفیس و پەیڕەوی کاری خۆی دەبێت و سەرۆک پەسەندی دەکات.
- مادەی دوانزەیەم: بڕگەی سێیەم لە مادەی 16 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
شەش مانگ پێش کۆنگرە کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکار بە ئەندامێتی مەکتەبی رێکخستن، دەزگای هەڵبژاردنەکان، ناوەندی کاروباری یاسایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، رێژە و رێکار و میکانیزمەکانی پەیوەست بە کۆنگرە ئامادە دەکات و لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە پەسەند دەکرێت دوای رەزامەندیی سەرۆک.
پێشتر بەمشێوەیە بوو:
یەکەم: کۆمیسیۆنێک بەناوی کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە بەبڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێکدەهێندرێت.
دووەم: ژمارەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دیاریدەکرێت.
سێیەم: شەش مانگ پێش کۆنگرە، کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکار بەهاوکاری دەزگای هەڵبژاردنەکان و بانکی زانیاری و ناوەندی کاروباری یاسایی، رێژە و رێکار و میکانیزمەکانی پەیوەست بە کۆنگرە ئامادە دەکات و لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە پەسەند دەکرێت.
چوارەم: کۆنگرە بە ئامادەبوونی 2/3ـی ئەندامانی رەوایی بەستن وەردەگرێت.
پوختەی گۆرانکاری: رێژە و رێکار و میکانیزمەکانی پەیوەست بە کۆنگرە دوای رەزامەندیی سەرۆک لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە پەسند دەکرێت، لەکاتێکدا پێشتر ئەو ئەرکە لەلای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بوو.
- مادەی سێزدەیەم: لەدەستدانی ئەندامێتی
مادەی 13 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
سکاڵاکار مافی تانەلێدانی هەیە لەبەردەم ناوەندی کاروباری یاسایی دوای 48 کاژێر لەپێڕاگەیاندنییەوە، ناوەندی کاروباری یاسایی بڕیارەکانی یەکلاکەرەوە دەبێت و سەرۆک پەسندی دەکات.
پێشتر بەمشێوەیە بووە: سکاڵاکار مافی تانەلێدانی لەبەردەم ناوەندی کاروباری یاسایی هەیە و دوای پێدانی پاساوە یاساییەکان لەلایەن ناوەندی کاروباری یاساییەوە بڕیارەکە یەکلایی دەکرێتەوە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیارەکە پەسند دەکات و هاوسەرۆک واژۆی کۆتایی فەرمانەکە دەکات.
پوختەی گۆڕانکاری: دیاریکردن 48 کاژێر بۆ تانەلێدان لە بڕیاری سزادانی ئەندام، پەسندکردنی بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش لابراوە.
- مادەی چواردەیەم: پێکهاتەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی:
بڕگەی یەکەم سێیەم لە مادەی 22 هەمواردەکرێتەوە، بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێکدێت لە 121 ئەندام بەدەنگدانی ئازاد و نهێنی هەڵدەبژێردرێن، لەنێویاندا سێ هەڤاڵ بەهۆی پۆستەکانیانەوە بەدەنگدانی ئاشكرا دەبنە ئەندامی ئەنجوومەن تاوەکو کۆنگرەی داهاتوو.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: بڕگەی یەکەم: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێکدێت لە 121 هەڤاڵ، کە بەدەنگدانی راستەوخۆی ئازاد و نهێنی هەڵدەبژێردرێن و سێ هەڤاڵ کە بەهۆی پۆستەکانییانەوە تاوەکو کۆنگرەی داهاتوو بەدەنگدانی ئاشکرا دەبنە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە.
پوختەی گۆڕانکاری: لابردنی دەستەواژەی دەنگدانی راستەوخۆ
- مادەی پازدەیەم: ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
بڕگەی پێنجەم لە مادەی 25 هەمواردەکرێتەوە، بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
دەرکردنی فەرمانی کارگێڕی ئەندام مەکتەبەکان دوای دانانیان بەپێی ئۆرگانەکان.
پێشتر: دەرکردنی فەرمانی کارگێڕی ئەندامانی مەکتەبەکان دوای هەڵبژاردنیان.
پوختەی گۆڕانکاری: ئەندام مەکتەبەکان دادەنرێن، هەڵنابژێردرێن.
مادەی شازدەیەم: مادەی 27 هەڵدەوەشێتەوە و لە مادەی 62 رێکدەخرێتەوە
پێشتر بەمشێوەیە بوو: مادەی 27: لەکاتی بوونی بۆشایی (بەهۆی مردن یان وازهێنان یان هەر هۆکارێکی دیکە) لە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەپێی ریزبەندیی دەنگی بەدەستهاتوو لە بازنەکانیان شوێنەکانیان پڕ دەکرێنەوە.
- مادەی حەڤدەیەم: مەکتەبی سیاسی
بڕگەی حەوتەم لە مادەی 40 لادەبرێت و لە مادەی 41 هەموار دەکرێتەوە. بودجەی ساڵانە بۆ سەرۆک دەنێردرێت.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: ئامادەکردنی بودجەی ساڵانەی ئۆرگان و دامودەزگاکانی (ی.ن.ک) دوای پێشنیازکردن لەلایەن مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتییەوە و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەمەبەستی پەسندکردنی.
پوختەی گۆڕانکاری: بودجەی ساڵانە بۆ سەرۆک دەنێردرێت تاوەکو پەسندی بکات، نەوەک سەرکردایەتی.
- مادەی هەژدەیەم: کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی
چەند بڕگەیەک بۆ کۆتایی مادەی 41 زیاددەکرێت و بەپێی ریزبەندی رێکدەخرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
پێنجەم: گشتاندنی رێسا پەسندکراوەکان کە لەئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەردەچێت.
شەشەم: ئامادەکردنی بودجەی ساڵانەی ئۆرگان و دامودەزگاکانی (ی.ن.ک) دوای پێشنیازکردنی لەلایەن مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی و ناردنی بۆ سەرۆک بۆ پەسندکردنی.
حەوتەم: کۆبوونەوە و بەدواداچوون بۆ ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان.
هەشتەم: داڕشتنی سیاسەت بۆ حکومەت و ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان لەچوارچێوەی بەرنامەکانی (ی.ن.ک)دا.
- مادەی نۆزدەیەم: مەکتەبی رێکخستن
یەکەم: بڕگەی حەوتەم لە مادەی 43 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن دەتوانێت پێشنیازی یەکخستن یان کردنەوەی مەڵبەند نوێ یان لادان و ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەند بخاتە بەردەم مەکتەبی سیاسی و دواتر سەرۆک پەسندی دەکات.
دووەم: بڕگەیەک بۆ مادەی 43 زیاددەکرێت و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
بانکی زانیاری سەر بە مەکتەبی رێکخستن دەبێت و بەپێی میکانیزم و رێکارەکانی ئەو مەکتەبە رێکدەخرێتەوە.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: مەکتەبی رێکخستن دەتوانێت پێشنیازی یەکخستن یان کردنەوەی مەڵبەندی نوێ بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ پەسەندکردن.
پوختەی گۆڕانکاری: دەسەڵاتی مەکتەبی رێکخستن زیادکراوە لە پێشنیاری یەکخستن یان کردنەوەی مەڵبەندی نوێ بۆ کردنەوە، یەکخستن، لادان، ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەند، زیادکراوە، پێشتر پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکرد، ئێستا بۆ مەکتەبی سیاسیی دەبێت.
- مادەی بیست: مەکتەبی پەیوەندییەکان
بڕگەی یەکەم: لەمادەی 47 هەموار دەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
بەرپرسە لە دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە جیهانییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی بەمەبەستی لۆبیکردن و بەهێزکردنی پێگەی (ی.ن.ک) لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوەدا.
بڕگەی دووەم: لەمادەی 47 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
مەکتەبی پەیوەندییەکان لە دوو بۆرد پێکدێت:
1- بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکان.
2- بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
پێشتر بڕگەی یەکەم بەمشێوەیە بوو: بەرپرسە لە دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە جیهانییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی بەمەبەستی لۆبیکردن و بەهێزکردنی پێگەی (ی.ن.ک) لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە، دانانی نوێنەرانی (ی.ن.ک) لە دەرەوەی وڵات بە هەماهەنگی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوە و گرنگیدان بە باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکان و رێکخستنی پرۆتۆکۆلی (ی.ن.ک) لە کارە سەرەکییەکانی دەبێت.
بڕگەی دووەم پێشتر بەمشێوەیە بوو:
لە چوار بۆرد پێکدێت:
1- بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکان.
2- بۆردی پەیوەندییە عێراقییەکان.
3- بۆردی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان.
4- بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
پوختەی گۆڕانکاری: دەسەڵاتی دانانی نوێنەرانی (ی. ن. ک) لە دەرەوەی وڵات بە هەماهەنگی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوە و گرنگیدان بە باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرییەکان و رێکخستنی پرۆتۆکۆلی (ی. ن. ک) لە کارە سەرەکییەکانی دەبێت لە مەکتەبی پەیوەندییەکان وەرگیراوەتەوە.
جگە لەوەش مەکتەبی پەیوەندییەکان لە چوار بۆردەوە کراوەتە دوو بۆرد.
- مادەی بیست و یەک: مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی
یەکەم: بڕگەی یەکەم لەمادەی 54 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
أ- بۆردی داهات: کۆی داهات و پڕۆژەکانی (ی. ن. ک) دەگرێتەوە و لەلایەن ئەنجوومەنێکەوە بەڕێوەدەبرێت لەکەسانی پسپۆڕ و شارەزا، کە سەرۆک دایاندەنێت، پەیرەوێکی کاری دەبێت کە دەستەی کارگێڕ پەسەندی دەکات.
ب- بۆردی خەرجییەکان و کاروباری (ی.ن.ک): ئەندامێکی سەرکردایەتی لێپرسراوی دەبێت.
دووەم: بڕگەیەک بۆ کۆتایی مادەی 54 زیاددەکرێت و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
خەزنەیەکی ناوەندی دادەنرێت کە سەرجەم داهاتەکانی (ی.ن.ک)ی تێدا کۆدەکرێتەوە بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی (ی.ن.ک) تەمویلی بۆردی خەرجییەکانی پێدەکرێت.
پێشتر بەمشێوەیە بوو:
بڕگەی یەکەم: لە سێ بۆرد پێکدێت، بۆردی داهات، بۆردی خەرجییە گشتییەکان، بۆردی پڕۆژە ئابوورییەکان.
پوختەی گۆڕانکاری: دیاریکردنی رێکار و ئەرکەکانی بۆردی داهات و خەرجییەکانی یەکێتی و دانانی گەنجینەیەکی ناوەندی سەرجەم داهاتەکانی (ی. ن. ک) تێدا کۆدەکرێتەوە.
- مادەی بیست و دوو: ناوەندی کاروباری یاسایی
بڕگەی یەکەم لە مادەی 55 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
1- لە 5-7 ئەندام مەکتەب پێکدێت بەڕەچاوکردنی پسپۆڕی و شارەزایی، بەمەرجێک هەر ئەندامێکی لایەنیکەم 10 ساڵ خزمەتی پارێزەرایەتی کەمتری نەبێت و تایبەتمەندێتی ئۆرگانەکە لە دانانیان رەچاو دەکرێت.
2- بڕگەیەک زیاددەکرێت بۆ کۆتایی مادەی 55 بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
ناوەندی کاروباری یاسایی چەند دەستەیەکی دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و سکاڵا و تانەکان یان هەر بەشێکی دیکەی پەیوەندیدار.
3- بڕگەیەک بۆ کۆتایی بڕگەی سێیەم زیاددەکرێت لەمادەی 55 و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
هەر دەسەڵاتێکی دیکە کە لەم پەیڕەوەدا هاتبێت، یان پێیبدرێت.
پێشتر: بەمشێوەیە بوو:
یەکەم: لە 5 بۆ 7 ئەندامی مەکتەب پێکدێت، بە رەچاوکردنی پسپۆڕی و شارەزایی یاسایی، بەمەرجێک هەر ئەندامێکی لە 10 ساڵ کەمتر خزمەتی یاسایی نەبێت.
پوختەی گۆڕانکاری: زیادکردنی دەسەڵاتەکانی، زیادکردنی چەند دەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و سکاڵا و تانەکان.
- مادەی بیست و سێ: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و حوکمە کۆتاییەکان
مادەی 62 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆی هەیە 3 بۆ 4 کورسی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی زیادبکات بۆ کەسایەتی سیاسی یان پێگەیەکی سیاسیی کە سەرۆک کاندیدیان دەکات و دەستەی کارگێڕ پەسندی دەکات.
دووەم: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆی هەیە ژمارەیەک کورسی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی زیادبکات بۆ ئەو سەرکردە و پارتە سیاسییانەی لەناو ریزەکانی (ی.ن.ک) دا بەردەوامی بەکاری سیاسیی دەدەن، سەرۆک کاندیدیان دەکات و دەستەی کارگێڕ پەسەندیان دەکات.
سێیەم: لەکاتی چۆڵبوونی کورسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەهەر هۆیەک بێت، سەرۆک بۆی هەیە جێگەیان پڕبکاتەوە لەنێو سنووری هەمان بازنەدا و دەستەی کارگێڕیش پەسەندی دەکات.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەدەنگی 3/4ـی ئەندامانی بۆی هەیە ژمارەیەک کورسی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی زیادبکات، بۆ ئەو کەسایەتییە سەرکردە و پارتە سیاسییانەی دەیانەوێت لەناو ریزەکانی (ی.ن.ک)دا درێژە بە خەباتیان بدەن.
پوختەی گۆڕانکاری: رێکارەکانی زیادکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بە رەزامەندی سەرۆک دەبێت.
-مادەی بیست و چوار: بۆردی وەرزشی
مادەی 59 هەڵدەوەشێتەوە و لە مادەی 46دا رێکخدەخرێتەوە، بەمشێوەیە:
بۆردی وەرزشی سەر بە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان دەبێت و بەپێی میکانیزم و رێکارەکانی ئەو مەکتەبە رێکدەخرێتەوە.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: بۆردی وەرزشی لێپرسراوەکەی ئەندامێکی ئەنجوومەن دەبێت و لە دوو بەش پێکدێت" یانە و یەکێتییە وەرزشییەکان، تیپە میللییەکان"، لە 5 بۆ 7 ئەندامی مەکتەب پێکدێت.
پوختەی گۆڕانکاری: گۆڕینی رێکارەکانی بۆردەکە و لابردنی دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی.
- مادەی بیست و پێنج: بانکی زانیاری
مادەی 57 هەڵدەوەشێتەوە و بڕگەیەک بۆ مادەی 43 زیاددەکرێت بەمشێوەیە:
بانکی زانیاری سەر بە مەکتەبی رێکخستن دەبێت و بەپێی میکانیزم و رێکارەکانی ئەو مەکتەبە رێکدەخرێتەوە.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: ئەندامێکی سەرکردایەتی بەرپرسیاری دەبێت، سەر بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێت، داتای ئەندامان و کادیرانی (ی. ن. ک) لەسەر بنەمای زانیاری بانکی و بەگوێرەی میکانیزمێکی هاوچەرخ رێکدەخات.
پوختەی گۆڕانکاری: گۆڕینی رێککارەکانی تایبەت بە بانکی زانیاری.
- مادەی بیست و شەش: حوکمە کۆتاییەکان
مادەی 73 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
1- مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وەکو خۆی دەمێنێتەوە، هاوشێوەی مەکتەب مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
3- سەرجەم کارەکانی پێشووی دەکات و پەیڕەوی کاری خۆی دەبێت.
پێشتر بەمشێوەیە بوو: سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وەکو خۆی دەمێنێتەوە، هاوشێوەی هەر ئۆرگانێکی دیکەی (ی.ن.ک) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
پوختەی گۆڕانکاری: مەکتەبی سکرتارتیەتی مام جەلال وەکو مەکتەب مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، نەوەک ئۆرگانێکی یەکێتی.
- مادەی بیست و حەوت: مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیاری
بڕگەی یەکەم لە مادەی 49 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە دەخوێندرێتەوە:
أ- بۆردی ئەکادیمیای پێگەیاندنی کادیران
ب- بۆردی ئەرشیف و مێژوو
ج- بۆردی رووناکبیری
پێشتر بەمشێوەیە بوو: پێکدێت لە:
أ- بۆردی ئەکادیمیای کادیران
ب- بۆردی ئەرشیف و مێژوو
ج- بۆردی توێژینەوە و رووناکبیری
پوختەی گۆڕانکاری: تەنیا ناوی دوو لە بۆردەکان گۆڕاوە
- مادەی بیست و هەشت:
هەر بڕگە و مادەیەک لەم هەموارەدا ئاماژەی پێنەکرابوو وەکو خۆی دەمێنێتەوە و رێکخستنەوە بۆ بڕگە و مادەکان دەکرێت بۆ رێگرتن لە بەریەککەوتن لەنێو مادەکانی ئەم پەیڕەوەدا.
- مادەی بیست و نۆ:
ئەم هەموارانە لە رۆژی پەسندکردنیانەوە جێبەجێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ