هەولێر دیجیتاڵ
شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی زبڵ لە زبڵخانەی کانی قرژاڵەی هەولێر دەڵێت، لە زبڵخانەکە منداڵی تەمەن 4 ساڵی تاوەکو 10 ساڵان کار دەکەن.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە چارەسەری دیاردەکە پێی باشە "شوێنەکە پۆلیسی بۆ دابنرێت یان شوورەیەکی بۆ دروست بکرێت."
ئەمڕۆ (سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025) ئەندازیار ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەوەی ئەو زبڵخانەیە شوورەی نییە؛ هەموو کەسێک دەتوانێت تێکەڵی خۆڵ و خاشاکی ئەوێ ببێت، بەڵام ئێمە لە شوێنی هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێل رێگە نادەین هیچ کەسێک بێتە ژوورەوە."
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا؛ چەندین جار نووسراویان بۆ ئەو مەبەستە کردووە، بەڵام دەڵێت، "راشکاوانە دەڵێم؛ نەمانتوانیوە ئەو منداڵانە لەوێ بهێڵین. چەند پۆلیس بنێرین؟ بۆ ماوەی چەند پۆلیس لەوێ بمێننەوە؟ بۆیە تۆزێک زەحمەتە."
سووتاندنی زبڵ لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە کێشەیەکی دیکەیە؛ هاونیشتمانییانی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە کە چەندین جار گلەیی و گازەندەیان گەیاندووەتە کەناڵەکانی راگەیاندن و بەرپرسانی حکومی (بەتایبەت لە وەرزی هاویندا)، دەڵێن "ناتوانین موبەریدە پێبکەین، بۆنی شوێنەکە رادەکێشێت."
شۆفێرێکی لۆریی زبڵ لە زبڵخانەی کانی قرژاڵەی هەولێر بە رووداوی گوت، "زبڵخانەکە منداڵی 4 ساڵی تاوەکو 10 ساڵانی تێدایە، لەوێ کار دەکەن. ترسمان هەیە بە ژێر زبڵ بکەون، بەهۆیانەوە ناتوانین ئیشەکانمان بکەین. ئەو منداڵانە شت کۆدەکەنەوە، شت دەدۆزنەوە. واتا بۆ پارە پەیداکردن بەکاردەهێنرێن."
بەگوتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، بەم زووانە کارگەی ریسایکلین لە هەولێر دادەنرێت. دەشڵێت، "کە کارگەی ریسایکلینەکە دروست کرا، بێگومان کارگەکە شوورەی هەیە و زبڵ بۆ ئەو کارگەیە دەچێت، هیچ شتێک لەوێ نامێنێت."
ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەبارەی چارەسەریی ئەو خەڵکەی بەگشتی روو لەو زبڵخانەیە دەکەن؛ دەکرێ بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە رێگەی قایمقامی هەولێرەوە پۆلیس بنێرنە شوێنەکە و نەهێڵن خەڵک لێی نزیک ببێتەوە."
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان چارەسەرێکی دیکەیشی خستەڕوو و دەڵێت، "وەزارەتی شارەوانی، دەتوانێت دیوارێکی بەرز بە دەوری زبڵخانەکە دروست بکات و لەو رێگەیەوە نەهێڵێت خەڵک رووی تێبکەن."
دكتۆر شێروان محەممەد، مامۆستای زانكۆی پزیشکیی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەو زبڵخانە مۆڵگەی نەخۆشییەكانە، پێویستە ئەوانەی لەو زبڵخانەیە کار دەکەن، كەرەستەكانی خۆپارێزی بەکاربهێنن."
ئەو دکتۆرە بۆ خۆپارێزی کرێکارەکان، رەچاوکردنی ئەو چەند خاڵە بە پێویست دەزانێت:
- پاش دەستدان لە زبڵ و خاشاک، پێویستە دەست بە ئاو و سابوون بشۆردرێت.
- کە دەست بەر زبڵ کەوت، نابێ دەست بە دەم، چاو، لووت، برینە تەڕەكان و رووخسار بکەوێت.
- کە دەستی مرۆڤ بەر زبڵ و پیسی کەوت، نابێ دەست لە خواردن و خواردنەوە بدات تاوەكو دەستەكانی دەشوات.
- کەسێک دەستی بەر زبڵ بکەوێت، نابێ بچێتە توالێت تاوەکو دەستی دەشوات.
- لە نزیک زبڵ و خاشاک و بە جلی ئیشكردنەوە، نابێ خواردن و خواردنەوە، بخورێ و بخورێتەوە.
- پێویستە برینی تەڕی جەستە زۆر بەباشی دابپۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ