رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمێک بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە ناوەندی شاری ئاگری لە باکووری کوردستان بە بەشداریی سەدان کەس بەڕێوەچوو.
لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا لە ئاگریی باکووری کوردستان ژنان و گەنجان بە جلوبەرگی رەسەنی خۆیان رازاندەوە و دیمەنێکی جوانیان بە رێوڕەسمەکە بەخشی.
موعەزەز ئۆرهان، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاردانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (DBP) و سری ساکک، پەرلەمانتاری ئاگری لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM Parti) بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا کرد.
سری ساکک لە گوتەیەکدا باسی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد، کە لە 27ی شوبات خوێندرایەوە. دواتریش ئاگری نەورۆز کرایەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو، ساکک گوتی، "[جەژنی] نەورۆز جارێکی دیکە لە کورد و دۆستانی کورد و ئەوانەی باوەڕیان بە نەورۆزە، پیرۆز بێت."
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، ساکک باسی لەوە کرد، "گەلەکەمان بەهۆی ئەم هەوڵانەی ئاشتییەوە زۆر دڵخۆشە، بەڵام هەندێک نیگەرانیشی هەیە. باوەڕم وایە دوای نەورۆز هەندێک شت زیاتر روون دەبنەوە."
وێنە: موراد بوڵوت / رووداو