گالەری

17-12-2021
13 Photos
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 17-12-2021 بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروستبوو کە بەهۆیەوە، بەپێی ئامارەکانی قایمقامی هەولێر کە بە رووداوی داوە، تاوەکو ئێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی دوایین ئاماری زیانە گیانییەکانی لافاوەکەی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە، نەبەز عەبدولحەمید لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی کاژێر 13:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو ئاماژە بەوە دا، قوربانییەکان کەسانی بیانیشیان تێدایە کە یەکێکیان خەڵکی تورکیا و کەسێکی دیکەش خەڵکی فیلیپینە.
 
بەپێی ئاماری کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو شەپۆلەوە لە تێکڕای سنووری پارێزگای هەولێر 73 مللیمەتر باران باریوە، لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكەی 60 مللیمەتر باران باریوە. لە باكووری هەولێر لە پیرمام بۆ خوارەوە نزیكەی 83 مللیمەتر و لە بەشی خوارووی هەولێر لە ناوچەی شەمامك تاوەكو دەشتی هەولێر نزیكەی 77 مللیمەتر باران باریوە.
 
لەبارەی بەردەوامیی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەشناسیی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە قۆناخی سەرەتای شەپۆلی بارانبارینداین، رۆژی دووشەممە قۆناخی دووەمی شەپۆلەكە دەستپێدەكاتەوە و تا پێنجشەممە بەردەوام دەبێت."
 
ئەوە دووەمجارە لافاو لە شاری هەولێر زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، ساڵی 2018ش بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، منداڵێک لە گەڕەکی نەورۆزی شاری هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی  و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، كە سەرەڕای زیانە گیانی و ماددییەکانی بە داخەوە، شەپۆلی باران بارینەكە، لە رووی كشتوكاڵییەوە سوودێكی باشی لێوەردەگیرێت بەتایبەتی زاراوەی پەڵەدان كە لە زانستی كشتوكاڵییەوە بەكاریدەهێنن لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆڵە و تەواوبوونی قۆناخی دووەمیش پەڵی دەدات. بەگوێرەی ئەم رێژەی بارانبارینە زەوی تاوەکو ئاستێكی باش ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی وەرزی چاندن دەستپێبكات.
 
جگە لە گەڕەکەکانی هەولێر، لە قوشتەپەش لافاو دروستبووە و زیانی دارایی زۆری خستووەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە ناحیەکە 200 ئۆتۆمبێل، 100 ماڵ و 60 دووکان زیانیان بەرکەوتووە.