رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر ناونیشانی کۆمەڵە کتێبی بزووتنەوەی بارزان لە هەولێر، سەرۆک مەسعود بارزانی گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن و گوتیشی، ناوچەکە تووشی قەیرانێکی قووڵ هاتووە. هاوکات ئەوەشی گوت کە "شەڕ خراپترین شتە، نابێ بیر لە شەڕ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیمبوونە، ئێمە تەسلیم نابین."
لە رێوڕەسمەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە 18-06-2022 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەچوو و، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانیش ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد: "شەڕ خراپترین شتە و بیری لێناکەینەوە، بەڵام هیچکات دەستبەرداری مافەکانمان نابین." ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر بەغدا جیدی بێت، دەکرێت کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن."
لەبارەی دۆخی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەوە، سەرۆک بارزانی روونیکردەوە، لە عێراق هەڵبژاردن کرا و نەیانهێشت ئەنجامەکە وەکو خۆی بەڕێوەبچێت، "ئێستا عێراق لە قەیراندایە و هەموو هەوڵێک دەدەین کە لێی دەربچێت، چونکە لە قازانجی هەرێمی کوردستانیشە."
سەرۆک بارزانی گوتیشی، "زۆر جار هەڕەشە دەبیستین و هەڕەشەمان لێ دەکەن بەوەی وادەکەین و وادەکەین، لەناوخۆشمان هەندێک دڵیانخۆشە بەوەی کە ئەم هەرێمە چەند رۆژێک تەمەنی ماوە و دەڕوخێت، ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروستبووە و، بە خوێنی رۆڵەی شەهیدانیش پارێزگاری لێ دەکرێت."
سەرۆک بارزانی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەڕێگەی دەستوور دەکاتەوە و دەڵێت، "پێویستە دەستوور حەکەم بێت لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام دەستوور وەلا بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن و ئەو مافەی کە دەستوور بە خەڵکی کوردستانی داوە لێ بستێننەوە، ئەمە قابیلی قبوڵ نییە."
دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا
سوپاسی بەهرام وەلەدبەگی و ئەنستویتی کورد لە تاران دەکەم بۆ چاپ و ئامادەکردنی کتێبەکان. ئەوە یەکەمجارە پڕۆژەیەکی ئەکادیمی و سەردەمیانە لەسەر خەبات و تێکۆشانی سێ سیمبولی مەزنی بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی بەیەکەوە و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی مێژوویی لە ئەرشیڤی عوسمانی و ئێراندا ئەنجامدەدرێت. کارێکی پیرۆز و گرانبەهایە و لە رۆژێکی مێژووییەدا، رۆژی 18-6-2022 رۆژی پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵەکانی لە رووباری ئاراس ئەو رێوڕەسمەی بۆ ئەنجام دەدرێت، جێگەی دەستخۆشی و سوپاسگوزاری بێپایانە بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی کە بەو ئەرکە پیرۆزە هەستاون.
بەداخەوە مێژووی خەباتی گەلەکەمان لەلایەن دوژمنانییەوە شێوێندراوە و هەمیشە ویستوویانە ئەو خەباتە پیرۆزە وا پێشانبدرێت کە خەباتی چەند عەشیرەت یان چەند لایەنێکە و هیچ پەیوەندی بە خەباتی نەتەوەییەوە نییەوە و تەنانەت هەندێکجار بە تاڵانچی و رێگر و بابەتی لەو شێوەیە وەسفکراون، بەڵام ئەو بەڵگانە هەمووی دەیسەلمێنن کە خەباتی نەتەوەکەمان خەباتێک بووە لە پێناو مافی رەوای نەتەوە و خەباتێکی رەوا بووە، ئومێدەوارم زانا و توێژەرانی کورد لەمەودوا خۆیان ماندوو بکەن و خۆیان بەدووی ئەو بەڵگانەدا بگەڕێن و خۆیان مێژووی نەتەوەکەیان بنووسنەوە.
رێبازی بارزان رێبازێکی پیرۆزە، بەداخەوە ئێمەش نەمانتوانیوە وەک پێویست ئەو رێبازە بناسێنین بە خەڵکی دیکە، لەسەر دەستی شێخ عەبدولسەلامی شەهید و شێخ ئەحمەدی برای، ئەم رێبازە دامەزراوە و لەسەر بنەمای خوداپەرستی و مرۆڤدۆستی رێبازێکیان بۆ دەستنیشانکردین کە هەتا ماوین شانازی پێوەدەکەین، ئەم رێبازەش بریتییە لەوەی کە دین ئەخلاقە، دین و نیشتمان لەیەک جیاناکرێنەوە، لە مرۆڤایەتیدا هەموومان برای یەکترین، تێکۆشان فەرزە لە دژی زۆرداران، پاراستنی ژینگە، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیانی ئاینی، فراوانکردنی خەبات لە سنووری عەشیرەتییەوە بۆ سنووری نەتەوەیی، خۆم هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم کە قوتابییەکی بچوکی ئەو قوتابخانە گەورەیەم.
رۆژهەڵاتناسی بریتانی، ویگرام لە سەرەتای سەدەی بیستەم هاتووەتە ناوچەکە و زۆرکەسی بینیوە و لەوانە چووەتە خزمەت شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە کتێبەکەیدا باسی زۆر بابەت کراوە، بەڵام ئەوەی زۆر جێی سەرنجە، ئەوەیە کە دەڵێ شێخ عەبدولسەلام داوای لێکردم ئاسانکاری بۆ بکەم بۆ ئەوەی سەردانی لەندەن بکات، دەڵێ کە لێمپرسی یا شێخ لە لەندەن چ ئیشت هەیە؟ گوتی دەمەوێ لەگەڵ مەلیک جۆرج باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەم.
شێخ عەبدولسەلام زۆر لەپێش زەمانی خۆی بوو، چ لە چاکسازییەکان کە ئەنجامیدا و چ لە بیروبۆچوونی سەبارەتی بە پرسی نەتەوەیی و ئاینی، تاوەکو گەیشتە ئەو رادەیە کە بیر لەوە بکاتەوە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی لەنێوان کورد و ئەرمەن و ئاشووری دابمەزرێنێت و لەپێناو ئەو ئامانجەش لەگەڵ ئەندرانیک پاشای ئەرمەنی و مار شەمعونی ئاشووری سەردانی رووسیای کرد.
ئێمە واماندەزانی لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیای ئێستا نوێنەری قەیسەریان بینیوە، بەڵام لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێ ساڵ لەمەوبەر کە هات بۆ هەولێر، بۆی راستکردمەوە و گوتی نەخێر، ئەوکات قەیسەر خۆی لەوێبووە و خۆی شێخ عەبدولسەلامی بینیوە و گوتی ئەوە لە ئەرشیڤی ئێمەدایە. لە گەڕانەوەیاندا هەندێک ناپاکی کورد خیانەتیانکرد و شێخ عەبدولسەلامیان رادەستی عوسمانییەکان کرد و لە ساڵی 1914 لە موسڵ لەسێدارەدرا و شەهیدبوو، ئەو پرۆژەیە سەرینەگرت لەبەرئەوەی جەنگی جیهانی یەکەم و شۆرشی ئۆکتۆبەر و نەفی عامی ئەرمەنییەکانی بەسەرداهات و ئیتر دۆخەکە هەمووی گۆڕا، بەڵام شێخ ئەحمەدی برای جێگەی گرتەوە و نەیهێشت هیچ کەلێنێک دروستببێت و ئەوەی توانی ئەنجامیدا. ئەو باشترین پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی کوردستان هەبووە، لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموودی حەفید و زۆرێک لە سەرکردەکانی دیکە.
شێخ ئەحمەد بارزانی زاهیدێک بوو لەم دنیایەدا. ئەوانەی بە خزمەتی گەیشتبوون دەزانن چەند گەورە بوو، تاوەکو ئەوکاتەی وەفاتیکرد دەستی لە پارە نەدا. 12 ساڵ قەید و زنجیر لە دەست و پێ لە زیندانەکانی بەغدا و بەسرا، نووری سەعید و بەریتانییەکان چەندین جار داوایانلێکرد نامەیەک بنووسێت و داوای لێخۆشبوون بکات، فەرمووی: من داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەم، هیچم نەکردووە تاوەکو داوای لێخۆشبوونتان لێبکەم، لە زیندان مایەوە تاوەکو شۆڕشی 14 تەمووز و لە 20ی تەمووزی 1958 لە زیندان هاتەدەرەوە. من منداڵ بووم، لەبیرمە ئەوکات کە چووین بۆ پێشوازیکردنی.
مەلا مستەفا پێشمەرگەی ئەو رێبازەیە و قوتابی ئەوانە، ئەویش هەموو ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خزمەتی نەتەوەکەی و هەر ئەو رێیەی کە لە ئاراس پەڕینەوە، 53 رۆژ بەڕێگەوە چەند جار تووشی شەڕ بوون، ئەمە بۆخۆی قارەمانێتییەکی بێوێنەیە بۆخۆی و هەڤاڵەکانی کە ئێستا شەش کەسیان ماون. شیعری پیرەمێرد زۆر بەرزە کە وەسفی داستانی پەڕینەوە لە ئاراس دەکات، بەڵام نازانم حافزی شیرازی چ پەیوەندییەکی هەبووە بە رووباری ئاراسەوە کە دەڵێت:
ای صبا گر بُگذری بر ساحلِ رودِ اَرَس
بوسه زن بر خاکِ آن وادی و مُشکین کُن نَفَس
بارزان لە ساڵی 1892 بۆ یەکەمجار لەسەردەستی سوپای عوسمانی سوتێنراوە و تاوەکو رووخانی رژێمی بەعس 16 جار بارزان و ناوچەی بارزان وێرانکراوە و سووتێنراوە، چ بەدەستی سوپای ئەو دەوڵەتانە و چ بە دەستی جاش و نۆکەرانی ئەوان، بەڵام هەمووجار تەحەداکراوە و ئاوەدانکراوەتەوە، هەموو جارێ لە جاری پێشوو باشتر. ئەو خۆڕاگرییە بەهۆی چەکەوە نەبوو، چونکە هەموو ئەوەی لەبەردەستبوو چەکی کۆن و بێ ئیمکانیات بوو، بەڵام چەکێکی زۆر بەهێز هەبوو کە ئەویش ئەو بیروباوەڕ و عەقیدەیە بوو کە شەڕی پێ کرا.
لە ساڵی 1931 بە ناحەق دوو فەوج لە سوپای عێراقی و بەریتانی پەلاماری بارزانیاندا و داوایان کرد جەنابی شێخ خۆی رادەستبکات، بەڵام رەتیکردەوە و شەڕەکە کرا. هەردوو سوپاکە شکان، دوای ئەوە هێزی ئاسمانی بەریتانیا کەوتە بۆردوومانکردنی گوندەکان و لە هەموان وردتر و زیاتر گوندی بارزان. بۆ یەکەمجاربوو کە بۆمبای تەوقیت فڕێبدرێت، دوو سێ بۆمبایان لە گوندی بارزان دا، خەڵکەکە زۆریان نەیاندەزانی فڕۆکە چییە تاوەکو بزانن بۆمبای تەوقیت چییە، ژن و منداڵێکی زۆر لە دەوری بۆمباکان کۆبوونەوە و لەپڕ تەقییەوە و جیلێکی منداڵ لەناوبرد، نمونەیەکی دیکە لەسەر ئەو تەربیەتەی بارزانییەکان لەسەر دەستی ئەو مەزنانە لەسەری پەروەردەکران، شەڕەکە تاوەکو ساڵی 1932 بەردەوامبوو و ناچاربوون بڕۆن بۆ تورکیا، شوانێکیان لە نزیک گوندی بارزان گرت و بردیان بۆلای هەردوو پلەدارەکەی عێراق و بەریتانیا، لێیان پرسی شێخ لە کوێیە؟ گوتی پێتان ناڵێم. گوتیان دەزانی لە کوێیە؟ گوتی دەزانم. باشە چۆن پێمان ناڵێی؟ گوتی ئەوە خیانەتە و من خیانەت ناکەم و پێتان ناڵێم. گوتیان بڵی بۆ ئەوەی ئیزنت بدەین. گوتی وەڵاهی من درۆ ناکەم، دەزانم بەڵام پێتان ناڵێم لە کوێیە. گوتیان مادام ئەوەندە پیاوی، بڕۆ و خوات لەگەڵبێ.
زۆرجار دەگوترێ ئەرێ بۆ بارزانییەکان جەمەدانی سوور دەبەستن؟ لە ساڵی 1931 – 1932 دوای ئەوەی بارزانییەکان کۆچیانکرد بۆ تورکیا، ئەوەی وڵاخی هەبوو توانی بڕوات و ئەوەی نەیبوو لە ناوچەکە مایەوە. ئەوکات لە هەموو کوردستان مشکی هەبوو کە سێ رەنگ بوو، خەمری و سەوز و رەش، لە بارزانیش مشکی هەبوو. لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان بەپێی سەلیقەی خۆیان هەرکەسە و حەزی لە چ رەنگێک بوایە دەیبەست، دواتر جەمەدانی هاتە بازاڕ، شێخ ئەحمەد بارزانی جەمەدانی سووری بەست، لە خۆشەویستی ئەو، هەموو موریدەکانی جەمەدانی سووریان بەست. یەکێک لە مەوادی ئەحکامی عورفی کە ئەوکات راگەیێندرا، جەمەدانی سوور قەدەخەکرا و هەرکەسێک بیبەستابا، تا ئاستی لەسێدارەدان سزادەدرا، رۆژێک مەفرەزەیەکی پۆلیس لە نزیک گوندی بارزان مێردمنداڵێک دەبینن جەمەدانی سووری بەستووە و دەیگرن و بەو جەمەدانییەکەی دەیخنکێنن و تەرمەکەشی رادەکێشن بۆ گوندی بلێ کە ناوەندی قایمقامییەتی حکومەت بوو. دوای ئەو رووداوە هەموو ژن و منداڵی ئەو ناوچەیە پەلاماری بنکەی حکومەت دەدەن و تەقە لە خەڵک کرا و زۆریان لێ برینداربوو، رۆژی دواتر 12 پیاوماقوڵی ناوچەی بارزانیان هێنا و لەبەرچاوی هەموو خەڵک لەسێدارەیاندان. ئیتر لەو سەردەمەوە جەمەدانی سوور بوو بە رەمزی تەحەدا و ئەوەی کە جەمەدانەی سووری نەبەستبا واتا خۆی داوەتەدەست زۆرداریی دوژمنەوە.
ئێمە شانازی بەو مێژووەوە دەکەین و شانازی بەوە دەکەین کە قەت رێگە نەدرا خەباتی رەوا و ناکۆکیمان لەگەڵ رژێمەکان ببێتە ناکۆکی نێوان نەتەوەکان، ئەوە کارێکی زۆر گەورە و پیرۆزە و دەبێ لەسەری بەردەوامبین. بەڵگەنامەکانی ناو ئەو زنجیرە کتێبە لەسەرزاری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە خراوەتەڕوو، دەریدەخات کە بزاڤ و شۆڕشەکانی بارزان بزاڤی بەرخۆدان و رەتکردنەوەی زوڵم و برەودان بە یەکسانی و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیانی پێکهاتەکان بووە، نەک بزاڤێکی عەشایەری و ناوچەگەری. بە درێژایی مێژوو ستەمێکی زۆر لە نەتەوەکەمان کراوە، خۆشمان زۆرمان ستەم لەخۆمان کردووە. ئێمە تووشی چەندین بێوەعدی و بێوەفایی بووین لە بەرامبەر خۆمان، خۆشباوەڕ بووین و بە دوو قسەی خۆش باوەڕمان بە هەموو شتێک کردووە، بەداخەوە! ئەوەی ئێستە دەیزانین، خۆزگە پێشتر دەمانزانی، خۆزگە پێش 2003 دەمانزانی. بەداخەوە فەرهەنگی یەکتر قبوڵنەکردن، کورد بەکەمزانین، باوەڕنەبوون بە مافەکانی، تاوەکو ئێستاش زاڵە. دۆخی ئێستاش وەک دەیبینن، ناوچەکە هەمووی تووشی قەیرانێکی گەورە هاتووە و لە زۆر شوێن هێشتا شەڕ و پێکدادانە، تیرۆر هێشتا مەترسییەکی زۆر جیددییە و ئەوانەی کە پێیانوابوو تیرۆر تەواوبووە، من ئەوکاتیش دەمزانی تیرۆر تەواو نەبووە و ئێستاش دەزانم تەواو نەبووە و بە ئاسانیش تەواو نابێت.
لە ئۆکتۆبەری رابردوو لە عێراق هەڵبژاردن کرا، بەداخەوە نەیانهێشت ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە وەکو خۆی بەڕێوەبچێت. هەموو دەزانن چۆن بووە و چی کراوە. ئێستاش عێراق لە قەیرانێکدایە، ئەوەی پێمانبکرێ ئێمە هەوڵدەدەین یارمەتی برادەرانی خۆمان بدەین کە لەو قەیرانە دەربچین، لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی هەرێمیشدایە، بەڵام لێتانی ناشارمەوە کە قەیرانەکە قووڵە.
سەبارەت بە هەرێم و بەغدا، ئێمە وامانزانی دوای پەسندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، ئیتر ئەوە رێنیشاندەرە بۆ هەموومان و ماف و ئەرکی هەموو لایەک پێشاندەدات و ئەگەر پێوەی پابەند ببن، گرفتەکان هەموو چارەسەردەکرێن، ئەوکاتیش من گوتم ئەو دەستوورە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام دەستوورێکی زۆر زۆر باشە و ئەگەر لەگەڵ دەوروبەری خۆشمان بەراوردی بکەین، دەستوورێکی زۆر رێکوپێکە. بەداخەوە نە پێوەی پابەندبوون و نە رێزیشی لێگیرا. ئێستاش ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام ئەگەر بەغدا جیددیی بێت و ئیرادە و نیەتی رێککەوتن هەبێت، با دەستوور دادوەربێت لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی هەموو گرفتەکان چارەسەربکرێت، بەڵام دەستوور بەلاوەبنێن و بە میزاج بڕیاری نایاسایی بدەن و ئەو مافەی دەستوور بە خەڵکی کوردستانی داوە لێی بستێننەوە، ئەوەی جێگەی قبوڵکردن نییە.
جاریکی دیکەش جەختدەکەمەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو گرفتانەی کە هەن بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەربکرێن، ئەگەر هەندێک کەس هەبن بیر لەوە بکەنەوە کە بە زۆری و چەک و بە هەڕەشە... خەڵکی لەوان بەهێزتر و بە ئیمکانیاتتر خۆیان تاقیکردەوە، ئەوە 100 ساڵە چیان دەستکەوتووە جگە لە وێرانی و ماڵوێرانی؟ لەمەودواش لەوە باشترنابێت. شەڕ خراپترین شتە و نابێ بیری لێ بکرێتەوە، بەڵام لە شەر خراپتر تەسلیمبوونە، ئێمە تەسلیم نابین.
زۆرجار هەڕەشە دەبیستین، هەڕەشەمان لێدەکەن بەوەی کە وادەکەین و وا ناکەین، لەناوخۆشمان هەندێکیان دڵیان بەوە خۆشە کە چەند رۆژێک تەمەنی ئەو هەرێمە ماوە و دەڕوا. ئەو هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروستبووە و بە خوێنی رۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێت.
لە کۆتاییدا من زۆر پشتییوانی ئەو پێشنیازە دەکەم کە ناوەندێک دروستبکرێت بۆ ئەرشیڤ و بەڵگەنامەی نیشتمانی و ئەوە حکومەتی هەرێم دەبێ گرنگییەکی زۆری پێبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ