رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە حەمرین – خوورماتوو دەڵێت، لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاونیشتمانیانەی لە دەرەوەی شارەکە دەژین، دروستکردووە و هەوڵدەدەن هەموویان بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە.
قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەستیپێکردووە و بڕیارە 20 و 21ـی مانگ قەدەخەی هاتووچۆ بێت و سەرژمێری گشتیی بکرێت، بۆ ئەوەش داوا دەکرێت، ئەو کوردانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە حەمرین – خوورماتوو ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "نزیکەی 21 هەزار کوردی خورماتوو، ئێستا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین و گرنگە بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە شارەکەیان."
بەشێکی کوردانی خورماتوو دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئاوارەی سنووری ئیدارەی گەرمیان بوون. بەشێکیشیان چوونە سلێمانی و هەولێر و تاوەکو ئەمڕۆ زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە قەزاکەیان.
مەلا حەسەن دەڵێت "بە هاوبەشی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان، ژووری ئۆپەراسیۆنمان پێکهێناوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاونیشتمانیانەی دەگەڕێنەوە خورماتوو. هەروەها ئێمە لە مەڵبەند سەنتەرێکی پەیوەندیمان دروستکردووە و پەیوەندیمان بەو هاونیشتمانیانەوە کردووە کە لە دەرەوەی شارەکەیانن و داوامان کردووە بگەڕێنەوە."
خورماتوو لە رووی کارگێڕییەوە خراوەتە سەر پارێزگای تکریت. جێگری بەرپرسی یەکێتی لە مەڵبەندی خوورماتوو دەڵێت، "نزیکەی 300 خێزانی سنووری تکریت لەم شارە نیشتەجێبوون و لە سەرژمێریدا بە دانیشتووی ئێرە هەژمار دەکرێن، ئەوەش کێشە بۆ هەبوونی کورد لە قەزاکە دروست دەکات."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە سنووری کەرکووک و شنگال زیاتر لە 355 هەزار هاونیشتمانی لە دەرەوەی شارەکانیان دەژین و ئەگەر بیانەوێت وەکو کەرکووکی و شنگالی تۆمار بکرێن، دەبێت بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە شارەکانیان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، ئەو کوردانەی ناوچەکانی باشووری کوردستان کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و نایانەوێت بگەڕێنەوە، لەو شوێنە تۆمار دەکرێن کە ئێستا تێیدا نیشتەجێن، بەڵام ئاماژە بە شوێنی لەدایکبوونیان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ